عێراق حه‌زی له‌م نه‌ریته‌یه دژی به‌رپرسه گه‌نده‌ڵه‌كان - ڤیدیۆ و وێنه
دوێنێ یه‌كێك له وه‌زیره تۆمه‌تباره‌كانی عێراق كه چه‌ند سكاڵایه‌كی یاسایی ئاڕاسته‌كراوه به تۆمه‌تی به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌ی گه‌لی عێراق، به ده‌ستبه‌سه‌ركراوی له لوبنانه‌وه گه‌یه‌نرایه‌وه فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا و ئاماده ده‌كرێت بۆ ئه‌نجامدانی دادگاییه‌كی شایسته به‌و تاوانه ئیداریی و داراییانه‌ی له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا ئه‌نجامی داون.
عه‌بدولفه‌لاح سودانی، وه‌زیری پێشوتری بازرگانی عێراق، له كابینه‌كه‌ی نوری مالیكدا له‌ساڵی 2006 سوێندی یاسایی خوارد و وه‌زاره‌تێكی به‌ڕێوه‌برد كه په‌یوه‌ندی به خواردن و پێداویستیه‌كانی سه‌رجه‌م خێزان و تاكه‌كانی عێراقه‌وه هه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی بوونی 9 دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیی كه به‌هه‌ده‌ردانی سامانی عێراق بوو له كڕینی خۆراكی خراپ و خه‌رجكردنی بڕێكی زۆر پاره بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی نزیكن له خۆیه‌وه، زیانی چه‌ندین ملیار دۆلاری به عێراق گه‌یاند، جگه له‌و زیانه ته‌ندروستی و نه‌خۆشیانه‌ی به‌هۆی ئه‌و خۆراكانه‌وه به خه‌ڵكی عێراق گه‌یشتبون.
ساڵی 2009 لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تۆمه‌تباری كرد به تێوه‌گلان له گه‌نده‌ڵیی ئیداریی و زیان گه‌یاندن به موڵكی گشتی له پڕۆگرامی عێراق بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ماده خۆراكییه‌كان (شه‌كر، رۆن، برنج، ئارد، نۆك...هتد) كه له‌لایه‌ن بریكاره‌كانی دابه‌شكردنی خۆراكه‌وه دابه‌ش ده‌كرێن به‌سه‌ر سه‌رجه‌م دانیشتوانی خه‌ڵكی عێراقه‌وه.
وڵاتی عێراق به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین هاورده‌كارانی گه‌نم و برنج داده‌نرێت له جێهاندا، به‌و هۆیه‌شه‌وه زۆرێك له به‌رپرسانی عێراق كه له‌وبواره‌دا كاریانكردووه، روبه‌ڕوی تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵیی كراونه‌ته‌وه، به‌و پێیه‌ی بوارێكه پاره‌ی زۆر بۆ ته‌رخان ده‌كرێت و پێداویستی سه‌ره‌كی و رۆژانه‌ی خه‌ڵك.
هه‌ر ساڵی 2009 عه‌بدولفه‌لاح سودانی، چوه به‌رده‌م په‌رله‌مان و دواتر ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه و هه‌ڵات به‌ره‌و شوێنێكی نادیار و پاشان هه‌واڵ بڵاوكرایه‌وه كه له‌ڕێگای فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداوه به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌ڵاتوه، له‌كاتێكدا له‌كۆی 9 مه‌له‌فی گه‌نده‌ڵیی، له 8 مه‌له‌فدا بڕیاری سزای دادگای به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه به‌شێوه‌ی غیابیی.
سودانی، سه‌ر به‌حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی بووه و له ئاینزای شیعه‌یه، له‌هه‌مان كاتدا ره‌گه‌زنامه‌ی به‌ریتانیای هه‌یه، پاش ئه‌وه‌ی له وڵاتی لوبنان له‌لایه‌ن پۆلیسی نێوده‌وڵه‌تی (ئینه‌رپۆڵ) ده‌ستگیركرا، رۆژی 25/1/2018 به ده‌ستبه‌سه‌ركراوی له به‌یروتی پایته‌ختی لوبنانه‌وه گه‌یه‌نرایه فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا و بڕیاره له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا جارێكی دیكه بخرێته‌وه به‌رده‌م دادگا و كاربكرێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و پاره بلۆككراوانه‌ی له بانكه‌كانی جیهان شاردونیه‌ته‌وه.
ئه‌و دیمه‌نانه‌ی له فڕۆكه‌خانه‌وه بڵاوكرانه‌وه، كه به‌پرسێك و وه‌زیرێكی گه‌نده‌ڵ به ده‌ستبه‌سه‌ركراوی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بهێنرێته‌وه به‌رده‌م دادگا، دڵخوازی خه‌ڵكی كوردستان و عێراقه، بۆ ده‌ستپێكردنی چاكسازیی گه‌وره و ڕیشه‌یی له‌پێناوی سزادانی ئه‌و بنه‌ماڵه و حزب و لایه‌ن و كه‌سایه‌تییانه‌ی ده‌ستیان هه‌بووه له زیان گه‌یاندن به خه‌ڵك و ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ی خراوه‌ته سه‌ریان.
ئه‌گه‌رچی سه‌رچاوه میدیاییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، پێده‌چێت عه‌بدولفه‌لاح سودانی، كرابێته قوربانیی ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ی مالیكی و كابینه‌كه‌ی له ساڵانی رابردوودا ئه‌نجامیانداوه، بۆئه‌وه‌ی زۆرترین ئه‌و تۆمه‌تانه‌شی بخرێته ئه‌ستۆ كه به‌رپرسانی باڵاتر و به‌ده‌سه‌ڵاتتر ئه‌نجامیانداوه و پرۆسه‌ی لێپرسینه‌وه و به‌دواداچون بۆ ئه‌و دۆسیانه له سودانیدا كۆتایی پێ بهێنرێت و بۆ رای گشتی نیشان بدرێت كه ده‌سه‌ڵات تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی گه‌نده‌ڵییه‌كانی رابردووی به سزا گه‌یاند و ئه‌وانی دیكه له لێپرسینه‌وه ده‌ربازیان ببێت.
عه‌بدولفه‌لاح سودانی له چاوی خه‌ڵكدا:
به‌رده‌وام چاوی خه‌ڵكی عێراق له‌سه‌ر سودانی بووه و نه‌یوێراوه به ئاشكرا له شوێنه گشتییه‌كاندا ده‌ركه‌وێت، چونكه هه‌موو جارێك دوچاری ره‌خنه‌ی خه‌ڵك بۆته‌وه و ساڵی 2015 هاوڵاتییه‌كی عێراقی له فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌تاتورك له ئیستانبوڵ به مۆبایله‌وه شوێنی سودانی كه‌وت و داوای لێ‌كرد خۆی راده‌ستی پۆلیسی ئینته‌رپول بكات، چونكه عێراقی تاڵانكردووه:
هه‌روه‌ها له به‌ریتانیا چه‌ند هاوڵاتییه‌كی عێراقی له‌به‌رده‌م پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌دا و له‌كاتی پڕۆسه‌ی ده‌نگداندا، روبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه‌و داوا ده‌كه‌ن به سزای عادیلانه‌ی خۆی بگات، چونكه سه‌روه‌ت و سامانی وڵاتی دزییوه:
خوێندراوەتەوە5241