ئاستەنگانی بەردەم پەیوەندییەكانی خێزان
خێزان كۆڵەكەیەكی بنچینەیی كۆمەڵگایە، ئەم كۆمەڵگایەش بە دەیان و سەدان كۆت و بەندی لەسەر خێزان داناوە كە زۆرجار دەبنە هۆكاری تێكدانی ئاشتەوایی لەناو خێزانەكاندا.
بەڕای پسپۆڕان بنەمای پێكهێنانی خێزان خۆشەویستییە، بەدوای خۆشەویستیشدا پەیدابوونی هوشیاری لە هەموو شتێك بۆ ئەو خێزانە گرنگترە، وەك نوسەری كورد مەریوانی وریا فانع دەڵێت: خێزانی كوردیی ڕووبەرێكی داخراوە بەڕووی دونیای دەرەوەداو بەشێكی زۆری بەسەرهات و هەڵسوكەوتەكانی ناوی نەزانراوە.
هاوسەرەكان زۆرجار ناتوانن لە كۆت و بەندەكانی كۆمەڵگا ڕزگاریان ببێت و بتوانن بەژیانێك بژین كە ڕێگای خۆیانە، لێرەشەوە ئەم خێزانە بە بیدەنگی وێنەیەكی ڕۆمانسی بۆ ژیانی دەكێشێت و وەك یەكەیەكی پڕ هارمۆنیەت نمایشی دەكات.
پسپۆڕان دەڵێن: بیرۆكەی خێزان لە موڵكایەتیدا چڕ دەبێتەوە، موڵكایەتیش چەوساندنەوە بەرهەم دەهێنێت، لە دونیایەكی باشتردا، كاتێك چاكتر لە ژیان تێدەگەین، خۆشەویستی هەموو شتێك دادەپۆشێت، پێویستە بایەخێكی زۆر بە منداڵ بدرێت و هەست بە بەختەوەرییەكی قووڵ بكات.
زۆربەی هاوسەرەكان لەكاتی گفتوگۆكردن لەگەڵ یەكتری خۆیان بە شتی دیكە سەرقاڵ دەكەن و گرنگی بەم گفتوگۆیە نادەن، ئەمەش دەردێكی كوشندەی ناو خێزانەكانە، زۆرجاریش تێكەڵكردنی بابەتەكان و گفتوگۆكردن بێ بنەماو لەكاتی نەگونجاودا جگە لە پەیدابوونی ڕق، هیچی لێ بەرهەم نایەت.
بۆئەوەی خێزانەكان بتوانن بەسەر هەموو ئەو كۆت و بەندانەدا زاڵ ببن و هوشیاربن بەو كێشانەی ڕووبەڕویان دەبنەوە، پێویستە بنەمای كێشەكان بزانن و بە بوێرییەوە پەنجە بخەنەسەر هەڵەو كەموكوریەكانی یەكتر.
ڕەفتاری دەستێوەردان بەیەكێك لە قێزەونترین جۆری ڕەفتار دادەنرێت لەناو خێزانەكاندا، بۆیە دروست نییە هیچ كەسێك ئەو مافە بەخۆی بدات كە دەستوەربداتە ژیان و تایبەتمەندییەكانی كەسانی تر، زۆرینەی خێزانی كوردی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا لەڕابردوودا لەو جۆرە خێزانانە بوون كە هەمیشە مافیان بەخۆیان داوە كە دەستوەربدەنە ژیانی ئەوانی دیكە.
هیچ پەیوەندیەكی هاوسەرگیری بە بێ كێشەو ناخۆشی تا سەر بەردەوام نابێت، بەڕای توێژەرانی كۆمەڵایەتیو خێزان، ئاساییە هەندێكجار ناكۆكی و ناخۆشی ڕووبدات، بەڵام نەبێتەهۆی تێكچون و لێكجیابونەوە، هەربۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە هاوسەرەكان نەهێڵن هیچ كەس لە خەڵكی بێتە نێوانیان و بەشداری لە ژیانی تایبەتیاندا بكەن.
خوێندراوەتەوە11314