په‌یكار عوسمان

بە ئارامی و دوور لە هاشوهوش‌


- هەڵبژاردنەکە بۆ عێراقە، کەچی وەهمی گۆڕینی 'دەسەڵاتی هەرێم' لای دەنگدەر دروست ئەکرێ!
ئەوانەی ئەمڕۆ بەو بانگەشەیە دەنگ کۆئەکەنەوە، سبەی دۆڕاوی هەڵبژاردنەکانی کوردستان ئەبن، چونکە ئەو کارتەی کە پێویستە ئەوکات ڕابکێشرێ، لە ئێستاوە ڕایئەکێشن و ئەیسوتێنن.
هێزی سەرکەوتوو بانگەشەو بەرنامەی هەردو هەڵبژاردنەکە جیائەکاتەوەو تێکەڵی ناکات، ئەیکا بە دوو کارت و ئێستا یەکێکیان ڕائەکێشێ.


- هەڵبژاردنەکە هی عێراقە، کەچی ئەڵێ ی هی محافەزاتەو شەڕەکە لەسەر محافزی سلێمانییە!
وەکچۆن هاوکیشەی 'خۆپیشاندان' هەولێرو دهۆك یەکلای ئەکەنەوە، هاوکێشەی 'دەنگدانیش' هەر ئەوان یەکلای ئەکەنەوە نەك سلێمانی.
یەکێتی بە ئەندازەی پێویست بچوککراوەتەو بچوکتریش ئەبێتەوە، ئەبوو هێزی کۆن و نوێ، قورسایی بخەنە سەر ئەولاو بە هەمووان خەریکی بچوكکردنەوەی پارتی بن، نەك لێدان و بچوککردنەوەی خۆیان.


- نەك هەڵبژاردنی گشتی، لە هی گەڕەك و گوندێکیشا پارتی و یەکێتی پاشەکشێ بکەن هەر دەسکەوتە، گرنگە هێزەکانی تر لەوە تێبگەن کە بچوکبوونەوەی پارتی و یەکێتی گرنگترە لە گەورەبوونی ئەوان!!
یەعنی گەورەبوونی ئەوان لەسەر حسابی پارتی و یەکێتی گرنگە، نەك لەسەر حسابی یەکتر.


- (هاوپەیمانی و نەوەی نوێ) هێزی مونافسن، بەڵام هێزی نوێ نین، چونکە نەیانتوانیوە گۆڕان تێپەڕێنن، بەهەمان کەرەستەکانی گۆڕان ململانێ ئەکەن و هاتوونەتە مەیدان، هێزی نوێ ئەوەیە کە گۆران تێپەرێنێ نەك ئەوەی کە لاسایی گۆڕان بکاتەوەو چێشتە ساردەکانی ئەو گەرم بکاتەوە..
هێزی نوێ هێشتا هەر گۆڕان خۆیەتی، چونکە ئەخیر پەیام هێشتا هەر ئەوەی ئەوەو پەیامی نوێتر نەهاتووە، ئەوەی دێ هەمان پەیامی ئەو دووپات ئەکاتەوە.
ئەشێ نەوەی نەوێ ڕاگەیاندنی بەهێزتربێ، ئەشێ کەسی یەکەمی هاوپەیمانی وەجهتربێ، بەڵام بە هەموو کەموکوڕیەکانیەوە هێشتا هەر گۆڕان خۆی، نزیکترە لە پەیامەکانی خۆی.


- هێزەکانی تر بۆ ئەوەی نوێ بن ئەبێ گۆڕان تێپەڕێنن، بەڵام گۆڕان بۆ ئەوەی کۆن نەبێ، ئەبێ خۆی تێپەڕێنێ!
ئەبێ قسەی نوێ ی هەبێت، مەسەلەن دوای عەفرین و کەرکوك، ئیتر تەنیا خیاتبی چاکسازیی کافی نیەو ئەبێ قسەی نەتەوەیی و نیشتمانیش هەبێ!!
ئێستا قەزییەی کورد لەنێوان پارتی و پەکەکە چەقی بەستووەو لەپاشەکشێ دایە، کۆنگرەی نەتەوەیی لەنێوان ئەم دوو هێزەدا مرداربۆتەوە، پێویستە هێزی سێیەم و بەرەی سێیەم بێتە مەیدان و قسەی خۆی بکاو دووانەکەی تریش گرێ بداتەوە.
تاکە شت کە گۆران لە لۆکاڵییبوون ڕزگاربکات، هەروەها لە خۆی ڕزگاری بکاو خۆی تێپەڕێنێ، خیتابێکی نەتەوەیی نیشتمانییە.


- هاوپەیمانی نوێ نیە، بەڵام مونافسێکی ئیجابییە، چونکە ڕووی تیرەکانی لە بازنەی پارتی و یەکێتییە.
هاوپەیمانی و گۆڕان و ئیسلامییەکان ئەگەرچی مونافەسەش ئەکەن، بەڵام بە تەنکی لە یەك ئەدەن و تا سەر ئێسقانی نابەن، چونکە تێگەیشتوون کە شەڕی گەورەی ئەوان لەگەڵ بازنەکەی ترە، ئەمەش سەرەتایەکی باشە بۆ ئەوەی دواتر کاری پێکەوەیی بکەن و بازنەیەکی تۆکمە دروست بکەن.
بەڵام نەوەی نوێ مونافسێکی سلبیە، چونکە تیرەکانی ڕووکردۆتە ناوەوەی بازنەی ئۆپۆزسیۆن و تا ناو گۆشت و ئێسكیشی بردوە!
ئەگەر بە کات حسابی بکەیت، نەوەی نوێ نەك پێشکەوتنێك نیە، بەڵکو ڕێك نۆ ساڵ گەڕانەوەیە بۆ دواوە، بۆ ٢٥ی ٧ی ٢٠٠٩ ئەو کاتەی گۆران وتی من هەر خۆم ئێوە هەمووتان.


- بەڵام هێشتاش پێموانیە کە نەوەی نوێ هیچ سودێکی نەبێت، بەڵکو عادەتەن خەڵکی ڕەشبین کەیفیان بە خیتابی توندو هێزی ڕادیکاڵ دێت!
هەر بۆیە خەڵکێکی ڕەشبین کە هیوایان بە هەڵبژاردن نەماوەو بە تەمان دەنگ نەدەن، هیوادارم نەوەی نوێ هیوایەك بۆ ئەمانە بگەڕێنێتەوەو ئەم دەنگانە هەمووی بەرێ بۆ خۆی.


بەڵام ئەوانەی کە دەنگ ئەدەن و ئومێدیان بە هەڵبژاردن ماوە، هیوادارم زۆرترین دەنگ بە هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بدەن بە تایبەت بە گۆڕان!
چونکە گۆڕان تەنیا حیزب نیەو مۆدێلیشە، حیزب و قەوارەی تر دروستبوون و هەن، بەڵام هێشتا هەر گۆران مۆدێلە بەرامبەر مۆدێلی پارتی و یەکێتی.
تا گۆڕان چەقی مۆدێلەکەی خۆی بێت، یان تا مۆدێلێکی تر پەیا ئەبێت، تا ئەو کاتە گۆڕان لە هەمووان زیاتر شایستەی دەنگ پێدانە.


خوێندراوەتەوە851