عێراق

ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ به‌غداد 13 كوژراو و برینداری‌ لێكه‌وته‌وه‌

ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ به‌غدا، كوژران ‌و برینداربوونی‌ 13 كه‌سی‌ لێكه‌وته‌وه‌، وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆش ده‌ڵێت: خۆكوژێك هه‌وڵیداوه‌ له‌ناو جه‌ماوه‌ردا خۆی‌ بته‌قێنێته‌وه‌، به‌ڵام پێش گه‌یشتنه‌ ئامانجه‌كه‌ی‌ كوژراوه‌.

وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد، ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌ گۆڕه‌پانی‌ عه‌ده‌ن له‌ ناوچه‌ی‌ كازمییه‌، تیرۆریستێكی‌ خۆكوژ به‌نیاز بووه‌ له‌ ناو شوێنێكی‌ قه‌ره‌باڵغدا خۆی‌ بته‌قێنێته‌وه‌.

سه‌عد مه‌عن وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ رایگه‌یاند، پێش ئه‌وه‌ی‌ خۆكوژه‌كه‌ بگاته‌ ئامانجه‌كه‌ی‌، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ گه‌مارۆدراوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌منیش رایگه‌یاند دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ تیرۆریسته‌كه‌ دڵنیا بووه‌ كه‌ ناتوانێت ده‌ربازی‌ ببێت، خۆی‌ ته‌قاندوه‌ته‌وه‌، به‌گوێره‌ی‌ ئاماره‌كانیش، له‌ ئاكامدا، بێجگه‌ له‌ تیرۆریسته‌كه‌، 3 كه‌س كوژراون ‌و 10ی‌ تریش برینداربوون.

هاوكات ریاز عه‌زاز سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌غدا رایگه‌یاند ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ گۆڕه‌پانی‌ عه‌ده‌ن كاروانی‌ ئۆتۆمبیله‌كانی‌ ئه‌وی‌ كردوه‌ته‌ ئامانج و له‌ ئاكامدا پاسه‌وانێكی‌ كوژراوه‌ و سێ‌ پاسه‌وانی‌ تریشی‌ برینداربوون.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە749