هەمەڕەنگ

سەركەژ فەرەج كلیپی میوزیكی نان بڵاودەكاتەوە

میوزسیانی لاو سەركەژ فەرەج كلیپێكی میوزیكی نوێ بڵاودەكاتەوە و لەئێستاشدا ئامادەكاری بۆ چەند كارێكی نوێ دەكات.

سەركەژ فەرەج لەڕێ تۆڕی كۆمەڵایەتی یوتوبەوە كلیپێكی میوزیكی بە ناوی نان بڵاودەكاتەوە كە بریتییە لە ئاوازی گۆرانی نان كە یەكێكە لە گۆرانیەكانی هونەرمەندی گەورەی كورد نەجمەدینی غوڵامی.

ئەو هونەرمەندە لە لێدوانێكیدا بە KNN ڕاگەیاند كە ئەو پارچە میوزیكە ساڵی پار لەگەڵ چەند میوزسیانێكی دیكە ئامادەیان كردووە بەڵام ماوەیەك پێش ئێستا بەشێوەی ڤیدیۆ كلیپ وێنەیان گرتووە و ڕاژان عەزیزیش كاری دەرهێنانی بۆ كلیپەكە ئەنجامداوە.

سەبارەت بە هۆكاری هەڵبژاردنی ئەو بەرهەمە سەركەژ باسی لەوە كرد كە ئەو لە منداڵیەوە سەرسامی ئەو گۆرانییە بووە، هەروەها خۆی ژیانێكی سادەی هەبووە لەگەڵ هەژاردا ژیاوە بۆیە حەزی كردووە میوزیكی گۆرانی نان نوێ بكاتەوە.
سەبارەت بە دواین بەرهەمی ئەو میوزسیانە لە لێدوانەكەیدا بۆ KNN باسی لەوە كرد كە لەئێستادا سەرقاڵی كارێكە بۆ هونەرمەند دیاری قەرەداغی بەناوی ڕێگەم بدە كە بەم زووانە بڵاودەكرێتەوە.

سەركەژ فەرەج لەدایكبووی قەزای سەید سادقە و هەر لە منداڵییەوە دەستی بە ئەنجامدانی كاری هونەری كردووە، ماوەیەك پێش ئێستاش گۆرانییەكی بەناوی سەركردە بڵاوكردەوە كە تایبەت بوو بە كۆچی دوایی كاك نەوشیروان مستەفا.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە861