د. سه‌ردار عه‌زیز

دەربارەی پوکانەوەی پەرلەمان‌


ئەوەی ڕۆژانی ڕابوردو رویدا، چاوەڕوانکراوبو، چونکە دەمێکە سیاسەتێکی رون هەیە بۆ پەراوێزخستن و لاوازکردنی پەرلەمان وەک تەنها ناوەندی رێگر بۆ نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار لە کوردستان. لە هەمانکاتدا چاوەڕوانی خەڵكیش، بە تایبەت موچەخۆران چاوەڕوان کراوبو، بە تایبەت ئێستا هەمو دیاردەیەک بە دوای خۆیدا شەپۆلێک لە ناڕەزایی لە تۆڕە کۆمەڵەیەتیەکان دەهێنێت، کە کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە؛

یەکەم، زمانێکی ناسیاسی و دور لە واقیعی روداوەکە

دوەم، تەمەنی کورتە

سێیەم، بە گشتی جۆرێکە لە خۆ بەتاڵکردنەوە.

ئەوەی لێرەدا رودەدات ئەگەر بە هێمنی بیری لێ بکەینەوە لە قازانجی نوخبەی دەسەڵاتە، بۆیە پرسەکە ئەوەیە چۆن ئەمە رێگری لێبکرێت.

بۆ ئەوەی بتوانین کاریگەریمان هەبێت دەبێت سەرەتا لە دۆخەکە تێبگەین. ئەوە چیە کە دەگوزەرێت؟

دەستنیشانکردنی خەسڵەتەکانی روداوەکە دەبێت بنەمای پەرچەکردارەکە دابڕێژێت.

یەکەم، زۆرترین رەخنە لە ئەوەیە کە ئەندامانی پەرلەمان و پلەباڵاکان موچەی زۆریان بۆ خۆیان دەستنیشانکردوە کە چەندین قات بەرامبەر موچەی خانەنشینی فەرمانبەرێکی ئاساییە. بە مانایەکی تر نوخبەی سیاسی باڵا زۆری دەبات و کەمی دەدات بە ئەوانی تر. تێگەیشتنێکی زۆر هەڵە کە پەیوەستە بە ئەمەوە ئەوەیە کە دەبێت ڕەخنە زیاتر لە ئەندام پەرلەمان بگیرێت چونکە ئەوان بە دەنگی خەڵك ڕۆشتون، ئەوانی تر هێندە ڕەخنەیان بەرنەکەوێت. لێرەدا نوخبەی دەسەڵاتدار قەڵغانێک بۆ خۆی دروست دەکات، هەم خۆی پێدەپاریزێت و هەم تاکە ئامرازی فشار لە دەستی خەڵكدا دەپوکێنێتەوە.

دوەم، هەمو ئەوانەی دەنگیان بە یاساکە داوە، بە بڕی زۆر باکیان بە دەنگی خەڵك نیە. چونکە هەمو ئەندامانی یەکێتی و پارتی هەرگیز خۆیان بە نوێنەری خەڵك نەزانیوە، بەڵکو حیزب هێناونی و دروستیکردون و ناردونی بۆ ئەوی و بە ئەمری حیزب هەڵدەستن و دادەنیشن. بۆیە ئەوان مەگەر بۆ مەسەلەی میکیاج ناوی خەڵك بهێنن، چونکە دەنگی حیزب و دەنگی تەزویر و دەنگی و لایەنگران و دەنگی مردو و دەنگی دوبارە هێناونی نەک دەنگی خەڵك. کاتێک لەم ڕاستیە تێدەگەیت دەبێت بیر لەوە بکەیتەوە کە چۆن تۆ وەک هاوڵاتی کراویتەتە دەرەوەی هاوکێشەکە، بۆیە فشارت کاریگەری نیە.

سێیەم، دەبێت لە مێژوی دیموکراسیبونی گەلانی تر بنواڕیت. یەکێک لە هەرە هەڵە گەورەکان کە خەڵكی کوردستان دەیکات ئەوەیە کە وەها دەزانن کاری باش بە کەسی باش دەکرێت، بۆیە هەمیشە باس لە کەسایەتی و شەخسیەتی بەرپرس یان پەرلەمانتار دەکەن. ئەم هەڵەیە زۆر بڵاوە کە گوایە دیموکراسی دیموکراتخواز دەیهێنێت. لە ڕاستیدا لە مێژودا ئەمە هیچ بنەمایەکی نیە. دیموکراسی پرۆسەیەکی ئاڵۆزی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتیە.

لە کتێبی نایابی کاربۆن دیموکراسی تیمثی میتچڵ باسی ئەمەمان بۆ ئەکات. تێزی کتێبەکەی میتچل ئەوەیە کە خەڵوز بوە هۆی هاتنە ئارای دیموکراسی، نەوت دەبێتە هۆی سنوردارکردنی یان نەهێشتنی دیموکراسی. هەمو دەزانین کە خەڵوز سەرچاوەیەکی کۆنترە بۆ وزە لە نەوت. خەڵوز پێویستی بە دەستی کاری زۆرە، بە ئاسانی ناگوێزرێتەوە، بە بونی خەڵوز بە سەرچاوەی وزە مانای وەهایە کە خەڵکێکی زۆر وەک کرێکار کارێکی زۆر دەکەن و کاریگەرن لە سەر سروشتی ئابوری و ژیاری وڵات. بۆیە لە ئەنجامی ئەمەدا نیقابەی کرێکاران سەری هەڵدا، مانگرتنی کرێکاران سەری هەڵدا. هەمو کەس ڕۆژانی هاتنی تاتچەر و گۆڕانکارییەکان و مانگرتنەکانی لە بیرە.

چینی سەرمایەدار هەستیان بەم بونی ئەم پەیوەندیە کردبو لە نێوان خەڵوز و دیموکراسی، بۆیە ئەگەر لە مارشاڵ پلان بنواڕێت، کرۆکی ئەو پلانە، کە پاش جەنگ لە ئەمریکاوە داڕێژرا بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەوروپا، ئەوەبو کە چۆن نەوت بکرێتە سەرچاوەی وزەی ئەوروپا چونکە خەڵوز دەبێتە هۆی بەهێزی چەپ و دیموکراسی.

لەمەوە چی فێردەبین. یەکەم هەر هێزێک دەیەوێت دیموکراسی بهێنێت دەبێت هێزێکی کاریگەربێت. چونکە دیموکراسی حوکمی ئەوانەی کە نەخوازراون بۆ حوکم، بۆ ئەمە زیاتر ڕانسێ بخوێنەوە.

بەم پێیە هیچ کۆمەڵگایەک بە ئاسانی بە دیموکراسی نابێت. دیموکراسی تەنها کاتێک دەبێت کە زۆرینەی خەڵک، بتوانن فشاری کاریگەر بخەنە سەر جۆری ئابوری و ژیان، بە جۆرێک مانگرتنیان ببێتە هۆی پەککەوتنی ژیان. ئەم دۆخە لە کوردستان بونی نیە. چونکە چینی موچەخۆری کوردستان هیچ فشارێکیان لە سەر چینی دەسەڵاتدارنیە. کەواتە هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە چۆن ببیتە گروپێکی خاوەن هێز و فشار بە ئاستێک نوخبەی دەسەڵات ناچار بکەیت کە سازانت بۆ بکات. ئابوری نەوتی هەرێم و بەرخۆری و حیزبی بونی کۆمەڵگای کوردی و دەربڕینی ناڕەزایی لە شێوەی جنێو و هەڵچون و رشانەوە هەمو ئەو خەسڵەتانەن کە بونەتە هۆکاری بەهێزبونی نوخبەی دەسەڵات.

وانەیەکی تر کە لە مێژوی دیموکراسیەوە فێردەبین بریتیە لە تێگەیشتن لە دیموکراسی، ئەمەش یانی بڕوابون بە دەزگا، بە پشودرێژی، بە بەردەوامی. لە کۆمەڵگای کوردیدا هێشتا زۆربەی خەڵك بروای بە هات و هاوار و موژدە و شتی ناواقیعی و ئایدیال هەیە، بۆیە هەمیشە لە نێوان خۆشباوەڕی و نائومێدیدا جۆلانێیانە. بە جۆرێک ئێستا خەڵکانێک باوەڕیان بە کەسێکە کە لە باوەشی ئەواندا بوە بە ملیونێر.

دەرئەنجام
لە روداوەکەی پەرلەمان، نوخبەی دەسەڵات بە چەند شێوازێک سودمەندبو

یەکەم، پەرلەمانی هێندەی تر پوکانەوە، کە ئامانجیەتی

دوەم، نوخبەی دەسەڵاتدار بڕوای وەهایە کە چینێکی ناڕازی هەیە لە کوردستان، ئەو چینە ئێستا لە رێگای ئەم روداوانەوە هێندەی تر نائومێد و پەرتەوازە دەبێت، لەوەی کە دەنگ نادات، یان دەنگ دەدات بە هێزی فرویدەری دروستکراوی خۆیان، یان هێندەی تر دەبێتە کەسێکی توڕە و لە ئەنجامدا کەسی ناکارا دەنێرێتە پەرلەمان.

سێ، بە فراوانکردنی چینی سودمەند هێندەی تر نوخبەی دەسەڵات رەگ و پێگەی خۆی لە کۆمەڵگادا قایم دەکات

چوار، دەزگا و یاسا و کاری دەزگایی و یاسایی هێندەی تر بێ نرخ دەبێت، کە لە ئەنجامدا مۆدێلی حوکمی هەرێم کە لە سەر سیانەی پارە، چەک، دەسەڵات وەستاوە درێژەی دەبێت.

خوێندراوەتەوە160