هەمەڕەنگ

چیرۆكی‌ كۆڵنه‌دانی‌ گه‌نجێك له‌ ئاواره‌ییدا

سلێمان له‌ناو كه‌مپی‌ حه‌سه‌ن شام سه‌رتاشخانه‌یه‌كی‌ كردوه‌ته‌وه‌‌

له‌ ئاواره‌ییدا گه‌نجێك له‌ یه‌كێك له‌ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌كی بچووكی له‌ فلینه‌ دروستكراو به‌دوای په‌یداكردنی پارووی نانه‌وه‌یه‌، ئه‌و نایه‌وێت بێ كار بێت، ده‌ڵێت زۆرینه‌ی هه‌رزه‌كار و گه‌نجه‌كانی كه‌مپی حه‌سه‌ن شام له‌سه‌ر ستایلی "مارێنز" قژیان چاك ده‌كه‌ن.

له‌ دوكانێكی بچوك كه‌ له‌ چوار مه‌تری دووجا تێپه‌ڕناكات، سلێمان سه‌رتاشخانه‌یه‌كی بچكۆلانه‌ی له‌ كه‌مپی حه‌سه‌ن شام له‌ نزیك هه‌ولێر دروستكردووه‌، له‌ناو سه‌رتاشخانه‌كه‌ دوو ئامێری ساده‌ی سه‌رتاشین و سێ مه‌قه‌ست و چه‌ند شانه‌ و ئاوێنه‌یه‌كی بچووكیش هه‌یه‌، لێره‌ زۆر شت سه‌ره‌تایین و كاره‌باش زۆر كه‌می هه‌یه‌، به‌ڵام ئیشه‌كانی ئه‌م گه‌نجه‌ راناوه‌ستن.

سلێمان فارس له‌ كۆتاییه‌كانی بیسته‌كانی ته‌مه‌نیدایه‌، له‌ناو دوكانه‌كه‌ی كه‌ ناوی لێناوه‌ "سه‌رتاشخانه‌ی لوێزی"، سه‌رقاڵی چاككردنی قژی هه‌رزه‌كارێك بوو تا له‌ناو ئازاره‌ زۆره‌كاندا دڵخۆشی بكات به‌و هونه‌ره‌ی لێی ده‌زانێت.

 دوای چاككردنی قژی ئه‌و هه‌رزه‌كاره‌ وتی: ئه‌و شێوازه‌ی ئه‌و قژی پێ چاككردووه‌ به‌ "مارێنز" ناسراوه‌ كه‌ له‌ كه‌مپه‌كه‌دا زۆرێك هاوشێوه‌ی ئه‌و له‌ هه‌رزه‌كار و گه‌نجان بۆ تاشینی قژیان داوای ده‌كه‌ن.
له‌سه‌رده‌می داعشدا چه‌ندین سه‌رتاش به‌هۆی" لادانییان" له‌ رێنماییه‌كانی خه‌لافه‌تی ئیسلامی تووشی راوه‌دوونان یان كوشتن یان داخستنی سه‌رتاشخانه‌كانییان بوونه‌وه‌.

سلێمان، له‌ ترسی رق ئه‌ستووریی چه‌كدارانی داعش مووسڵی به‌جێهێشت، به‌ڵام كه‌ له‌ كه‌مپێكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدا گیرسایه‌وه‌ بێ ئیشوكار وه‌كو زۆرێك له‌ گه‌نجانی هاوڕێ و هاوشاری‌ نه‌مایه‌وه‌، بۆ سلێمان قه‌تماغه‌گرتنی برینه‌كانی ئاواره‌یی زۆر قورس نه‌بوو، ئه‌و هیچ نه‌بێت بۆ رزگاركردنی خانه‌واده‌كه‌ی له‌ برسیه‌تی و له‌ زه‌حمه‌تییه‌كانی ژیان ده‌توانێت له‌ ئاواره‌یشدا پاروویه‌كی نانیان بۆ په‌یدا بكات.

سلێمان به‌ده‌م قژتاشینی موشته‌رییه‌كانییه‌وه‌ كه‌ جار و بار ته‌قه‌ ته‌قی مه‌قه‌سته‌كه‌ی ده‌ستیشی تێده‌كه‌وت، زوو زوو سه‌یری ئاوێنه‌كه‌ی به‌رده‌می ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت كاره‌كانی چۆن ده‌ڕوات، له‌و كاتانه‌دا كه‌ زیاتر له‌ پێنج كه‌س سه‌ریان بۆ تاشینی قژیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سه‌رتاشخانه‌كه‌یدا گرتبوو.

هه‌روه‌ها سلێمان وتیشی؛ "من نزیكه‌ی شه‌ش مانگ به‌ر له‌ ئێستا به‌ هۆی شه‌ڕه‌كانی موسڵ ناچاربووم ناوچه‌كه‌ی خۆمان به‌جێ بهێڵم، من پێشتر پیشه‌م سه‌رتاشی بوو، بۆیه‌ كه‌ هاتمه‌ ئێره‌ یه‌كسه‌ر ده‌ستم كرد به‌ دروستكردنی ئه‌م دوكانه‌ كه‌ له‌ فلینه‌ دیواره‌كانیم دروستكردووه‌ و شتی زۆر سه‌ره‌تای به‌كارده‌هێنم، من لێره‌ بێ ئیش نییم و ده‌توانم بۆخۆم رزق و رۆزی خۆم په‌یدا بكه‌م و خه‌ڵكیش ئیشی بڕوات".

له‌ ١٠ی حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠١٤ موسڵ و دواتریش پارێزگای نه‌ینه‌وا و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی عێراق له‌ ده‌ستی حكومه‌تی عێراق ده‌رچوو، چه‌كدارانی داعش خه‌لافه‌تێكیان به‌ناوی خه‌لافه‌تی ئیسلامییه‌وه‌ دامه‌زراند، دواتر به‌ڵگه‌نامه‌ی مه‌دینه‌یان له‌ موسڵ بڵاوكرده‌وه‌و قژتاشین یه‌كێك بوو له‌و كارانه‌ی ته‌واو خستیانه‌ ژێر كۆتوبه‌ندو چه‌ندین سه‌رتاشیشیان خستنه‌ به‌ر كه‌له‌پچه‌و چه‌ندیشیان لێ كوشتن، بیانووشیان بۆ ئه‌و كارانه‌یان تاشینی قژی خه‌ڵك بوو به‌ پێچه‌وانه‌ی فه‌رمان و رێنماییه‌كانی ئیسلام و لاساییكردنه‌وه‌ی بیانییه‌كان، بۆیه‌ زۆر سه‌رتاش دوكانه‌كانییان داخست، یان به‌ره‌و شوێنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش هه‌ڵاتن.

سلێمان كه‌ پێده‌چێت دڵ و ده‌روونی باش بێت له‌باره‌ی نرخه‌كانه‌وه‌ نرخی دیاریكراوی بۆ قژتاشین نییه‌، به‌ڵكو هه‌رچه‌ند بده‌ن ئه‌و ده‌ڵێت "خوا نه‌یبڕێت و به‌زیادبێت".

سلێمان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد؛ خه‌ڵكی ناو كه‌مپ به‌ زۆری باری ماددیان خراپه‌، ئیشوكار نییه‌، پاره‌ نییه‌، بۆیه‌ منیش ئه‌وه‌م ره‌چاوكردووه‌، ئیدی هه‌رچه‌ند بده‌ن وه‌ریده‌گرم، سه‌رتاشین به‌ ٥٠٠ دینار و هه‌زار دینار تا دوو هه‌زار دیناری عێراقی هه‌یه‌، ئه‌وه‌شی پاره‌ی نه‌بێت یارمه‌تییان ده‌ده‌م و لێیان وه‌رناگرم، هه‌ندێكیش به‌ قه‌رز قژیان ده‌تاشن.

سلێمان له‌ زووه‌وه‌ سه‌رتاشه‌ پێش ئه‌وه‌ی بێته‌ ئه‌م كه‌مپه‌ له‌ شوێنی خۆی‌ دوكانی سه‌رتاشینی‌ هه‌بوو له‌ موسڵ، سوپاسی‌ خوا ده‌كات كه‌ كاره‌كه‌ی‌ لێره‌ش خراپ نیه‌، له‌كه‌مپه‌كه‌دا زۆرینه‌ بێ كارن، به‌ڵام هه‌ندێكی كه‌م ئیش ده‌كه‌ن یان سه‌وزه‌ و شت ده‌فرۆشن، له‌م كه‌مپه‌ دوو سه‌رتاش هه‌ن، خه‌ڵك به‌زۆرینه‌ دێنه‌ ده‌چنه‌ لای‌ سلێمان.

رۆژانه‌ نزیكه‌ی ١٠ كه‌س له‌ لای سلێمان قژیان ده‌تاشن، ئیتر ئه‌ویش به‌ پێی ئاره‌زووی موشته‌رییه‌كانی قژیان ده‌تاشێت، ده‌ڵێت بۆ ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی پێویستییه‌تی له‌ سه‌رتاشخانه‌كه‌ی باوكیه‌وه‌ هاوكاریی ده‌كرێت ‌و له‌ موسڵه‌وه‌ هه‌ر ماوه‌یه‌ك هه‌ندێك كه‌لوپه‌ل و پێداویستیی بۆ ده‌هێنێته‌ ناو كه‌مپه‌كه‌وه‌.

سلێمان كه‌ بۆ دروستكردنی سه‌رتاشخانه‌كه‌ی پاره‌یه‌كی كه‌می خه‌رج كردووه‌ له‌و فلینانه‌ی كه‌ كڕیونی له‌گه‌ڵ كه‌ره‌سته‌كان، ده‌یوت زۆرینه‌ی گه‌نجان و هه‌رزه‌كاری كه‌مپی حه‌سه‌ن شام ئاره‌زووی چاككردنی قژیان له‌سه‌ر شێوازی ناسراو به‌ "مارێنز" هه‌یه‌.

سلێمان ئه‌گه‌رچی ئێستا له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژیت، به‌نیازه‌ كه‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ی خۆی ئاسایی بۆوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ شوێنی خۆی و سه‌رتاشخانه‌یه‌كی باشتر دابمه‌زرێنێت و بێ كار نه‌بێت.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1295