خواردنە چەورەكان بڵاوبونەوەی شێرپەنجە خێرا دەكەن
بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەكی نوێ دەركەوتووە خواردنی خۆراكە چەور و ناتەندروستەكان زیانێكی زۆری بۆ تەندروستی لەش هەیە، بڵاوبونەوەی خانە شێرپەنجەییەكان بە لەشدا خێرا دەكات.
توێژینەوەكە لە ئیسپانیا و بەهاوكاری پسپۆڕەكانی ناوەندی توێژینەوەی شێرپەنجەی جیهانی لە لەندەن ئەنجامدراوە و دەریخستووە زۆر خواردنی ئەو خۆراكانەی بڕێكی زۆر چەوری لە پێكهاتەكەیاندایە، گەشەی خانە شێرپەنجەییەكان زیاد دەكەن و بڵاوبونەوەیان بە لەشدا خێرا دەكەن.
بەڕای پسپۆڕەكان ئەو جۆرە پرۆتینەی لەلەشدا بەرپرسە لە هەڵمژینی چەوری پێكهاتەی خۆراكەكان، لەهەمان كاتدا ڕۆڵی هەیە لە گەشەی چەند جۆرێكی خانەی شێرپەنجەی لە لەشدا.
توێژینەوەكە لەسەر چەند مشكێكی تاقیگە ئەنجامدراوە و پاش چەند تاقیكردنەوەیەك لەسەریان دەركەوتووە، پرۆتینی (cd 36) لەكاتی زۆر خواردنی خۆراكی چەوردا هانی گەشەی خانە شێرپەنجەییەكان دەدات و چالاكیان دەكات.
لەئێستادا پسپۆڕەكان دەیانەوێت لەڕێی ئەنجامەكانی توێژینەوەكەوە جۆرە چارەسەرێكی نوێ دروست بكەن كە ڕێگری بكات لە گەشەی خانە شێرپەنجەییەكان و بڵاوبونەوەیان بەخێرایی.
خوێندراوەتەوە1723