تاڤگە سابیر
د. ئیسماعیل نامیق
دانا عهبدولكهریم
ئارام جەمال
ئاههنگی پشتیوانی گۆڕانخوازان بۆ لیستی 142ی گۆڕان و 183ی نیشتمان
سلێمانی.. بازاڕی گژوگیا بەهارییەكان
ئەندازیارێكی ئوستڕاڵی بە ئامێرێكی ناوازەی مۆسیقیەوە بە وڵاتاندا دەگەڕێت
وان: پێشبڕكێی ههڵبژاردنی جوانترین پشیله
دهۆک: تیمێکی ئەڵمانیی چەند شوێنەوارێکی دێرین دەدۆزێتەوە
ئەو دەنــگانەی هەرگیز هــاک ناکرێ
بەو پێیەی کە بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن پیاوێکی بیریاری وەک #نەوشیروان_مستەفا وە ڕابەرایەتیی ئەکرا، ئیدی خۆبەخۆ تێڕوانینەکانی ئەم ڕابەرە نەخشی بەسەر کۆی بزووتنەوەکەوە ئەبێت، ئەوەش ڕوونە کاک نەوشیروان چەندە لە گرنگی پەیوەندیی هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتیی بۆ هەرێمی کوردستان تێگەیشت بوو، واوەتر لە مەترسی پەیوەندی حیزبەکان لە هەردوو ئاستەکەدا تێگەیشت بوو. ئەزموونێکی کەڵەکەبووی هەبوو، هەر بۆیە لەسەرەتای سەرپێخستنی بزاڤی گۆڕانەوە زۆرێک لە دۆستان دەرگیر ئەبوون لەگەڵی، کە بۆچی ئێمە پەیوەندیی هاوشێوەی حیزبەکانمان بەدەرەوە نەبێت؟ بەڵام ئەو هەر سوور بوو لەسەر ئەوەی کە پێویستە پەیوەندییەکانی دەرەوە ئۆرگانیزە و دامەزراوەیی بکرێت، تەنیا و تەنیا حکومەت بەو ڕۆڵە هەستێت. لە هەموو ئەو نوێنەر و باڵوێز و سەرقونسوڵانەی کە ئەهاتنە لای، لەچوارچێوەیەکی زۆر نیشتیمانییدا گفتوگۆی لەگەڵ ئەکردن، هەمیشە لە سۆنگەی پاراستنی کەسێتیی مەعنەویی ئەم هەرێمەوە گفتوگۆی لەگەڵ ئەکردن، لەکاتێکدا ئەوانەی کە جڵەولەدەستی هەرێم بوون وەک کوێخا و مونتەبید لە دەرەوەیان ئەڕوانی! لەپرسی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمدا "برێت مەکگۆرگ، نێردەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ جەنگی دژ بە تیرۆر" کە هات سەردانی کاک نەوشیروانی کرد، داوای کرد کە گۆڕان بێنە ژێر باری درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، چونکە بۆ سەرۆکایەتییکردنی میحوەری هەرێم لەشەڕەکەدا گرنگە! یادی بەخێر، پێی ووت: نەخێر وا ناکەین، چونکە ئەو با سەرۆک بێت هێزەکانی یەکێتی بڕیار لەو وەرناگرن، هەروەک ئەگەر سەرۆکیش نەبێت هێزەکانی پارتی هەر دەستور و بڕیار لەو وەرئەگرن! ** لە ئێستادا و لە نەمانی فیزیکییانەی ئەو زاتەدا، ڕێکخەری گشتی گۆڕان، لەسەر هەمان ڕێگا ئەڕوات و نایەوێت لە ساتەوەختی دۆخی کوڵانی ناوچەکەدا بکەوێتە ژێر کاریگەریی هەژموونی داگیرکەرانی کوردەوە، بە پێی ڕاپۆرتێکی ژمارە ٦١٧ی هەفتەنامەی "ئاوێنە" هاکان کاراچای کونسوڵی گشتیی تورکیا لەهەرێم هەوڵیداوە لەگەڵ بەڕێز کاک عومەری سەید عەلی کۆببیتەوە، بەڵام ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ڕەدی کردووەتەوە کە لەگەڵیان کۆببێتەوە، پەیوەندیی و کاری دیپلۆماسیی ئاساییە، بەڵام ڕەدکردنەوەی دیاری سەرقونسوڵی تورکیا پەیامێکە تورکیا بە باشی لێی گەیشتووە. دەستێوەردانە نوێیەکانی ڕوسیا لە کاروباری ناوچەکە بەگشتی و سوریا تایبەتتر، هاوکات لێدوانە نوێیەکانی محەمەد بن سەلمان، جێنشینی پادشای سعودیە و جوڵە موریحەکانی تورکیا و وەڵامە جەرگبڕەکانی قاسمی سولەیمانیی بۆ جێنشینی پاشای سعودیە و ڕاگەیەنراوی ئیدارەی ترەمپ لەسەر مەیلی پاشەکشەی هێزەکانیان لە سوریا، بە پێچەوانەشەوە بڕیاری مانەوەیان لە ئەمڕۆدا، هاوتەریب بە بارودۆخی هەرێمایەتیی و جیهانیی، لەعێراقیشدا گۆڕانکاریی لەهاوکێشەکان و بەرخوردیان لەگەڵ هەرێم وەک دیلی جەنگ لە دوای ڕیفراندۆمەوە، هێشتا گۆڕان لەو باوەڕەدایە و بگرە پشتئەستورتر لە پێداویستیی هێنانە ئارای پەیوەندییەکی دامەزراوەیی ئەڕوانێت، ئەگەر کوردستان بەهێزبێت ئەوا بەپێچەوانەوە هەموو پەیوەندییە حیزبییەکان بە دنیای دەرەوە لاواز ئەبێت! ئەو هێزانەی کە هیچ نەما بۆ تورکیا و ئێرانی نەکەن، چییان دەستکەوت تا ئێمە دڵگران بین بەوەی کە لەدەستمان داوە؟! بۆیە گۆڕان تائێستاش حیزب لەدەرەوەی پێشهاتە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەبینێتەوە، ڕووداوەکان لەوە بەگەورەتر ئەزانێت، کە لە ڕێگای هەواڵگریی و دەزگا سیخوڕییەکانەوە گۆڕانیان بەسەردابێت! ئەوەی کە لە گۆڕاندا دوودڵ و ڕاڕامان ئەکات، ئەوەیە کە (ڕاستە لێرەولەوێ هەندێ لەوانەی کە نوێنەرایەتیی گۆڕانیان کردووە لە گۆڕەپانەکەدا، دۆڕان و هەڵهاتن بۆ ئۆردووی گەندەڵکاران، بەڵام گوتاری هێزەکە و خواستی گۆڕانکاریی لای گۆڕان و گۆڕانخوازان کاری یەکەم و کۆتاییە) هێشتا بەداخەوە گۆڕان نەیتوانیوە، وەبەرهێنان لەم نەزاهەتەی خۆی و ئەم تێڕوانینە پڕ بەها نیشتیمانییەدا بکات، سەرقاڵبوون بە دوورخستنەوەی ڕەخنەگران و دڵسۆزانی ناوخۆی بزووتنەوەکەوە، وزەی زۆری گۆڕانی بەفیڕۆداوە و سەرنجی لەسەر ململانێکانی دەرەوەی خۆی دوورخستۆەتەوە!