كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی ئایفۆن ئێكس بەهای ئەپڵی داكشاند
هەر لە دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی سنووداركردنی بەرهەمهێنانی ئایفۆن ئێكس، بەهای كۆمپانیای زەبەلاحی ئەمریكی ئەپڵ نزیكەی ٢٢ ملیار دۆلار داكشا.
پشكەكانی كۆمپانیای ئەپڵ لە بۆرسەی نیویۆرك بە بەروارد لەگەڵ رۆژی هەینی رابردوو، بە رێژەی شەش و لەدەیا دوو دابەزی. رۆژی هەینی رابردوو بەهای كۆمپانیای ئەپڵ نزیكەی ٨٨٠ ملیار دۆلار بوو. بەڵام دوێنێ سێشەممە بە كەمبوونەوەی ٢٢ ملیار دۆلار، ئەو رێژەیە بۆ نزیكەی ٨٥٨ ملیار دۆلار داكشا.
هاوكات پشكەكانی كۆمپانیای ئەپڵ لە میانی یەك هەفتەدا، بە رێژەی لەسەدا چوارو لە دەیا شەش دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بەم پێیەش لەنێو ئەم قۆناغەدا، ٥٨ ملیار دابەزی.
ئەمەش لەكاتێكدایە رۆژنامەی نیكی یابانی بڵاوی كردەوە كۆمپانیای ئەپڵ لە مانگی كانوون تا ئازار بەرهەمهێنانی ئایفۆن ئێكس بۆ نیوە كەم دەكاتەوە و ژمارەی ئایفۆن ئێكس دەبێت بە ٢٠ ملیۆن دانە.
خوێندراوەتەوە640