عه‌بدولستار مه‌جید

ئەوکاتەی حکومەت نامێنێ، میلیشیا و بەڵتەجی دەبنە بەدیل !‌


ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٦ ی ئازاری ٢٠١٨ کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان سەردانیان کردین و بۆ نانی نیوەڕۆ دەعوەتی ئێمە بوون لە یەکێک لە چێشتخانەکانی شاری هەولێر .

پاش کەمێک بەڵتەجییەکی شەلاتی بە جنێودان و قسەی ناشیرین خۆی کرد بە ژووردا .

دیاربو ئەوکەسە بە پیلان نێردرابوو تا ئەم شەقاوەیەتییە بەرامبەر ئێمە بکات .

هاوکات دوو ئۆتۆمبێلی دیکە لەده‌رەوە وەستابوون کە چەکیان پێ بوو جلی مەدەنیشیان لەبەردابوو .

پاسەوانەکانی ئێمە و ئەوانەی میوانەکانیشمان دوای کەوتن و توانیان دەستگیری بکەن .

بەڵام چەکدارە مەدەنییەکانی بەردەم چێشتخانەکە هاتن و خۆیان بە ئاسایش ناساند و ناسنامەی ئاسایشیان پێشانداین و داوایان کرد ئەو کەسەیان ڕادەست بکرێت تا بیبەن و بەوتەی خۆیان لەسەر ئەو ڕەفتارە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکەن و پاسەوانەکانی ئێمەش ڕادەستیان کردبوون .

دواتر پەیوەندیم لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر کرد لەسەر ئەو کەسانە، بەڵام ناوبراو ڕەتیکردەوە ئەوانە چەکداری ئەوان بوبن و بێ ئاگایی خۆی لە بوونی مەفرەزەیەکی لەوجۆرە دەربڕی !!.

بەداخەوە دۆخەکە هێندە لەرزۆک و شپرزە، لەناو پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە شوێنێکی گشتیدا خەڵک جورئەتی ئەوەی هەبێ کە بەناوی ئاسایشەوە هەڵبکوتنە سەر خەڵک و هەڕەشە بکەن و ئارامی شار تێک بدەن و دەزگا ئەمنییەکانیش (بەوتەی خۆیان !!) ئاگادار نەبن .

ئێمە پێمان وایە دوو ئەگەر بۆ ئەم ڕەفتارە میلیشیاییە هەیە، یان ئەوانە سەر بە دزەگا ئەمنیەکانی هەولێرن و بە ئەمری حزب خەریکی تێکدانی دۆخی شار و نانەوەی ئاژاوەن.

یان دۆخەکە لەدەستی دەزگا فەرمییەکانی حکومەت دەرچووە و، هەرکامیشیان بێت کارەساتێکی گەورەیە و، حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئەگەر مابێ !) لێی بەرپرسیارە .

ژیان و سەلامەتی ئێمە لە ژیانی هیچ هاونیشتمانییەک، هیچ فەرمانبەر و مامۆستایەک پیرۆزتر نیە، بۆیە بەهەموو توانای خۆمان داکۆکیی لە پاراستنی شکۆی تاک بەتاکی ئەم هەرێمە دەکەین و، ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و زۆرداریی و نانبڕین و دزی و گەندەڵیی و چەوساندنەوەش بە ئەرکی ئاینی و نیشتمانیی سەرشانی خۆمان زانیوە و دەزانین .

دەسەڵاتێک کە ئاگای لەوەنەبێ دڵی هەر تاکێکی کورد و هەر شەقام و کۆڵانێکی ئەم هەرێمە پڕە لە توڕەیی و بێزاریی و بیەوێ بەم بونەوەرە داماو و دەم پیسانە خەڵک بێدەنگ و شەقام کپ بکات، ئەمڕۆ یان سبەی هەرەس دەهێنێ !

ڕێگەی چارەسەر ئەمە نیە کە بەڵتەجی بەربدەیتە گیانی خەڵک و دوایی بڵێی ئاگامان لێی نەبووە، بەڵکو مامەڵەیەکی حەکیمانەی دەوێ کە خۆی لە ملدان بۆ داوای خەڵک و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیاندا دەبینێتەوە .

دڵنیابن گەر ئەو چەکدارانەی بەردەم چێشتخانەکە خۆیان وەک هێزی ئاسایش نەناساندایە، دەرسێکی ئەو بەڵتەجییەمان دادەدا، نە ئەو و نە ئەوانەشی ئەمریان پێکردووە، جورئەتی ئەوە نەکەن بێ ئەدەبی بە هیچ هاونیشتمانییەک بکەن .

چونکە ئێمە کێشەمان لەگەڵ هیچ کەس نیە، بەپێچەوانەوە لەناو میلەتی خۆمانین و دۆستایەتییەکی بەتینمان لەگەڵ خەڵکی خۆمان هەیە .

لەکۆتاییدا دەڵێین، دۆخەکە ڕەفتاری سەرشێتانە و یاخیبوون لە خەڵک و یاسا هەڵناگرێ، بەجێبەجێکردنی داخوازیی خەڵکی برسیکراوی هەرێمی کوردستان دۆخەکە هێور بکەنە و کوردستان لە داڕمان بپارێزن !

خوێندراوەتەوە553
     گشت ووتارەکان