زیدانی راهێنه‌ر ریاڵ مه‌دریدی سه‌رده‌می زیدانی یاریزانی دروستكرده‌وه
زه‌ینه‌دین زیدانی راهێنه‌ری یانه‌ی ریاڵ مه‌درید رۆژ له‌دوای رۆژ ژماره‌ی گه‌وره تۆمار ده‌كات‌و ناوی به‌زێڕ له مێژووی یانه‌كه ده‌نوسێته‌وه، هه‌ڕه‌شه‌ش له‌راهێنه‌ره‌كانی پێش خۆی ده‌كات به‌بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كان، فه‌لسه‌فه‌ی یاریكردنی خۆیشی به‌سه‌ر تیپه‌كه‌یدا سه‌پاندوه‌و هه‌ر یاریزانه‌و له‌پێگه‌كه‌ی خۆیدا زیدانێكی نوێیه.
ئه‌گه‌ر له 115 ساڵی رابردودا ریاڵ مه‌درید مێژوویه‌كی گه‌وره‌ی تۆماركردبێت‌و وه‌ك باشترین یانه‌ی جیهان ده‌ركه‌وتبێت، ئه‌وا له‌ئێستادا زه‌ینه‌دین زیدانی راهێنه‌ر ناوی به‌زێڕ له‌و مێژوه‌دا ده‌نوسرێته‌وه كه له‌ماوه‌ی دوو ساڵی كاركردنیدا ئه‌وه‌ی له‌تۆپی پێی ئه‌وروپا‌و جیهاندا هه‌یه پێشكه‌شی یانه‌ی شاهانه‌ی كردوه‌و ئێستاشی له‌سه‌ربێت له‌بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كان تێر نه‌بوه.
زیدانی راهێنه‌ر ته‌نها به‌بردنه‌وه‌ی جامه‌كان‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن سێرجیۆ رامۆسه‌وه گۆڕانكاری نه‌كردوه، به‌ڵكو ئه‌و راهێنه‌ره فه‌ره‌نسیه له‌روی شێوازی یاریكردن‌و ده‌رخستنی كه‌سایه‌تی راسته‌قینه‌ی ریاڵ مه‌درید شۆڕشی به‌رپا كردوه‌و باشترین نوسخه‌ی ئه‌و یانه‌یه‌ی پیشانی جیهان داوه.
ئه‌ستێره‌كه‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا توانی له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ریاڵ مه‌درید فێری شێوازێك بكات كه كۆنترۆڵی تۆپ بكه‌ن‌و زۆرترین ئاڵوگۆر بكه‌ن، ئه‌وه‌ش بۆ ماندوكردنی تیپی به‌رامبه‌ر باشترین چه‌كه‌و ئامانجه‌كه ده‌پێكێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه به‌هاتنی زیدان بۆ راهێنه‌رایه‌تی ریاڵ مه‌درید ئه‌و یانه‌یه فه‌لسه‌فه‌ی پشت به‌ستنی به‌تاكه یاریزان تێكشاند‌و له‌كاتی دوركه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ر یاریزانێك شوێنگره‌وه‌یه‌كی گونجاوی هه‌بوو كه ئه‌گه‌ر له‌یاریزانه سه‌ره‌كیه باشتر نه‌بوایه به‌دڵنیاییه‌وه خراپتر نه‌ده‌بوو، رۆناڵدۆ باشترین نمونه‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌و یاریزانه پرتوگالیه باشترین یاریزانی جیهانه‌و هیچ كه‌س نكوڵی له‌ئاستبه‌رزی ناكات، به‌ڵام یانه‌ی شاهانه راهاتوه به‌بێ كریس یاری بكات‌و ته‌نانه‌ت له‌یانه مه‌زنه‌كانی وه‌ك به‌رشه‌لۆنه‌ش ده‌باته‌وه.
زه‌ینه‌دین زیدان یه‌كێكه له‌و راهێنه‌رانه‌ی كه متمانه‌یه‌كی زۆری سه‌رۆكی یانه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌و پشتگیرییه‌كی بێوێنه ده‌كرێت، بۆیه لایه‌نی ده‌رونی یه‌كێكه له‌و پاڵنه‌رانه‌ی كه‌وایكردوه ئه‌و راهێنه‌ره به‌ئاسوده‌یی كۆنترۆڵی ژوری خۆگۆڕین بكات‌و ئه‌نجامه‌كه‌شی له‌یاریگادا به‌رونی دیاره.
یه‌كێكیتر له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی زیدان، راگرتنی كه‌سایه‌تی خۆی بوه له‌یانه‌كه‌دا، به‌وه‌ی كه‌مترین كات رێگه‌ی به پێرێزی سه‌رۆكی یانه‌كه‌دا داوه ده‌ست بخاته ناو كاره‌كانی، به‌تایبه‌تی له دانانی پێكهاته‌كه‌ی، له‌هه‌مان كاتدا كڕین‌و فرۆشتن له‌بازاڕه‌كانی گواستنه‌وه‌دا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له جیمس رۆدریگێزی كۆڵۆمبی رویدا‌و راهێنه‌ره‌كه سووربو له‌سه‌ر فرۆشتنی له‌كاتێكدا پێرێز هه‌وڵی ده‌دا بیهێلێته‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌نجام قسه‌ی زیدان سه‌ریگرت‌و به‌خواستن دایانه یانه‌ی بایرن میونخ.
زیدان ئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می یاریزانیدا له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا‌و ریاڵ مه‌درید به‌تایبه‌تی ئه‌نجامیدا، به‌ته‌واوی له‌كاری راهێنه‌رایه‌تیدا ره‌نگیدایه‌وه‌و توانی تیپێك بۆ ئه‌و یانه‌یه دروست بكات كه زۆربه‌ی یاریزانه‌كان هاوشێوه‌ی خودی خۆی یاری بكه‌ن، ئه‌وه‌ش ریاڵ مه‌دریدی به‌ره‌و كه‌ناری سه‌ركه‌وتن برد‌و هانده‌رانی یانه‌كه به‌بینیی ئاستی تیپه‌كه‌یان شاگه‌شكه بون.
زه‌ینه‌دین زیدان دوو وه‌رز له‌مه‌وبه‌ر له‌فێرگه‌ی كاستیای یانه‌ی ریاڵ مه‌دریده‌وه‌و له‌شوێنی رافاێل بینیتێز پۆستی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كه‌ی وه‌رگرت‌و له‌و كاته‌وه توانیویه‌تی 7 نازناو بۆ یانه‌ی شاهانه به‌ده‌ستبهێنێت، كه گرنگترینیان دوو چامپیۆنس لیگ‌و دوو جامی سوپه‌ری ئه‌وروپا بوه، به‌وه‌ش ژماره‌كه‌ی دیل بۆسكی یه‌كسانكرده‌وه‌و به‌هۆی ئه‌وه‌ی مۆندیالی یانه‌كانیشی له‌پێشه، توانای شكاندنی ژماره‌كه‌ی دیل بۆسكی هه‌یه‌و سێیه‌م راهێنه‌ری مێژووی ریاڵ مه‌درید له‌دوای لویس مۆلۆنی‌و میگێل مۆنیۆز كه زۆرترین نازناوی بۆ یانه‌ی شاهانه به‌ده‌ستهێنابێت.
خوێندراوەتەوە901