دادگایەكی بەغداد سزای سێ ساڵ زیندانیكردنی بەسەر پارێزگاری پێشووی نەینەوادا سەپاند
بە تاوانی گەندەڵی دارایی دادگایەكی بەغدا سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشوی نەینەوادا سەپاند، نوجێفی بڕیارەكەی دادگا بە حوكمێكی تائیفی ناودەبات.
دادگای كەتنی رەسافە لە بەغدا، بە پشتبەستن بەمادەی 329 ی یاسای سزادانی عێراقی، بەبێ ئامادەبونی خۆی، سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر ئەسیل نوجێفی پارێزگای پێشووی نەینەوا سەپاند.
ئەو دادگایەی كە بڕیارەكەی بۆ نوجێفی دەركرد، دادگایەكی تایبەتمەندە بە دۆسیەی دەستپاكی و سپیكردنەوەی پارەو تاوانە ئابورییەكان، هەر بەپێی ئەو بڕیارەكەی كە دادگا دەریكردوە، گەشتكردن لە ئەسیل نوجێفی قەدەغەكراوە و دەستیش دەگیرێت بەسەر سامان و موڵك و ماڵگە گوازراوە و نەگوازراوەكانیدا.
لە یەكەم كاردانەوەدا، ئەسیل نوجێفی رایگەیاند، دادگا لەسەر بنەمای تائیفی ئەو بڕیارەی داوە و دوورە لە هەر بنەمایەكی یاساییەوە.
خوێندراوەتەوە714