عێراق

عێراق: هه‌مواری یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌

عێراق: هه‌مواری‌ یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان هه‌رێمی‌ كوردستان ناگرێته‌وه‌ ‌

ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌مواركرده‌وه‌، سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤیش رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی ئه‌و هه‌مواره‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی هه‌رێمه‌كانیش ده‌ڵێت له‌ دادگای فیدراڵی تانه‌ له‌هه‌مواری یاساكه‌ ده‌ده‌ن، چونكه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ لامه‌ركه‌زیه‌ت ...

رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌مواركرده‌وه‌، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا   171 ئه‌ندام ئاماده‌بوون و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ هه‌مواره‌كه‌ په‌سه‌ند كرا.

به‌پێی هه‌مواره‌ په‌سه‌ند كراوه‌كه‌ ئه‌و پارێزگایانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمێكدا رێكنه‌خراون، ژماره‌ی‌ كورسی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانیان ده‌بێت به‌ 10 كورسی‌،  ئه‌و پارێزگایانه‌شی كه‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌یان له‌سه‌ر و ملیۆنێك كه‌سه‌وه‌ بێت بۆ هه‌ر 200 هه‌زار كه‌سێك له‌سه‌ر و 10 كورسییه‌كه‌وه‌ كورسییه‌كی‌ تری‌ بۆ زیاد ده‌كرێت به‌مه‌رجێك ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ له‌ 35 كورسی‌ تێپه‌ڕ نه‌كات. 

ئه‌م یاسایه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناگرێته‌وه‌ كه‌ پارێزگاكانی‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ هه‌رێمێكدا رێكخراوه‌.

په‌سه‌ندكردنی‌ هه‌مواری‌ یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان كاردانه‌وه‌ی‌ خێرای‌ لێكه‌وته‌وه‌، عه‌بدولره‌حیم شه‌مه‌ری سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند له‌هه‌مواره‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌كان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ش بێویژدانییه‌ به‌رامبه‌ر ناحیه‌كان و پێویسته‌ تانه‌ له‌بڕیاره‌كه‌ بدرێت.

لای خۆیه‌وه‌ خالد مه‌فره‌جی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی هه‌رێمه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رایگه‌یاند له‌ دادگای فیدراڵی تانه‌ له‌هه‌مواری یاساكه‌ ده‌ده‌ن، وتیشی له‌كاتێكدا هه‌مواره‌كه‌ په‌سه‌ند كراوه‌ كه‌ كوتله‌ی هاوپه‌یمانیه‌تی هێزه‌ عێراقیه‌كان بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیان كردبوو، مه‌فره‌جی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ئه‌و هه‌مواره‌ عێراق له‌ لامه‌ركه‌زیه‌ت دوورده‌خاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌.

بڕیاریشه‌ رۆژی‌ چوار شه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق گفتوگۆ له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2018 بكات و رۆژی پێنچ شه‌ممه‌ش گفتوگۆ له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كرێت..

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە628