وەرزش ڕێ لە بەرزبونەوەی فشاری خوێن دەگرێت
لای هەمووان ئاشكرایە وەرزش كردن لە هەر تەمەنێكدا ئەنجام بدرێت سودی خۆی هەیە و ئەگەری توشبوون بە چەند نەخۆشییەك كەمدەكاتەوە، بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەك پزیشكیش ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكان سودێكی زۆری بۆ بەتەمەنەكان هەیە.
چەند پسپۆڕێكی ئەڵمانی لەڕێی توێژینەوەیەكەوە بۆیان دەركەوتووە، ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكان بە شێوەیەكی گشتی، دەبێتە هۆی دواخستنی ئەو بەرزبونەوەی لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا لە فشاری خوێندا ڕوودەدات.
توێژینەوەكە لەسەر چەند كەسێكی تەمەن جیاواز ئەنجامدراوە كە بەشێكیان وەرزشیان كردووە و بەشێكی دیكەیان وەرزشیان نەكردووە، ئەنجامەكانیش دەریانخستووە ئەوانەی وەرزشیان كردووە دوای تەمەنی 54 ساڵی فشاری خوێنیان دەستیكردووە بە بەرزبونەوە، بەڵام ئەو كەسانە هیچ وەرزشێكیان نەكردووە فشاری خوێنیان دوای 46 ساڵی بەرزبۆتەوە.
پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەكەن كە فشاری خوێن لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا دەست بە بەرزبونەوە دەكات، بەڵام ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكان ئەو بەرزبونەوەیە دوادەخات ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی ئەو كەسانە لە چەندین كێشەی تەندروستی.
باشترین وەرزش كردنەكان برتییە لە مەلە و ڕۆشتن و ڕاكردن و باشترە پێنج ڕۆژ لە هەفتەیەكدا بۆ ماوەی كاتژمێرێك ئەنجام بدرێن.
خوێندراوەتەوە443