بەوێنەو ڤیدیۆ...ڕێگای زیرەك بۆ پاشەکەوتکردنی ووزە
ڕێگای زیرەك ئەو داهێنانە نوێیەیە كە بریتییە لەژمارەیەك تابلۆ كەبەتیشكی خۆر كاردەكەن و هێماو ئاماژەكانی ڕێگاوبانەكانی لەسەر جێگیركراوە و كاتێك مرۆڤ یان گیاندارو هەر شتێكی دیكەی بەسەردا تێدەپەڕێت دادەگیرسێت و كاتێكیش بەفری لەسەر دەبارێت بەهۆی دروستكردنی جۆرێك ووزەی گەرمییەوە بەفرەكە دەتوێتەوە ، ئەم تەكنەلۆژیایە لەلایەن دوو زانای ئەمریكییەوە دروستكراوەو كارئاسانییەكی باش بۆ بواری هاتووچۆ دەكات و لەئێستادا لەژمارەیەك وڵات كاری پێ دەكرێت .
هێماو ئاماژەكانی هاتووچۆ وەك دانانی تابلۆو ڕەنگركردنی شەقامەكان ساڵانە خراپ دەبن و دەبێت سەرلەنوێ چاكبكرێنەوە بەڵام بەهۆی داهێنانێكەوە ئێستا هێماو ئاماژەكانی ڕێگاوبانەكانیش هاوشێوەی موبایل و ئامێرە ئەلكترۆنییە زیرەكەكانی دیكە كاردەكەن.
ڕێگای زیرەك یەكێكە لەداهێنانە نوێكانی بواری تەكنەلۆجیا كەلەڕێگەیەوە هێماو ئاماژەكانی سەر شەقام و ڕێگاو بانەكان بەشێوەی ڕووناكی دەردەكەون و وێڕای ئەوەی ئەو ووزە زۆرەی كە بۆ كارپێكردنی هێمای شەقامەكان تەرخان دەكرێت كەم دەكرێنەوە كارئاسانییەكی باش بۆ بواری هاتووچۆ دەكات.
داهێنانەكە بەهۆی ووزەی خۆرەوە كاردەكات و لەلایەن ژن و مێردێكەوە بەناوی (جولیی و سكۆت بروساو) لەویلایەتی (ئای داهۆ) ئەمریكا جێبەجێكراوە.
تابلۆكان كەبە SR3 ناودەبرێن هەر یەكێك لەمانە 44 وات ووزەی كارەبا بەرهەم دێنن و هەر قاڵبێكیشی كەلە30 دانە پێكدێن لە ڕۆژێكدا 5.28 كیلۆ وات كارەبا بەرهەم دێنن و بەدرێژایی ساڵیش كاردەكەن ، كاتێك سەیری ئەم داهێنانە دەكرێت وادەزانیت لەشووشە دروستكراوە بەڵام تەنیا بەشێكی كەمی شووشەیەو ئەوی دیكەی لە سلیكۆن و چەند جۆرێك كریستاڵ دروستكراوەو بەهۆیەوە ووزەی خۆر هەڵدەمژێت و ڕووناكی دروست دەكات.
ڕێگای زیرەك توانای هەڵگرتن و بەسەردا ڕۆشتنی كێشی زۆری هەیەو تەنانەت ئاساییە كە ئوتومبێلی بارهەڵگری گەورەشی بەسەردا تێپەڕێت.
ئەم داهێنانە وەنەبێت تەنیا بۆ هێمای شەقامەكان بەكاربهێنرێت بەڵكو ئەو ئوتومبێل و خانووانەش كەبەووزەی خۆر كاردەكەن دەتوانرێت سوود لەم تەكنەلۆژیا وەربگرن.
دوای پەسەندكردنی بیرۆكەی ئەم داهێنانە وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریكا بڕی 100 هەزار دۆلاری بۆ سەرخستنی پڕۆژەكە تەرخان كرد، ساڵی 2011 ش 750 هەزار دۆلاری دیكەی بۆهەمان مەبەست تەرخان كرد، ئەگەرچی لەسەرەتادا ئومێدكەم بوو بۆ ئەوەی ئەم داهێنانە سەركەوتن بەدەست بێنێت بەڵام دواجار توانرا بگاتە قۆناغی كۆتایی و ئێستا لەچەندان وڵاتی وەك ئەمریكاو فەرەنساو هۆڵەنداو هندستان كەڵكی لێ وەردەگیرێت.
خوێندراوەتەوە3914