د. ئیسماعیل نامیق

بۆ دوو دەوڵەتنەداری نابەڵەد‌


هەتا کەى تێناگەن هاوار و دەنگ هەڵبڕینى مامۆستا و پزیشک فەرمانبەرو کۆى هاوڵاتیان تەنها لەپێناو موچە و ناندا نیە، راستە ناونیشانى سەرەکى ئەم ناڕەزایەتیانە بێ موچەییە، هەر ئەو بێ موچەییەشە وایکردوە خەڵک خۆى بخاتە بەردەم شەقی بەڵتەجیەکانتانەوە، لەئاست زەبرو زەنگى دەزگا سەرکوتکەرەکانتاندا چۆک دانەدا، بەڵام دەبێت لەوە تێبگەن کێشەکە تەنها موچە نیە، تا بە بەڵێنێکى درۆ چارەسەر بکرێت. بەڵکو جەوهەرى ناڕەزایەتیەکان بریتیە لەهاوارى خەڵک بۆ دادپەروەرى کۆمەڵایەتى، بۆ ئازادى، بۆ ژیانێکى شایستەو پڕ لەکەرامەت. دەبێت باش لەوە تێبگەن هاوارى خەڵک ئەوەندەى لەدەست ئێوەیە بۆ لاى ئێوە نیە. لە ساڵى (2011) خەڵک کێشەى موچەى نەبو، کاتێک دەنگى ناڕەزایەتى لە دەستى بێدادى ئێوە بەرز کردەوە، دژ بەحوکمڕانى خراپ و نادروستى ئێوە راوەستا، ئێوە ئەوکاتیش تێنەگەیشتن یان نەتانویست تێبگەن، بۆیە مەبەستى ناڕەزایەتیەکانتان بەلاڕێدا برد و لە چەند داوایەکى روکەشى پوچى مادیدا قەتیستان کردو کەچى ئەوانەشتان جێ بەجێ نەکرد.

کەى تێئەگەن چیتر خەڵک ئومێدى بەئێوە نەماوە، کە تاوەکو ئێستاش وەکو ئێوە مامەڵەى لەگەڵدا نەکردون، هۆکارەکەى هەستکردن بوە بە بەرپرسیارێتى نیشتیمانى، لەپەرۆشى و خەمى خۆى بوە بۆ ئەو خەونەى سەد ساڵە هەمو کوردێکى لەبەیانیاندا راچەڵەکاندوەو بەخەبەر هێناوە. هاوڵاتى بۆیە تا ئێستا هەمو شتێکى لێ قبوڵکردون، چونکە چاوى لەو تروسکایە ئومێدە بو کە ئێوە لە 25/ 9 / 2017 خامۆشتانکرد.

بۆیە چاوەڕێى ئەوە مەکەن کاتى دیکەتان پێ بدرێت، کات درەنگە زو نیە، پێویستە ئیتر تێبگەن و بڕیار بدەن، ئایا ملکەچ ئەبن بۆ ئامراز و رێگە دیموکراسیەکان و رێز لەویستى گەل دەگرن و بەرێزەوە دەسەڵات رادەست دەکەن؟ تا گەل کەسانێکى لە ئێوە باشتر و شایستەتر رابسپێرێت بۆ بەڕێوەبردنى دەسەڵات، لەهەمان کاتدا پشو و فرسەتێکیش بێت بۆ ئێوە بە مەبەستى بەخۆداچونەوەو خۆباشکردن بۆ ئەوەى لەئایندەدا چانسى ترتان پێ بدرێتەوە. یان وەکو رەندولى بێفەڕ لەخوڵک و خولى خۆتان بەردەوام دەبن، ئەوکاتیش خەڵک بە بێزارى و بێزراویەوە توڕتان ئەداتە کەنارەوە و قەدەغەشتان لەسەر دائەنێت، و نابێت چاوەڕێى هیچ رێزێکیش بن بۆتان دەرببڕدرێت.

لەکۆتاییدا پێویستە باش ئەو راستیە بزانن، مامۆستا و پزیشک و فەرمانبەر و کۆى خۆپیشاندەران زۆر لەوە وشیارترن بەهەڕەشەیەکى نابەجێى ئێوە چەقۆو دەمانچە هەڵبگرن، خۆئەگەر کار گەیشتە ئەوەى چەقۆ و دەمانچە هەڵبگرن، ئەوا ئەو چەقۆو دەمانچانەى ئێوە شانازی پێوە ئەکەن و خەڵکى پێ ئەترسێنن، یەکەم کەس روبەڕوى گەردن و ملى خۆتان ئەبێتەوە، ئەى نابینن ئەوانەى چەقۆ و دەمانچەکانیان بۆ هەڵگرتون، راستە بەناچارى روى چەقۆو دەمانچەکانیان کردۆتە خەڵک، بەڵام حسابێکیش بۆ ئەوە بکەن ئەوان پشتیان لەئێوەیە و رویان لە خەڵکە، رەنگە لە هەر چرکە و ساتێکدا ئەمانیش خۆیان و چەقۆو دەمانچەکانیان بێنە ناو خەڵک و ببنە موڵکى خەڵک، ئەوسا ئێوە پشتتان ئەشکێ و روتان رەش ئەبێ.

خوێندراوەتەوە284
     گشت ووتارەکان