عێراق

هاوپه‌یمانیی‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان داوای‌ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات

په‌رله‌مانتارانی‌ شیعه‌: دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن پێشێلكردنی‌ ده‌ستووره‌‌

گه‌وره‌ترین پێكهاته‌ی‌ سوننه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، داوای‌ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات بۆ ماوه‌ی‌ ساڵێك، به‌ڵام به‌شێك له‌ لایه‌ن ‌و سه‌ركرده‌كانی‌ شیعه‌، دواخستنی‌ پرۆسه‌كه‌ به‌پێشێلكردنی‌ ده‌ستور له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراقیش جه‌خت له‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كاته‌وه‌ له‌ واده‌ی‌ خۆیدا، كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنیش داوا ده‌كات، یاسای‌ هه‌ڵبژاردن به‌زوویی‌ په‌سه‌ند بكرێت.

بۆ یه‌كه‌مجار ‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشكرا، هاوپه‌یمانیی‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان داوا ده‌كات، پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دوابخرێت، كه‌ بڕیاره‌ مانگی‌ ئایاری‌ داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت.

یه‌كێتیی‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ داوه‌، زۆربه‌ی‌ ناوچه‌ سوننییه‌كان نا ئارامن ‌و هێشتا زۆربه‌ی‌ ئاواره‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێنه‌كانی‌ خۆیان ‌و دۆخی‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كانی‌ ژێر ده‌ستی‌ داعش جێگیر نییه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن بۆ ساڵی‌ داهاتوو دوابخرێت، یان له‌ ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌كان هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت.

سه‌ركرده‌ سوننه‌كان نامه‌یه‌كیان به‌مه‌به‌ستی‌ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن ئاراسته‌ی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادیی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كردوه‌ ‌و داوایان لێكردوه‌، دۆخی‌ ناوچه‌ سوننییه‌كان ئاسایی‌ بكرێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ پرۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.

به‌گوێره‌ی‌ سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان، سوننه‌كان هه‌موو هه‌وڵێكیان خستۆته‌ گه‌ڕ بۆ دواخستنی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوایه‌كیان به‌ واژۆی‌ 144 په‌رله‌مانتار كۆكردۆته‌وه‌ ‌و بڕیاره‌ رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م سه‌رۆكایه‌تیی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، كه‌ بڕیاره‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌كلایی‌ بكرێته‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌كانی‌ پێكهاته‌ی‌ سوننه‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌شێك له‌ لایه‌ن ‌و سه‌ركرده‌ شیعه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن پێچه‌وانه‌ی‌ ده‌ستوره‌ ‌و زیان به‌پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ ده‌گه‌یه‌نێت.

فادی‌ شممه‌ری‌ سه‌ركرده‌ له‌ ره‌وتی‌ حیكمه‌ی‌ عه‌ممار حه‌كیم رایگه‌یاندوه‌، داواكردنی‌ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن جێگه‌ی‌ سه‌رسوڕمانه‌ ‌و پێشێلكردنێكی‌ ئاشكرای‌ ده‌ستووره‌.

وتوشیه‌تی‌: هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێشنیاری‌ سوننه‌كان شكست پێبهێنن ‌و پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت.

فالح خه‌زعه‌لی‌ په‌رله‌مانتاری‌ سه‌ر به‌كوتله‌ی‌ به‌در وتویه‌تی‌: ئه‌وانه‌ی‌ داوای‌ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن، شكستیان هێناوه‌ ‌و له‌ تۆڵه‌ی‌ گه‌ل ده‌ترسن.

حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ دوایین وتاری‌ هه‌فتانه‌ی‌ خۆیدا جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ به‌دواخستنی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ناده‌ن ‌و پێویسته‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌موو رێوشوێنه‌كانی‌ بگرێته‌ به‌ر بۆ سه‌رخستنی‌ پرۆسه‌كه‌.

هه‌تا ئێستا پرۆژه‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌كراوه‌ ‌و بڕیاره‌ رۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌ پرۆژه‌یاساكه‌ یه‌كلایی‌ بكرێته‌وه‌، به‌ڵام پێشبینی‌ ده‌كرێت به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ له‌سه‌ر واده‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، نه‌توانرێت په‌سه‌ند بكرێت.

كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق رایگه‌یاندوه‌، رێوشوێنه‌كانیان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن به‌رده‌وامه‌ ‌و هه‌تا ئێستا 27 هاوپه‌یمانێتیی‌ كه‌ 143 پارت ‌و هێزی‌ سیاسی‌ له‌خۆ ده‌گرن، ناویان تۆماركراوه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، داواشی‌ له‌ لایه‌نه‌كان كردوه‌، ناوی‌ كاندیده‌كانیان پێشكه‌ش به‌كۆمسیۆن بكه‌ن.

به‌گوێره‌ی‌ ئاماره‌كانی‌ كۆمسیۆن، له‌ كۆی‌ 36 ملیۆن هاوڵانیشتمانیی‌ عێراقی‌، 24 ملیۆن كه‌س مافی‌ به‌شداریكردنیان ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە434