د.شێركۆ عه‌بدوڵا

بە ئیجازەی كەلیلەو دمنە‌


بەچكە شێرە گەنجەكە، كە دارستانەكەی بە میراتی بۆ جێ‌ مابوو لە نەڕە شێری رەحمەتیی باوكییەوە، هەزار و یەك موشكیلەی هاتەڕێ‌. موشكیلەكان وایان كرد كە نەك هەر سنووری دەسەڵاتی ئەو لە دارستانەكەدا لاواز ببێ‌، بەڵكو زۆربەی ئاژەڵەكانیش لێی نە ئەترسان و تەنانەت هەندێكیشیان حسابیان بۆ نەئەكرد. بۆ یەكلایی كردنەوەی وەزعەكە رۆژێك بڕیاری دا بچێتە پەنا بەردێكەوە بۆ خەڵوەت و لەوێ‌ بە جددی بیر لە مەسەلەكە بكاتەوەو چارەسەرێكی خێرا بدۆزێتەوە ئەگینا حسابی فت ئەبێ‌. ئەوە بوو لای پەنا بەردەكەوە پاڵی لێدایەوە و بەدەنگی بەرز كەوتە مۆنۆلۆج لەگەڵ خۆیدا : بۆچی وام لێ‌ هات؟ خەتای خۆمە یان بارودۆخەكە نەگونجاوە؟ شێری دارستانەكەی ئەوبەر چ رۆڵێكی هەیە لەم كێشەیەدا؟ چەند كەسی لەو ورچ و گورگ و رێوی یانە كردووە بە پیاوی خۆی؟ و…تاد.

لەم قسە و لێكدانەوانەدا بوو، كەرویشكێك، كە تومەز دەمێكە گوێی لە بەچكە شێر گرتووە، خۆی پێ‌ رانەگیرا و گوتی:

× لێم تووڕەنابی ئەگەر بڵێم خەتای خۆتە؟

ـ نەخێر تووڕەنابم.. بەس بۆچی خەتای خۆمە؟!

× گەورەم، باوكی رەحمەتیت، گۆڕەكەی پڕ لە نوور بێ‌، ئەچوو بەگژ بەور و پڵنگ و نەهەنگ و تیمساحی یەكی یەكیدا….

ـ ئێ‌؟

× كەس نەیئەوێرا، لە ئاستیدا دەم بكاتەوە…

ـ ئەی من چیم كردووە؟

× تۆ هاتوویت لەگەڵ چەقەڵێكی گەڕدا ئەیكێڵی… شێرایەتی وانابێ‌ قوربان.




10/4/2018

خوێندراوەتەوە1463
     گشت ووتارەکان