زانست

سیئۆل؛ موبایلی‌ زیره‌ك چه‌ندین ڕووداوی‌ هاتوچۆی‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێناوه‌



موبایل وه‌ك داهێنانێكی‌ ته‌كنه‌لۆژی‌ سه‌رده‌میانه‌، یه‌كێكه‌ له‌و ئامێرانه‌ی‌ زۆرترین به‌كارهێنه‌ری‌ له‌ سه‌رانسه‌ری‌ جیهاندا هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ كات و سوده‌كانی‌ تری‌ موبایل به‌تایبه‌ت ئه‌و جۆره‌ی‌ كه‌ به‌ موبایلی‌ زیره‌ك ناو ده‌برێت، له‌هه‌مان كاتیشدا چه‌ندین زیانی‌ دیكه‌ی‌ لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌ كه‌ مه‌ترسیدارترینیان ڕووداوه‌كانی‌ هاتوچۆن..  

به‌كارهێنانی‌ موبایل به‌ده‌م رێگاوه‌ به‌ تایبه‌ت موبایلی‌ زیره‌ك كه‌ئێستا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ به‌كارهێنه‌ری‌ هه‌یه‌، یه‌كێكه‌ له‌و دیارده‌ باوانه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌ سه‌رانسه‌ری‌ جیهاندا بونی‌ هه‌یه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ چه‌ندین روداوی‌ نه‌خوازراوی‌ وه‌ك روداوی‌ هاتوچۆی‌ لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌.
شاری‌ سیئۆلی‌ پایته‌ختی‌ كۆریای‌ باشور به‌نمونه‌ یه‌كێكه‌ له‌و شاره‌ گه‌ورانه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان زۆرترین به‌كارهێنه‌ری‌ موبایلی‌ زیره‌كی‌ تێدایه‌ و له‌ماوه‌ی‌ رابردودا به‌هۆی‌ به‌كارهێنانی‌ ئه‌و ئامێره‌ به‌ده‌م رۆیشتنه‌وه‌، چه‌ندین روداوی‌ هاتوچۆ رویانداوه‌.


به‌پێی‌ ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌، له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردودا چه‌ندین روداوی‌ هاتوچۆ به‌هۆی‌ به‌كارهێنانی‌ موبایل به‌ده‌م رۆیشتن و پیاسه‌كردنه‌وه‌ رویانداوه‌ و ساڵ به‌ ساڵیش ئه‌و ئامارانه‌ رویان له‌ زیادبونه‌. له‌ئێستادا حكومه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌هه‌وڵدایه‌ بۆ گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی‌ نوێ له‌پێناو ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ زیانه‌كانی‌ ئه‌و كاره‌.


به‌پێی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ده‌زگای‌ سه‌لامه‌تیی‌ بۆ گواستنه‌وه‌ له‌ كۆریای‌ باشور، له‌ ساڵی‌ 2014دا نزیكه‌ی‌ 1100 حاڵه‌تی‌ روداوی‌ هاتوچۆ به‌هۆی‌ به‌كارهێنانی‌ موبایله‌وه‌ رویانداوه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ ساڵی‌ 2009دا ته‌نها 437 حاڵه‌ت بوه‌ و ئه‌مه‌ش مانای‌ وایه‌ روداوه‌كانی‌ هاتوچۆ به‌هۆی‌ به‌كارهێنانی‌ موبایله‌وه‌ به‌رێژه‌ی‌ له‌سه‌دا 250 زیادیكردوه‌ له‌و وڵاته‌ و ساڵ به‌ ساڵیش ئه‌و رێژه‌یه‌ روی‌ له‌ زیادبونه‌.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1929