په‌یكار عوسمان

نا بۆ داواکاری سیاسی‌


- ئەم دەسەڵاتە بە شیعاری سیاسی ناڕوخێ، بە داوای بژێوی ئەڕوخێ، چونکە لە مافیاگەریدا دەسەڵات لەسەر کورسی دانەنیشتووە، لەسەر ژیانی تۆ دانیشتووە، تۆش داوای کورسی لێمەکە، داوای ژیانی لێبکە، هەر بەوە لە کورسیەکەو لە هەدەفە سیاسیەکەشت داوە!

لەگەڵ چەتەیا داواکاری سیاسی پووچە، تەنیا ئەوەی لێ داوابکە کە دزیویەتی، هەر ئەمە بکە سیاسەتت لێبردۆتەوە، چونکە ئەو سیاسەت بە تاڵانی تێگەیشتووە.

- تۆ بڵێ با بڕوخێ، ئەو ئەڵێ با نەڕوخێ، تۆ بڵێ دەستوری پەرلەمانی ئەویتر ئەڵێ دەستوری سەرۆکایەتی.. بەڵام ئیمکانی ئەوەیە هەیە هەموومان پێکەوە بڵێین ئاو کارەبا موچە.. ئەم پێکەوەییەشە مافیاکان ئەڕوخێنێ، نەك بڕوخێی بەشێکمان! 

داوای سیاسی خەڵك دابەش ئەکاو داوای ژیانی خەڵك کۆئەکاتەوە، ئێمەش پێویستمان بە کۆبوونەوەیە.

- داواکاریەکە پێویست ناکا هەڵکشێ، ناڕەەزاییەکە پێوستە بەردەوامبێ. 
بەردەوامبوونەکە مەترسیە بۆ سەر مافیاکان نەك ئینشاو موزایەدەکان، ئەگەر ڕێگای یەکەمی بەردەوامبوون ناتوندی بێت، ڕێگای دووەم ناسیاسیبوونە!
بۆ ئەوەی خەڵکەکە بەردەوامبن، لێیانگەڕێ داوای ژیان بکەن، خەڵك تەنیا لەسەر ئەم وەتەرە تاقەتی بەردەوامبوونی هەیە، ئاوازی تری پێ بژەنیت ئەچێتەوە ماڵەوەو تۆش خۆت و عودەکەت ئەمێننەوە.

- هێزی خۆپیشاندان لە حەجمی خۆیدایە نەك لە حەجمی داواکەی، لە ڕاکێشاندایە نەك لە هەڵکشان!

ئەوەی کە خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوباتی تەحجیمکرد، ئەوەبوو کە ئۆپۆزسیۆن و ئەنجومەنی سەرا مونافەسەیانبوو لەسەر هەڵکشانی داوا سیاسیەکان، لەبری ئەوەی کە خەریکی ڕاکێشانی مامۆستاو کرێکارو مۆزەف و چین و توێژەکان بکەن. 
بۆ فراوانبوون داواکاری ژیانی و پیشەیی گرنگە نەك داواکاری سیاسی.

- (هەولێرو ژن) خاڵی بەهێزی خۆپیشاندانەکانن، بە توندوتیژی بەشداری ژن لەدەست ئەدەین و بە چەلەحانێ ی سیاسیش بەشداری هەولێر، ژن تاقەتی توندوتیژی نیەو هەولێریش تاقەتی شەڕە سیاسەتی نیە.

- باسە دەستوری و سیاسی و دیموکراسیەکان پرسی خەڵکن بەڵام هۆشیاری پلە دوون، هۆشیاری پلە یەك هۆشیارییە بە مافە سەرەتایی و ژیانییەکان، خەڵك تا هۆشیاری یەکەمی نەبێ و تا شەڕی یەکەم نەکات، ناتوانێ هۆشیاری دووەمی هەبێ و شەڕی دووەم بکات.

بۆیە هێزی ڕاستەقینەی گۆرانکاری سەندیکاو پیشەکانن نەك حیزبەکان و حیزبییەکان، ئەوەشی جوڵانەوەی حیزب پەرتی کردوە تەنیا جوڵانەوەی پیشەیی ئەتوانێ گرێ ی بداتەوە!

ئەوە هەڵەیە کە ئەڵێین فڵان شار بۆ ناجوڵێ، شار نابێ بجوڵێ چین و توێژ ئەبێ بجوڵێن، هەولێر نابێ بجوڵێ مامۆستا ئەبێ بجوڵێ، دهۆك نابێ بجوڵێ مۆزەف ئەبێ بجوڵێ، سلێمانی نابێ بجوڵێ دوکاندار ئەبێ بجوڵێ، پەرتبوون و شارچێتی و دێگەڵەو سنورە گڵاوەکانی حیزبیش لێرەوە ئەشکێنرێن.

- 'جەماوەر' قەرەباڵغییەکی وەهمیە حیزب و ئایدیۆلۆژیا دروستی کردوە، قەرەباڵغی ڕاستەقینە خڕبوونەوەی چین و توێژە لە دەوری ژیانی خۆی.

- یەکێ لە ڤایرۆسە کوشندەکانی حیزب شارچێتییە، بۆیە من کە خەڵکی سلێمانیم تەنیا ئەو کاتە ڕێ بە خۆم ئەدەم باسی شار بکەم، کە وەسفی هەولێر بکەم!

ئەمەوێ بڵێم لە خۆپیشانداندا سلێمانی و ناچەکانی تر پێویستە چاو لە هەولێر بکەن نەك بە پێچەوانەوە!

چین و توێژەکان ئەبێ بۆ پرسی ژیانیی بێنە سەر جادە نەك بۆ شەڕی دوو حیزب شەڕی دوو کوتلە شەڕی دوو مەکتەب سیاسیی شەڕی هەڵبژاردن.. لەڕاستییا زۆرینەی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی پێویست نەبوون و وزە بەفیڕۆدانبوون.

- یەکێ لە جوانیەکانی ئەم خۆپیشادانە ئەوەیە کە مامۆستا حیزبەکانی ڕاکێشاوەتە ساحەی خۆی، ئاگاداربە لەو خۆپیشاندانەی کە داواکارییەکان سیاسییە، حیزب تۆ هەڵئەسوڕێنێ، بەڵام لەو خۆپیشاندانەی کە داواکاریەکان ژیانییە تۆ حیزب هەڵئەسوڕێنیت.

ئەوەی ڕووئەدا دیوە ڕاستەکەی سیاسەتە، چین و توێژەکان نابێ کەمپەین بۆ پرۆژەی سیاسی حیزب بکەن، حیزب ئەبێ کەمپەین بۆ پرۆژە ژیانی و پیشەییەکانی چین و توێژەکان بکات.

- ئەم جوڵانەوە مەدەنی و ژیانی و پیشەییانە خاڵی وەرچەرخانە، چونکە خاڵی کاری پێکەوەییە، کێشەی لەمێژینەی کورد ئەوەیە کە نازانێ کاری پێکەوەیی بکات، سیاسەتیش نەیتوانی چاری ئەم دەردە بکا بەڵکو کەلینەکانی قووڵترکردەوە، جوڵانەوەی 'ناسیاسی ژیانی' خاڵی گرێدانەوەی ئەو خەڵکەیە کە حیزب و سیاسەت پەرتی کردون.

- بۆ شەقاوەکان هیچم نیە، ئەوان کاری خۆیان ئەکەن، گرنگە ئێمەش کاری خۆمان بکەین و بەدەسگرتن بە ناتوندی و بە داوا ژیانیەکانەوە بەردەوام بین.

مامۆستا بە داواکاری ناسیاسی ئەتوانێ بەردەوامبێ و حیزبەکان تەسلیمی خۆی بکاو توێژەکانی تریش ڕاکێشێتە پاڵ خۆی، بەڵام بە داواکاری سیاسی خۆی تەسلیمی حیزبەکان ئەکاو چینەکانی تریش نایەن و فیلمەکە کۆتایی دێ.

خوێندراوەتەوە264
     گشت ووتارەکان