تاڤگە سابیر
د. ئیسماعیل نامیق
دانا عهبدولكهریم
ئارام جەمال
ئاههنگی پشتیوانی گۆڕانخوازان بۆ لیستی 142ی گۆڕان و 183ی نیشتمان
سلێمانی.. بازاڕی گژوگیا بەهارییەكان
ئەندازیارێكی ئوستڕاڵی بە ئامێرێكی ناوازەی مۆسیقیەوە بە وڵاتاندا دەگەڕێت
وان: پێشبڕكێی ههڵبژاردنی جوانترین پشیله
دهۆک: تیمێکی ئەڵمانیی چەند شوێنەوارێکی دێرین دەدۆزێتەوە
ئەو دەنــگانەی هەرگیز هــاک ناکرێ
ئەوەی لە ئێستادا لە میسردا ڕووئەدات پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ھەڵە تێگەیشتن لە سیستمی دیموکراسی و بە تەماحی سنووردارنەکردنی دەسەڵاتی ھێزە حوکمڕانەکانەوە ھەیە. ئەوەی ڕوودەدا تۆڵەی فرەڕەنگی، واتە پلورالیزمی، سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییە لە دەسەڵاتێک لە ھەوڵی لەناوبردن و سڕینەوە، یان لانیکەم لە ھەوڵی بێنرخکردنی تەواوی سەرجەمی دەنگەکانی دەرەوەی دەسەڵاتدا بوو . ھەڵەکانی ئەم ئەزموونە ئیخوانییەی حوکمڕانی لەم خاڵانەی خوارەوەدا بەرجەستەن: یەکەم: نووسینەوەی دەستور بە عەقڵیەتێکی ئیسلامی داخراوەوە، نووسینەوەی دەستور بۆ بەشێک لە کۆمەڵگای میسری لەباتی نووسینەوەی بۆ ھەموو ئەو کۆمەڵگایە. کێشەکانی میسر لە نووسینەوەی دەستورەوە دەستیپێکرد، ئیخوانەکان دەستورێکیان بۆ میسر نووسی کە دەستوری باڵێکی کۆنەپارێزی ناو ئیخوان خۆی و بەرجەستەکەری عەقڵیەتی ھەندێک لە ھێزە سەلەفییەکانی میسربوو. دەستورێک بوو لەباتی ئەوەی شوێنی جێکردنەوەی رەنگە جیاوازەکانی ناو ئەو وڵاتەبێت لە چوارچێوەکی نیشتیمانیدا، دەستوری ئیخوان و دەنگە ئیسلامییە داخراو و دۆگماییەکان بوو بەتەنھا. دووھەم: مەسەلەی بەئیخوانیکردنی دەسەڵات: کێشەی دووھەم ھەوڵی بەردەوامی ئیخوان بوو بۆ بە ئیخوانیکردنی جیھازی ئیداری، بە ئیخوانیکردنی میدیا و دەزگاکانی دەوڵەت، بەکورتی بەئیخوانیکردنی دەسەڵات بەگشتی. ئەمە لەکاتێکدا بەشداری ئیخوان لە شۆڕشی ٢٥ کانونی دووھەمدا ڕۆڵێکی لاوەکی بوو، ئەم ڕۆڵەش وایلێکردن لەسەرەتادا بەڵێن بدەن کە کاندیدیان تەنھا بۆ ڕێژەیەکی دیاریکراوی کورسییەکانی پەرەلەمان ھەبێت و کاندیشیان بۆ سەرۆکایەتی میسر نەبێت. بەڵام لەماوەی چەند مانگێکدا ھەموو ئەو بەڵێنانەیان پێشێلکرد و ھەموو دەسەڵاتەکانیان گرتەدەست و کەوتنە ھەوڵدان بۆ بە ئیخوانیکردنی ئەو جومگە و ڕووبەرانەی دەسەڵات کە بەدەستیانەوە نەبوو. بەکورتی پشتکردنە بەشداریکردنی ھێزەکانی تر لە دەسەڵاتدا و ھەوڵدان بۆ دەستگرتنی تەواو بەسەر سەرجەمی دەسەڵاتەکاندا. سێھەم: حیسابنەکردن بۆ ھێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تری ناو میسر. نائومێدکردنی سەرجەمی ھێز و دەنگە سیاسییەکانی تر لە وڵاتەکەدا و گوێنەدان بەو ڕاستییەی کە ئیخوان نوێنەری ھەموو کۆمەڵگای میسر نین. چوارەم: کورتکردنەوەی دیموکراسییەت بۆ حوکمی زۆرینەیەکی پەرلەمانی بەتەنھا. یەکێک لەو خاڵانەی کە سەرجەمی ئەزموونەکەی ئیخوانی وێرانکرد کارکردنی ئەم حیزبەبوو بە لۆژیکی زۆرینەی پەرلەمانی، لە وڵاتێکدا لەڕووی سیاسی و دینی و فەرھەنگییەوە پڕە لە جیاوازیی و فرەجۆری. ئیخوانەکان لەو ڕاستییە نەگەیشتن کە دیموکراسییەت حوکمی ڕەھای زۆرینە نییە، ئەم جۆرە تێگەیشتنە بۆ تێگەیشتنێکی فاشیانەیە بۆ دیموکراسیەت. بەشداری ھێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوەی زۆرینەی پەرلەمانی و ڕێزگرتنی داواکارییەکانیان، بەشێکی گرنگی کارکردنی سیستمی دیموکراسییە لە وڵاتێکی پلورالدا. پێنجەم: بوونی دەزگایەکی سەرۆکایەتی بێئەزموون و تەواو فاشیل. ئەم دەزگایە دەزگی بەڵێندانی درۆ و چارەسەری شکڵی کێشە قووڵەکانی کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە دەستی ئیخوانەکاندا، بوو. دەزگای سەرۆکایەتی مورسی نەک تەنھا دەزگایەکی ناچالاکبوو، بەڵکو دەزگایەک بوو ھەڵە لە دوای ھەڵە و درۆ لە دوای درۆی دەکرد. شەشەم: شێوازی فاشیل ئیخوانی موسلیمین لە حوکمڕانیدا. خاڵی ھەرەسەرەکی ئەم فەشەلە ئەوەیە کە ئیخوانەکان بە لۆژیکی سیاسەت، واتە بە لۆژیکی بەڕێوەبردنی ژیانی گشتی لە کۆمەڵگایەکی پلورال و فرەڕەنگدا، کاریاننەدەکرد، بەڵکو ھەر لە بەنڕەتەوە خاوەنی کۆمەڵێک سیاسی شارەزا نەبوون. ئیخوانەکان کۆمەڵێک خوێندەوار و ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایان ھەیە، بەتایبەتی لە بوارە زانستییەکانی وەک ھەندەسە و پزیشکی و ھتد... بەڵام سیاسیان بە مانای سیاسی نییە. حەوتەم: توەکردنی بەردەوامی ئەو ھێزە گەنجەی ناو میسر کە ڕژێمەکەی موبارەکیان ڕوخاند، ھێزێکی زۆر چالاک لە گەنجی ھۆشیار کە ئیرادە جوڵاندنی دۆخەکەی ھەیە و توانای کۆکردنەوە و ڕێکخستنی ملیۆنەھا مرۆڤیان ھەیە. ئاشکرایە بڕێکی زۆری ھەڵەکانی ئەم شێوازی حوکمڕانییەی ئیخوانی موسلیمین لە میسردا لەمڕۆکەی ئەزموونی سیاسی کوردستانیشدا ئامادەیە. پارتی و یەکێتی بەھەمان لۆژیکی ئیخوانەکانی میسر حوکمدەکەن. ئەوەی ئەمڕۆ لە میسردا دەکەوێت ئەو مۆدێلە داخراوەی حوکمڕانییە کە توانای جێکردنەوەی ھێز و دەنگ و ویست و خواستە جیاوازەکانی کۆمەڵگایان نییە. پهیجی نوسهر