وه‌رزش

یانه‌ی‌ چێڵسی‌ ئه‌سته‌مه‌ پارێزگاری‌ له‌نازنای‌ پریمه‌رلیگ بكات

خولی‌ یانه‌ نایابه‌كانی‌ ئینگلته‌رای‌ ئه‌م وه‌رزه‌ بۆ چێڵسی‌ قورس‌و جیاواز ده‌بێت به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت پارێزگاری‌ له‌ نازناوه‌كه‌ بكات، له‌م راپۆرته‌دا چه‌ند هۆكارێك ده‌خه‌ینه‌ روو كه‌ وا ده‌كات تیپه‌كه‌ی‌ كۆنتی‌ توشی‌ شكست بن‌و نه‌بنه‌ پاڵه‌وانی‌ ئینگلته‌را.

خولی‌ یانه‌ نایابه‌كانی‌ ئینگلته‌را به‌ده‌ستپێكێكی‌ به‌هێز خۆی‌ پیشانی‌ جیهان‌و خوله‌ ناوخۆییه‌كانی‌ ئه‌وروپادا‌و هاوشێوه‌ی‌ وه‌رزه‌كانی‌ رابردوو زیاد له‌ دوو یانه‌ ململانێی بونه‌ پاڵه‌وان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مساڵ بۆ چێڵسی‌ پاڵه‌وان جیاواز ده‌بێت‌و شیكه‌ره‌وه‌كان پێیانوایه‌ ئه‌سته‌مه‌ تیپه‌كه‌ی‌ كۆنتی‌ بتوانێت پارێزگاری‌ له‌ نازناوه‌كه‌ بكات‌و چه‌ند هۆكارێكیان ئاشكرا كردوه‌ كه‌ بلوز دوچاری‌ كه‌وتن ده‌كات.

خولی‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی‌ ئه‌وروپا

ئه‌گه‌ر له‌وه‌رزی‌ رابردوودا یه‌كێك له‌هۆكاری‌ بردنه‌وه‌ی‌ نازناوی‌ پریمه‌رلیگ بۆ چێڵسی‌ به‌شدارینه‌كردنی‌ بوبێت له‌ هیچ خولێكی‌ ئه‌وروپی‌، ئه‌وا بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ بونی‌ ئه‌و تیپه‌ له‌ چامپیۆنس لیگ گرنگترین هۆكار ده‌بێت بۆ له‌ده‌ستدانی‌ نازناوی‌ خولی‌ ناوخۆیی، به‌و پێیه‌ی‌ یاریزانانی‌ یانه‌كه‌ فشاری‌ زیاتریان له‌سه‌ر دروست ده‌بێت‌و ماندوبونیان پێوه‌ دیار ده‌بێت، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ری‌ دوچاربون به‌ پێكان‌و دوركه‌وتنه‌وه‌ی‌ یاریزان زیاتر ده‌كات.

مێژووی‌ خولی‌ یانه‌ نایابه‌كانی‌ ئینگلته‌را
خولی‌ یانه‌ نایابه‌كانی‌ ئینگلته‌را مێژووی‌ خراپی‌ له‌گه‌ڵ پاڵه‌وان هه‌یه‌، به‌جۆرێك كه‌مترین كات تیپێك له‌سه‌ریه‌ك‌و بۆ دوو جار بۆته‌ پاڵه‌وان، مۆرینیۆ‌و فێرگسۆن گرنگترین ئه‌و راهێنه‌رانه‌ن كه‌ توانیویانه‌ له‌گه‌ڵ چێڵسی‌‌و مانچسته‌ر یونایتد دووجاری‌ له‌سه‌ریه‌ك جامه‌كه‌یان به‌رزكردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ش یه‌كێكیتره‌ له‌و هۆكارانه‌ی‌ وا ده‌كات له‌م وه‌رزه‌دا چێڵسی‌ جامه‌كه‌ له‌ده‌ستبدات.

له‌ده‌ستدانی‌ دیگۆ كۆستا‌و نیمانیا ماتیچ
هه‌رچه‌نده‌ یانه‌ی‌ چێڵسی‌ گرێبه‌ستی‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند یاریزانێكدا كردوه‌، به‌ڵام دوركه‌وتنه‌وه‌ی‌ دیگۆ كۆستا‌و فرۆشتنی‌ نیمانیا ماتیچ كاریگه‌ری‌ خراپی‌ له‌سه‌ر پێكهاته‌كه‌ی‌ ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی‌ دروست ده‌كات، به‌جۆرێك هێڵی‌ هێرشبردنی‌ به‌لاوازی‌ ده‌رده‌كه‌وێت‌و نگۆلۆ كانتیش ناتوانێت به‌ته‌نیا روماڵی‌ هێڵی‌ ناوه‌ڕاست بكات.

خشته‌ی‌ یارییه‌كان‌و به‌هێزیان
هه‌رچه‌نده‌ یانه‌ی‌ چێڵسی‌ له‌یه‌كه‌م یاریی خوله‌كه‌دا‌و له‌ئه‌ركێكی‌ تاراده‌یه‌ك ئاساندا روبه‌ڕوی‌ بێرنلی‌ بوه‌وه‌، به‌ڵام یارییه‌كه‌ی‌ دۆڕاند، دوابه‌دوای‌ ئه‌وه‌ش به‌رامبه‌ر ئیڤه‌رتۆن‌و تۆتنهام یارییكرد‌و هه‌ردوو یارییه‌كه‌ی‌ برده‌وه‌، له‌هه‌مان كاتدا خشته‌ی‌ یارییه‌كانی‌ ئه‌و تیپه‌ چه‌ند روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌كی‌ قورسی‌ تێدایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری‌ له‌ده‌ستدانی‌ خاڵی‌ هه‌یه‌، به‌وه‌ش مه‌ترسی‌ له‌ده‌ستدانی‌ نازناوه‌كه‌ زیاتر ده‌كات.

قسه‌كانی‌ كۆنتی‌
ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی‌ له‌پێش ده‌ستپێكردنی‌ خولی‌ یانه‌ نایابه‌كانی‌ ئینگلته‌را لێدوانێكیدا كه‌ ترسی‌ خسته‌ دڵی‌ هانده‌رانی‌ یانه‌كه‌یه‌وه‌، كاتێك راگه‌یاند وه‌رزی‌ 2017-2018ی‌ پریمه‌رلیگ قورسترین كات ده‌بێت له‌ ژیانی‌ راهێنه‌رایه‌تیدا، ئه‌وه‌ش والێكدرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌و راهێنه‌ره‌ متمانه‌ی‌ به‌خۆی‌‌و تیپه‌كه‌ی‌ نیه‌ پارێزگاری‌ له‌نازناوه‌كه‌ بكات.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە704