هەمەڕەنگ

کەمپی باریکە.. منداڵانی جەنگ پیرۆزبایی جەژن لە یەکتر دەکەن

ئەو منداڵانەی لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ناوخۆیی سووریا و تاوانەکانی رژێمی ئەو وڵاتە بەرامبەر ھاووڵاتییان و پێکھاتە جیاجیاکانی سووریا و ھەڵاتنیان لەدەست جەنگ و نەھامەتیەکان لە ئاوارەیدا و لە دووری وڵاتەکەیان لەدایک بوون.

ئەو منداڵانە ئێستا بەشێکیان تەمەنیان دەگاتە شەش ساڵ و لە کەمپەکان تەمەنی منداڵییان بەرێ دەکەن لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانیشدا ئەو منداڵانە لەنێو ماڵە ئاوارەکانی تر دەگەڕێن و چوکلێت و نوقڵانەی جەژن کۆدەکەنەوە و جەژن بە یاری کردن و خۆشی بەسەردەبەن.

ھۆزان رەشیدی تەمەن ٣٢ ساڵان ئاوارەیەکی نێو کەمپی باریکەیە کە دەکەوێتە دووری ٣٠ کیلۆمەتر رۆژھەلاتی سلێمانی و تایبەتە بە ئاوارە کوردەکانی سووریا، ئەو لە دوای سەرھەڵدانی جەنگەوە ھاتووەتە ھەرێمی کوردستان و لە کەمپەکە نیشتەجێیە، لە بارەی جەژنەوە گوتی: "عادات و تەقالیدی کوردی رۆژئاوا لە جەژن وەھایە بەیانیان زوو ھەڵدەستین و دوای خوانی جەژن، دەچینە ماڵە دراوسێ و ناسراوەکان جەژنیان لێ پیرۆز دەکەین، دواتر لە کاتژمێر ٠٧:٣٠ منداڵانمان دەچنە دەرەوە و بەسەر ماڵە دراوسێ و ناسراوەکاندا دەگەڕێن و نوقڵ و چوکلێتی جەژن کۆدەکەنەوە".

ئەو گوتی: "منداڵەکانمان کە دوو منداڵن لێرە لە دایکبوون، لەسەر عادات و تەقالیدی خۆمان لە سووریا راھێناوە و وەک خۆمان جەژن دەکەن و دەگەڕێن".

ھۆزان حسێن ئاوارەیەکی تری نێو کەمپەکەیە و ماوەی پێنج ساڵە بە ھۆی جەنگەوە سووریای بەجێھێشتووە، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "ماوەی پێنج ساڵە لەم کەمپەین و دوو منداڵمان لەم کەمپە لەدایکبوون، لەم جەژنەشدا منداڵانمان دڵیان خۆشە و وەک منداڵ دەگەڕێن و جەژن و نوقڵ کۆدەکەنەوە".

منداڵەکانی لەدایکبوی نێو کەمپەکە کە ژمارەیان سەدان منداڵە، بە جلی نوێ و رەنگاوڕەنگەوە لە کەمپەکە دەگەڕان و نوقڵ و چوکلێی جەژنیان کۆدەکردەوە.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1555