وه‌رزش

ڤیدیۆ.. بایرن میونخ جامی‌ سوپه‌ری ئه‌ڵمانیای له‌ بروسیا دۆرتمۆند برده‌وه‌

یانه‌ی بایرن میونخ بۆ جاری شه‌شه‌م بوه‌ براوه‌ی جامی‌ سوپه‌ری ئه‌ڵمانیا كاتێك به‌ لێدانی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر یانه‌ی بروسیا دۆرتمۆندا تۆمار كرد.

له‌ یاریی جامی‌ سوپه‌ری ئه‌ڵمانیا یاریگای سیگنال ئیدۆنا پارك بوه‌ شانۆی به‌ریه‌كگه‌یشتنی هه‌ردوو یانه‌ی بروسیا دۆرتمۆندی هه‌ڵگری نازناوی‌ جامی‌ نێوخۆیی و بایرن میونخی براوه‌ی خولی‌ ناوخۆیی.

بروسیا دۆرتمۆند به‌ هێرشبردنی چڕ ده‌ستی پێكردو له‌ خوله‌كی‌ 12 له‌ رێگه‌ی پۆلیسیچه‌وه‌ گۆڵی پێشكه‌وتنی تۆمار كرد، به‌ڵام تایمی یه‌كه‌م به‌ یه‌كسانبوون كۆتایی هات كاتێك لیڤاندۆڤسكی له‌ خوله‌كی‌ 18 گۆڵی به‌رامبه‌ر تۆمار كرده‌وه‌.

له‌ تایمی دوه‌مدا به‌ هه‌مان شێوه‌ بروسیا دۆرتمۆند له‌ تۆماركردنی‌ گۆڵ ده‌ستپێشخه‌ری كرده‌وه‌ و له‌ خوله‌كی‌ 71 ئۆبامیانگ گۆڵی دوه‌می زه‌ردپۆشه‌كانی‌ كرد، یارییه‌كه‌ نزیك بوو به‌ بردنه‌وه‌ی د‌ورتمۆند كۆتایی بێت، به‌ڵام له‌ خوله‌كی‌ 88 بوركی یاریزانی‌ دۆرتمۆند به‌ هه‌ڵه‌ گۆڵێكی له‌ خۆیان كردو بایرن ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسانكرده‌وه‌.

بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ په‌نا برایه‌ به‌ر لێدانی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌و بایرن میونخ به‌ ئه‌نجامی‌ 4 به‌ 3 توانی‌ بردنه‌وه‌ تۆمار بكات و بۆ جاری شه‌شه‌م له‌ مێژوویدا نازناوی‌ سوپه‌ری ئه‌ڵمانیای برده‌وه‌.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە358