ته‌ندروستی

شاندێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق سەردانی سلێمانی کرد

 شاندێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق سەردانی شاری سلێمانی کرد بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دامودەزگا تەندروستییەکانی شارەکە و بەڵێنی زیادکردنی بەشە دەرمانی تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجە دەدەن.

حازم جومەیلی، بریکاری ھونەری وەزیری تەندروستی عێراق، دوای بەسەرکردنەوەی چەند سەنتەر و دامەزراوەیەکی تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لەسەر راسپاردەی وەزیری تەندروستی عێراق و بۆ بەدواداچوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە ھەرێمی کوردستان، شاندێکی وەزاری پێکھێنرا بۆ سەردانی پارێزگای سلێمانی، سەرەتا سەردانی کارگەی دەرمانمان لە شارەکە کرد و لە توانا و کوالێتی دەرمانەکانی کارگەکەمان بەسەرکردەوە، دواتر سەردانی نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەرکردنی شێرپەنجەمان کرد کە بە شێوەیەکی یەکسان چارەسەری ھەموو توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لە عێراق دەکات".

بریکاری وەزیری تەندروستی عێراق گوتیشی: "دوای گەڕانەوەمان بۆ بەغدا بە راپۆرتێک وەزیری تەندروستی لە پێداویستی و کەموکوڕییەکانی کەرتی تەندروستی لەم پارێزگایە ئاگادار دەکەینەوە و ھەوڵی دابینکردنی ئەو پێداویستییانە دەدەین، ھەروەھا رێککەوتین لەسەر ھەماھەنگی و کارکردنی زیاتری پێکەوە لە نێوان ھەردوولا".

جومەیلی رەتی کردەوە ھیچ کێشە و ناکۆکییەک لە نێوان وەزارەتی تەندروستی عێراق و وەزارەتی تەندروستی ھەرێم ھەبێت و ھاوکاری و ھەماھەنگی باش لە نێوانیان ھەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، ھەندێکجار رێنمایی و بڕیاری بەرپرسانی سەرووی خۆیان کێشە و گرفتیان بۆ دروست دەکات و ھەوڵی تەواو دەدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەش.

لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، سەباح ھەورامی گوتی: "شاندی وەزارەتی تەندروستی عێراق بەڵێنی ھاوکاری و زیادکردنی پشکی دەرمانی تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەیان داوە، ھەروەھا کۆمەڵێک ئامێری تایبەت بە نەخۆشییەکانی گورچیلەش رەوانەی نەخۆشخانەی گورچیلەی سلێمانی دەکەن.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە378