زانست

ئه‌مریكا: پێشانگای نمایشی‌ ئۆتۆمبیلی‌ بێ شۆفێر له‌ دیترۆیت كرایه‌وه‌

جاك وێست: له‌ ساڵی‌ 2018 دا كڕین ‌و فرۆشتن به‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات‌

پێشبینی‌ ده‌كرێت ئه‌مساڵ بۆ یه‌كه‌مجار ئۆتۆمبیلی‌ بێ‌ شۆفێر بخرێته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌. له‌ پێشانگایه‌كدا له‌ویلایه‌تی‌ دیترۆیتی‌ ئه‌مریكا چه‌ند مۆدیلێك له‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌ نمایشكران. كۆمپانیاكانی‌ دروستكردنی‌ ئۆتۆمبێل له‌ ئه‌مریكا ‌و وڵاتانی‌ تر به‌ نیازن ئه‌مساڵ نۆبه‌ره‌ی‌ به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ ئۆتۆمبێلی‌ بێ‌ شۆفێر بخه‌نه‌ خزمه‌ت كڕیاره‌كانیانه‌وه‌.

پێشبینی‌ ده‌كرێت له‌مساڵه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ كڕین ‌و فرۆشتن به‌ ئۆتۆمبیلی‌ بێ‌ شۆفێر ده‌ستپێبكات . ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ پێشانگای‌ ئۆتۆمبیلی‌ باكوری‌ ئه‌مریكایه‌ كه‌ له‌ رۆژی‌ 13ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌ ویلایه‌تی‌ دیترۆیت كراوه‌ته‌وه‌ و تا 28 مانگ به‌رده‌وام ده‌بێت. خاوه‌ن كارخانه‌ی‌ ئۆتۆمبیله‌كانیش گه‌شبینن به‌م پێشبینه‌.

جاك ویست- ئه‌ندازیاری‌ پێشكه‌وتوو ، وتی؛ له‌و بڕوایه‌دام 2018 ببێته‌ ئه‌و ساڵه‌ی‌ ئه‌م پرۆژه‌ زانستیانه‌ ببنه‌ راستییه‌كی‌ بازرگانی‌. كۆمپانیاكه‌ی‌ ئێمه‌ به‌ته‌نیا ده‌یه‌وێت 2 ملیۆن ئۆتۆمبیلی‌ له‌و شێوه‌یه‌ له‌مساڵدا بخاته‌ بازاڕه‌وه‌‌و ده‌یه‌وێت به‌و هۆیه‌وه‌ ژیانی‌ خه‌ڵك بپارێزێت.

له‌ پێشانگاكه‌دا چه‌ندین مۆدیڵی‌ ئۆتۆمبیلی‌ بێ‌ شۆفێر نمایشكراوه‌. ئۆتۆمبیلێكی‌ دیزاینكراو له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی‌ سویدیه‌وه‌ بوه‌ته‌ مایه‌ی‌ سه‌رنجڕاكێشانی‌ سه‌ردانكه‌رانی‌ پێشانگاكه‌. ئۆتۆمبیلی‌ بێ‌ شۆفێر به‌ مانای‌ بوونی‌ شوێنی‌ زیاتر له‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ دێت بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ كاڵاو شمه‌ك.

كۆمپانیاكه‌ كه‌ ناوی‌ ئینریده‌ ده‌ڵێت، هه‌ر له‌مساڵدا ئۆتۆمبیله‌كانی‌ له‌ شه‌قامه‌كانی‌ سوید ده‌بینرێن ‌و گرێبه‌ستێكیشی‌ له‌گه‌ڵ‌ سوپه‌رماركێتێكی‌ گه‌وره‌ ئیمزاكردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاڵای‌ بۆ كۆگاكانی‌ پێ‌ بگوازرێته‌وه‌.

كۆمپانیاكه‌ ده‌ڵێت: ئۆتۆمبیله‌كانی‌ ئۆتۆماتیكی‌ كارده‌كه‌ن ‌و ده‌كرێت له‌ دوریشه‌وه‌ به‌ ریمۆت كۆنترۆڵ كاربكه‌ن.

له‌ ئه‌مریكاش كۆمپانیای‌ جه‌نه‌راڵ مۆتۆرز خوازیاره‌  ئۆتۆمبیلی‌ له‌م جۆره‌ ساڵانی‌ داهاتوو بخاته‌ بازاڕه‌وه‌.

له‌كاتێكدا هه‌ر ئه‌مساڵ كۆمپانیای‌ فۆرد به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌كه‌ی‌ ئۆتۆمبیلی‌ بێ‌ شۆفێر تاقیده‌كاته‌وه‌.

شێریف ماراكبی‌-جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئۆتۆمبیلی‌ بێ‌ شۆفێر له‌كۆمپانیای‌ فۆرد، وتی؛ ئێمه‌ ئۆتۆمبیلی‌ بێ‌ شۆفێر وه‌كو هه‌لێك ته‌ماشا ده‌كه‌ین. واده‌یه‌ك دانراوه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ ئه‌و جۆره‌ ئۆتۆمبیله‌‌و ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵه‌، له‌ساڵی‌ 2021، به‌ڵام له‌ئێستادا هه‌ندێك ئۆتۆمبیلمان تاقیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێوه‌ ده‌توانن بیبینن له‌شوێنی‌ جاجیا له‌ئه‌مریكا.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م هه‌موو به‌ره‌وپێشچونانه‌ هێشتا هه‌ندێك كه‌س به‌گومانن. ژماره‌یه‌ك له‌وانه‌ هۆشیاری‌ ده‌ده‌ن له‌وه‌ی‌ نابێت په‌له‌كردن له‌دروستكردنی‌ ئه‌و جۆره‌ ئۆتۆمبیلانه‌ وابكات مه‌سه‌له‌ی‌ سه‌لامه‌تی‌ سه‌رنشینه‌كان فه‌رامۆش بكرێت.

جۆنك كلایی‌ بروك-هاوسه‌رۆكی‌ به‌شی‌ به‌كاربه‌ران‌و لایه‌نگری‌ سه‌لامه‌تی‌ رێگاوبانه‌كان، وتی؛ باشه‌ ئاستی‌ جۆراوجۆر هه‌یه‌ بۆ ئۆتۆمبیلی‌ بێ‌ شۆفێر‌و كارخانه‌كان ده‌ڵێن ده‌یانه‌وێت بازبده‌ن بۆ ئاستی‌ چوار، ئه‌مه‌ش مانای‌ نه‌بونی‌ كلاج‌و سوكان‌و  شوێنپێی‌ به‌نزین ده‌گه‌یه‌نێت‌و ئێمه‌ پێوه‌ری‌ به‌رزی‌ سه‌لامه‌تیمان ده‌وێت. باشه‌ من پێموانییه‌ ئه‌مه‌ كارێكی‌ دروست بێت. له‌زۆر لاوه‌، ئه‌مه‌ له‌هه‌وڵێك ده‌چێت بۆ پشتگوێخستنی‌ یاساكانی‌ سه‌لامه‌تی‌ ئۆتۆمبیله‌كان له‌وكاته‌وه‌ی‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ساڵی‌ 1966 په‌سه‌ندكرا. بۆیه‌ من زۆر نیگه‌رانم.

بۆ زۆر كه‌س ئۆتۆمبیلی‌ بێ‌ شۆفێر وه‌كو خه‌یاڵێكی‌ زانستی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌كاتێكدا په‌یامی‌ ئه‌م پێشانگای ئۆتۆمبیله‌ ئاشكرایه‌. سه‌رده‌می‌ ئۆتۆمبیلی‌ بێ‌ شۆفێر ده‌ستیپێكردوه‌.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە631