عێراق

به‌رپرسی دامه‌زراوه‌ی ئه‌عماقی داعش ده‌ستگیركرا

ئه‌مڕۆ هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ نزیك شاری موسڵ به‌رپرسی دامه‌زراوه‌ی میدیایی ئه‌عماق سه‌ر به‌ رێكخراوی تیریریستی داعش-یان ده‌ستگیركرد.

عه‌بدولعه‌زیز مه‌عازدی، ئه‌فسه‌رێكی پله‌داری ده‌زگای هه‌واڵگریی له‌ سوپای عێراق به‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵی راگه‌یاند؛ هێزه‌كانیان توانیویانه‌ عوسمان خالید ئه‌مین، به‌رپرسی ده‌زگای میدیایی ئه‌عماق ده‌ستگیربكه‌ن له‌ باكوری شاری موسڵ.

ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی سوپای عێراق له‌ گوندی (اللك) ئه‌نجامدراوه‌ بۆ ده‌ستگیركردنی عوسمان خالید و 6 ئه‌ندامی تری ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌ له‌و ناوچه‌یه‌.

دامه‌زراوه‌ی ئه‌عماق باڵی میدیایی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام (داعش)بوو، ساڵی 2014 دامه‌زرا و چه‌ندین گرته‌ڤیدیۆیی كاره‌ تیرۆریستیه‌كانی چه‌كدارانی داعشی بڵاوده‌كرده‌وه‌، سه‌رباری بڵاوكردنه‌وه‌ی رێنمایی و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستان له‌جیهان و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر كۆنرۆڵیاندابوون.

ئه‌م ده‌زگا تیرۆریستیه‌ چه‌ندین گرته‌ی ڤیدیۆیی تیرۆركردن و شه‌هیدكردنی پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان و هێرش بۆسه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ی بڵاوكردبونه‌وه‌.

ئامانجی دامه‌زراوه‌ی ئه‌عماق بۆ چاندنی ترس و تۆقاندن بوو له‌دڵی خه‌ڵكدا و به‌رده‌وام گرته‌ڤیدیۆییه‌كانیان هه‌ڵگری په‌یامی به‌رپرس و موفتیه‌كانی تیرۆریستانی داعش بوو، هه‌روه‌ها له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كاندا خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ناچار ده‌كرد بینه‌ری ڤیدیۆكانیان بن، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری ئاست به‌رز به‌رهه‌مده‌هێنران.

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد؛ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆریسته‌كان ته‌واوكراوه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ ماوه‌ خۆیان و ئیفاده‌كانیان بنێردرێن بۆ به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی عێراق، بۆئه‌وه‌ی به‌ سزای یاسایی خۆیانیان بگه‌یه‌نن.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە4224