دروستكردنی بوونەوەرێكی نوێ کە ئەندامەكانی جەستەی بۆ مرۆڤ بەكاردەهێنرێت
زانایان گەشتوونەتە ئەو ئاستەی دەتوانن بوونەوەرێكی نوێ دروست بكەن كە ئامانج لێی بەكارهێنانی ئەندامەكانی جەستەی بوونەوەرەكەیە بۆ مرۆڤ.
زانایانی پەیمانگەی بایۆلۆجی لەكالیفۆڕنیا توانیویانە بوونەوەرێكی نوێ لەتوخمی مرۆڤ و بەراز دروست بكەن كەلەداهاتوودا ئەندامەكانی جەستەی ئەو بوونەوەرە وەك دڵ و جگەرو گورچیلەو ئەندامەكانی دیكەی بۆ مرۆڤ بەكاربهێنرێتەوە.
ژمارەیەك لەزانایانی پەیمانگەی (سالك ) لە كالیفۆڕنیا ڕایدەگەیەنن : ئامانجی سەرەكییان لەم كارە ئەوەیە كە ئەندامەكانی جەستەی ئەو بوونەوەرە بۆ مرۆڤ بەكاربێننەوەو هاوكات ئەزمونێكی نوێش دەبێت بۆ تاقیكردنەوەی دەرمان و چارەسەرەكان.
دەشڵێن بوونەوەرە نوێكە كەنیوەی مرۆڤەو نیوەكەی دیكەی بەرازە ناوی (كەمیر) ەو هاوشێوەی ئەو دێوەیە خەیاڵیەیە كەلەئەفسانە یۆنانیەكاندا هەیە.
ئەم بوونەوەرە ئەگەرچی ئایندەیەكی ڕۆشنی لێ چاوەڕوان دەكرێت بەڵام لەڕووی ئاكاریی و دینەوە ڕەنگە ڕووبەڕووی چەندان ئاستەنگ و ڕەخنەگرتن بێتەوە.
پێویستە ئەوەش بوترێت لەدەیەكانی ڕابردوودا زانایان چەند بوونەوەرێكی نوێیان لەمشك و جرج دروستكردوە بەڵام ئەمە یەكەمجارە بتوانن بوونەوەرێك لەگروپی شیرەدەرەكان و بەقەبارەیەك كە هاوشێوەی جەستەی مرۆڤە دروست بكەن.
خوێندراوەتەوە13431