ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زۆره‌ملێی ئاواره‌كان ره‌تده‌كاته‌وه
فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌و ده‌نگۆیانه ره‌تده‌كاته‌وه، كه باس له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زۆره‌ملێی ئاواره‌كان ده‌كه‌ن بۆ شوێنی خۆیان.
یه‌حیا ره‌سوڵ وته‌بێژی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی رۆیته‌رز رایگه‌یاند، سوپای عێراق به‌زۆره‌ملێ ئاواره‌كان ناگه‌ڕێنێته‌وه بۆ شوێنی خۆیان.
ئه‌م قسانه‌ی وته‌بێژی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق دوای لێدوانی به‌رپرسێكی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له عێراق دێت كه وتی: به‌گوێره‌ی چه‌ند راپۆرتێك، هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق به‌زۆر ئه‌و كه‌سانه ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ناوچه‌كانیان، كه پێشتر به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه ئاواره بوون.
پرسی ئاواره‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانیان دوای ته‌واوبونی شه‌ڕی دژ به داعش یه‌كێكه له پرسه گه‌رمه‌كانی ئه‌مڕۆی عێراق، لایه‌نه سوننه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانیان كردوه به مه‌رجی سه‌ره‌كی بۆ به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له ناوچه سوننه نشینه‌كان.
خوێندراوەتەوە726