زانست

شاره‌زایه‌كی بواری باڵنده‌كان زانیاری گرنگ بڵاوده‌كاته‌وه‌ له‌باره‌ی شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ی كوردستان

ماوه‌یه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بابه‌تی ڕاوكردنی هێلانه‌ی شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌ باس ده‌كرێت و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ئه‌و بابه‌ته‌ باس ده‌كه‌ن، به‌ڵام هانا ره‌زا، شاره‌زای بواری باڵنده‌كان ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و باڵنده‌یه‌ هێلانه‌ی هه‌بێت و مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤه‌كان و شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌كان ئاشكرا ده‌كات.

هانا ره‌زا، یه‌كێكه‌ له‌ شاره‌زاكانی بواری باڵنده‌ و ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كانی كوردستان و عێراق، له‌ وۆڵی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی؛ "شەمشەمەکوێرە بە گشتی لە وەرزی زستانا یان ئەچنە سووڕی متبوونەوە، یان کۆچ ئەکەن بۆ شوێنی گەرمتر. ئەوانەی کە ئەچنە سووری متبوونەوە، چەوری کۆئەکەنەوەو ئەتوانن بەدرێژایی زستان لەسەری بژین، بەڵام ئەگەر لەکاتێکدا لە سووڕی متبووندان و بەخەبەر بهێنرێنەوەو سووڕەکەیان لێ بپچرێنرێت، لەوانەیە پێش هاتنی وەرزی بەهار چەورییەکەیان سەرف ببێت و بمرن. تکایە خەبەریان مەکەنەوە!".

ده‌قی زانیارییه‌ گرنگه‌كانی هانا ره‌زا؛

دەربارەی دیاردەی هەڵکوتانە سەر ئەشکەوتەکان و کۆکردنەوەی "هێلانە"ی شەمشەمەکوێرە، بە خاڵ:

١. شەمشەمەکوێرە باڵندە نیە...شیردەرە! کە وتت شەمشەمەکوێرە باڵندەیەکی شیردەرە وەکو ئەوە وایە بڵێی مرۆڤ باڵندەیە (ئەمەش بەس خەیاڵی شیعریی کابرای "شاعیر"ە، ئەگینا زانستی نیە).

٢. شەمشەمەکوێرە هێلانەی نیەو هێلانەش دروست ناکات، بەڵکو بە گشتی خۆی بە بنمیچ و دیوارو لقی دارەکانەوە ‌هەڵدەواسێت و بەچکەکانیشی خۆیان بە بەشی ژێرەوەی سکی دایکیاندا هەڵدەواسن و هەر لەوێشدا شیر ئەخۆن و ئەخەون و گەرمی وەرئەگرن. 

٣. یەکێک لە خۆراکە سەرەکییەکانی ئەو شەمشەمەکوێرانەی لە عێراق و کوردستان هەن، مێرووەکانە، بەتایبەتی قالۆنچەو پەروانە. چەند جۆرێکی کەمیشیان دووپشک و کولە ئەخۆن.

٤. لە عێراق نزیکەی ٢٠ جۆر شەمشەمەکوێرە هەن، هەتا ئێستا هیچ شەمشەمەکوێرەیەک لەو جۆرەی کە خوێن ئەمژێت (Vampire Bat) لە عێراق و کوردستان تۆمار نەکراون و بوونیان نییە.

٥. شەمشەمەکوێرە بە گشتی لە وەرزی زستانا یان ئەچنە سووڕی متبوونەوە، یان کۆچ ئەکەن بۆ شوێنی گەرمتر. ئەوانەی کە ئەچنە سووری متبوونەوە، چەوری کۆئەکەنەوەو ئەتوانن بەدرێژایی زستان لەسەری بژین، بەڵام ئەگەر لەکاتێکدا لە سووڕی متبووندان و بەخەبەر بهێنرێنەوەو سووڕەکەیان لێ بپچرێنرێت، لەوانەیە پێش هاتنی وەرزی بەهار چەورییەکەیان سەرف ببێت و بمرن. تکایە خەبەریان مەکەنەوە!

٦. لەمەولا بە ئاگاییەوە لە گووگڵ سێرچ بکە. ئەگەر ئینگلیزییەکەت باش نەبێت، ڕەنگە بکەویتە هەڵەوە.

٧. تکایە ئاستی توانست و زانیاری خۆت دەربارەی گیانەوەرە کێوییەکان (لانی کەم ئەوانەی لای خۆمان) بەرزبکەرەوە تاکو زانیاری و تێگەشتنی هەڵە دەربارەی سروشت و گیانەوەران بڵاو نەبێتەوە.

٨. تکایە بەبێ دەستکێشی تایبەت، دەستکاری شەمشەمەکوێرە مەکە، چونکە ڕەنگە هڵگری نەخۆشی بێت کە بۆ مرۆڤ ئەگوازرێتەوە.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە2828