بەرزی فشاری خوێن چاو توشی گلۆكۆما دەكات
چەند پسپۆڕێكی ئەڵمانی لەڕێی ئەنجامدانی توێژینەوەیەكەوە پەیوەندی نێوان بەرزبونەوەی فشاری خوێن و تەندروستی چاو ئاشكرا دەكەن و ئاماژە بەوە دەكەن كە بەرزی فشاری خوێن هۆكارێكە بۆ توشبوونی چاو بە نەخۆشی گلۆكۆما.
بەپێی توێژینەوەیەكی ناوەندی ئەڵمانی بۆ تەندوستی چاو كە لەسەر چەند كەسێكی توشبوو بە گلۆكۆما ئەنجامیداوە، دەركەوتووە كە %50 توشبووانی ئەو نەخۆشییە، كەسانێكن نەخۆشی بەرزی فشاری خوێنیان هەیە و سێ یەكیشیان كۆلیسترۆڵی خوێنیان بەرزە.
توێژەرەكان ئاماژە بەوە دەكەن، بەرزی فشاری خوێن و ڕێژەی كۆلیسترۆڵ دەبێتە هۆی دروستبونی ناتەواوی لە خانە دەمارییەكانی چاودا، ئەمەش وادەكات كە ماددەی خۆراكی پێویست و ئۆكسجین بۆ چاو نەچێت و، توشی گلۆكۆما بێت.
بۆ كەمكردنەوەی ئەگەرەكانی توشبوون بەم نەخۆشییە پسپۆڕەكان داوا دەكەن كە ڕاهێنانە وەرزشییەكان بەشێوەیەكی بەردەوام ئەنجام بدرێت، ئەمە جگە لەوەی كە پێویستە خواردنی خۆراكی چەور و سوێر و شیرین كەمبكرێتەوە.
گلۆكۆما یاخود ئاوی شین یەكێكە لەو نەخۆشیانەی كە زیاتر توشی كەسانی بەتەمەن دەبێت و بەیەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی لەدەستدانی هەستی بینین دادەنرێت.
خوێندراوەتەوە1831