شەوکەت ئەمین نامه‌یه‌ک ئاراسته‌ی ئەنجوومەنی سینەمای ئەمریکا ده‌کات
سینه‌ماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" نامه‌یه‌ک ئاراسته‌ی "کریستوفێر داد" سیناتۆری پێشووی ئەمریکا و سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی سینەمای ئەمریکا ده‌کات.
ده‌قی نامه‌كه‌ی شه‌وكه‌ت ئه‌مین:
نامه‌یه‌ک بۆ بەڕێز "کریستوفێر داد" سیناتۆری پێشووی ئەمریکا و سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی سینەمای ئەمریکا (Motion Picture Association of America Inc.)
ڕێز و سڵاو
بەر لە هەموو شتێک بە پێویستی دەزانم دوباره سوپاستان بکەم بۆ هاوکاریتان لەمەڕ دروستکردنی دوافیلمەکەم (بیرەوەرییەکانی سەر بەرد) و هەروەها بۆ نمایشی تایبەتی ئەم فیلمە لە ناوەندی ئەنجوومەنی سینەمای ئەمریکا، که به خوشحاڵییه‌وه من و "عه‌باس غه‌زالی" (پرودیوسه‌ر و ئه‌ندامی په‌رلەمانی کوردستان ) ئاماده بووین.
جەنابی کریستوفێر
من لە کاتێکدا ئەم نامەیەتان بۆ دەنووسم کە وڵاتەکەم بە قۆناغێکی گەلێک دژواری سیاسی و ئابووریدا تێدەپەڕێ و نەمتوانیوە لەم سێ ساڵەدا هیچ بەرهەمێکی نوێی بهێنمە دی و به داخه‌وه کاری فیلمسازیی و هونه‌ریی به ته‌واوی له کوردستان ڕاوستاوه و هیچ داهاتوویه‌کی ڕوون نابینم.
هەر وەکوو لە دوایین فیلمەکەمدا بینیوتانە، من بەشێک له گرفته‌کانی کاری سینه‌ما و به‌شێک لە ئازار و مەینەتی گەلەکەمم خستووەتە بەرچاو کە لە زەمانی سەددامەوە دەستی پێکردووە و تا ئەمڕۆش هێشتا بەردەوامە. هەر وەکوو خۆتان ئاگادارن، کوردستان سێ ساڵ لە ئاست دڕندایەتی داعش وەستا و لە جیاتی گشت جیهان بەرەوڕووی ئەم هێزە نامرۆییە بووەوە و بو به‌ره‌نگاری له خه‌ڵک و کلتوری کوردستان شەهید و بریندار و ئاوارەی زۆری لێ کەوتەوە.
خه‌ڵکی کوردستان پاش شکستهێنان بە هێزی داعش لە خاکەکەیدا ویستی مافی چارەنووسی خۆی بە ویستی خۆی دیار بکا و بەوپەڕیی ئازادییەوە چووە سەر سندووقەکانی دەنگدان و زیاتر له 9٢% خەڵکی وڵاتەکەم دەنگیان بە سەربەخۆییدا. بەڵام سێ حەفتەی نەخایاند و سەرلەنوێ و بەم تاوانە کەوتە بەر شاڵاوی کوشتن و گەمارۆی سوپایی و ئابووری حکوومەتی بەغدا و دراوسێکانی وئ ێستا کە ئەم چەند دێڕەتان بۆ دەنووسم، کوردستان لە گشت لایەکەوە گەمارۆ دراوە و هەموو ڕێیەکانی زەمینی و هەوایی لێ گیراوە و جیهانی دەرەوەش، بەداخەوە، چاو و گوێی خۆی لە ئاست ئەم کارەساتە نامرۆییە داخستووە.
سه‌ره‌ڕای ئەوەی کاری سینه‌ما له کوردستان هه‌میشه کارێکی سه‌خت و پڕ لە کێشه بووه، به‌ڵام ئێستا کاری کلتووری و بەتایبەت سینه‌ما بەرەوڕووی کێشەی جیددی‌تر بۆەتەوە. و ئەم پرسە هەمیشە لە زەینمدا دەخولێتەوە که بۆچی بوونی ده‌یان ساڵه‌ی خه‌ڵک و هێزه‌کانی ئه‌مریکا له کوردستان و عێراقدا یارمه‌تی پرۆسه‌ی دیموکراسی و گه‌شه‌کردنی کلتوور و هونه‌ر نادا و نەیداوه؟ ئه‌و ئه‌مریکیانه‌ی له کوردستان بینیومن بۆچی بەس باسی چەک و نه‌فت و شه‌ڕ ده‌که‌ن؟ بۆچی که‌مترین یارمه‌تییان بە بوژاندنەوەی فەرهەنگ و هونه‌ر و بەتایبەت سینه‌ما نه‌کردووه، له کاتێکدا کە ئه‌مریکا به‌هێزترین وڵاتی جیهانه لە بواری سینه‌ما و هونه‌ردا.
جەنابی کریستوفێر
من وەکوو سینەماکارێک قەت بیرم له جێهێشتنی وڵاته‌که‌م نه‌کردۆەتەوه. ته‌نانه‌ت لەم هەلومەرجە نامرۆییەدا هێشتا خەون بە ئاشتی و ئاسوودەیی گەل و وڵات و ناوچەکەمانەوە دەبینم و بیر لە بەرهەمهێنانی فیلم و گەشەی فەرهەنگی دەکەمەوە. سەرەڕای ئەوەی هەمیشە فیلمه‌کانم به زه‌حمه‌ت و ئازارێکی زۆرەوە بەرهەم هێناون بەڵام دەتوانم بڵێم: هیچ گه‌شبین نیم که ڕوژێک له هه‌لوومه‌رجێکی ئاسایی‌دا کار بکه‌م.
ببورن به‌م هه‌واڵە ناخۆشانەوە دڵگیرم کردوویت، بەڵام ویستم که‌مێک لە بارودۆخی وڵاته‌که‌م و وه‌زعی سینه‌ما و هونه‌ری ئەم هەرێمە ئاگاردار بن. و داواکارم که له‌م باروودوخه سه‌خته‌دا ئێوه‌ش پشتگیریی ئێمه بکه‌ن.
بەوپەڕی ڕێزەوە
شەوکەت ئەمین کورکی
(سینه‌ماکاری کورد)
٢٩/١٠/٢٠١٧ هەولێر/ کوردستان
خوێندراوەتەوە1000