بۆچونی نوری مالیکی لهبارهی دژی دواخستنی هەڵبژاردنەکانەوه
جێگری سەرکۆماری عێراق، لە بەیاننامەیەکدا دواخستنی هەڵبژاردنەکانی رەتکردەوە و هەر هەوڵێکی بۆ دواخستنی بە نایاسایی چواندووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو هەنگاوە نوێنەرایەتی خواستی گەلی عێراق ناکات.
نوری مالیکی جێگری سەرکۆماری عێراق، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان رێگە لەبەردەم عێراقییەکان دەکاتەوە بۆ دیاریکردنی ئەوانەی نوێنەرایەتییان دەکەن لەپێناو بنیاتنان و سەقامگیری.
هاوکات جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هومام حەمودی کە هاوکات یەکێکە لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراق، دواخستنی هەڵبژاردنەکانی رەتکردەوە.
حەمودی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "دواخستنی هەڵبژاردنەکان وڵات دەخاتە نێو بۆشایی دەستووری و هەموو ئەوانە لە دەست دەدات کە بەدەستهاتوون" و هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی بە "یاریکردن بە دەستوور و خیانەتکردن لە گەڵ" چواندووە.
پێشتریش باڵێۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشداری دابوو لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەکان لە عێراق.
هێزە سوننەکان لە عێراق هەوڵ دەدەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان بۆ دوای گەڕانەوەی نزیکەی دوو ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئاوارە بۆ ناوچەکانیان لە باکوور و رۆژئاوای عێراق کە زۆربەی عەرەبی سوننەن.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژە بڕیارە بدات کە لە لایەن ١٤٤ پەرلەمانتار (لە کۆی ٣٢٨ پەرلەمانتار) کە لەنێویاندا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەلیم جبوری هەیە بۆ دواخستنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان.
ئەوە لە کاتێکدایە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رۆژی سێشەممەی رابردوو لەمیانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا رایگەیاند کە ھەڵبژاردنەکان دواناخرێت و لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.
خوێندراوەتەوە574