تاڤگە سابیر
د. ئیسماعیل نامیق
دانا عهبدولكهریم
ئارام جەمال
ئاههنگی پشتیوانی گۆڕانخوازان بۆ لیستی 142ی گۆڕان و 183ی نیشتمان
سلێمانی.. بازاڕی گژوگیا بەهارییەكان
ئەندازیارێكی ئوستڕاڵی بە ئامێرێكی ناوازەی مۆسیقیەوە بە وڵاتاندا دەگەڕێت
وان: پێشبڕكێی ههڵبژاردنی جوانترین پشیله
دهۆک: تیمێکی ئەڵمانیی چەند شوێنەوارێکی دێرین دەدۆزێتەوە
ئەو دەنــگانەی هەرگیز هــاک ناکرێ
جوگرافیا و مێژوو دوو لەعنەتی هەمیشەیی ئەم میللەتەن، هەردووکیان دوو بەرداشی سەختی هاڕینن. هانا بۆ کامیان دەبەیت سەرلەنوێ غەدر و نامەردییەکی دیکەت لەگەڵ دەنوێنێت، هەمیشە هەموو سەردەمەکان بەیەک جۆر قورمیشکراون بۆ ئەوەی لە ناو بازنەیەکی داخراودا بسوورێییتەوە و خولانەوە کرداری هەمیشەییت بێت. لە پاڵ ئەو دوو جەمسەرەشدا خۆشمان توانای ئەوەمان نەبووە کە پانتاییەکانی ئەو بازنەیە فراوان بکەین و دواتر بیانشکێنین. زۆر جار دەپرسم ئایا نوێنەرایەتیکردنی سیاسی کورد لە سەردەمی میرنشینەکانی کۆندا سەرکەوتووترنەبووە؟ ئایا باشتر پارێزگاریان لە مانەوەی خۆیان لە هێڕشەکانی عوسمانییەکان و سەفەوییەکان نەکردووە و جۆرێک لە ئۆتۆنۆمییان نەبووە ؟ ئەمە لە کاتێکدا هەردوو ئیمپراتۆرەکەش بە مانەوەی ئەو دۆخە رازی بوون و لە بەرژەوەندییان نەبووە پەلاماریان بدەن. واتە لە مێژوودا بەرژەوەندییەکی سیاسی نەوەک هەر ئەمنی هاوبەش هەبووە کە بۆتە مایەی مانەوەیان، بەڵام لە ئێستادا بەرژوەندەی هاوبەش بۆ مانەوە تەنها بەرژەوەندی ئەمنییە، هەر ئەوەندەیە کەی پێویستیان پێمان بوو بەکارمان دەهێنن و قوربانی دەدەین و شوناسی ئازایەتیمان لە ناو تۆماری مێژوودا دەپارێزین، ئێمەش لە بەرژەوەندی ئەمنییەتەوە ناپەرینەوە بۆ بەرژەوەندی سیاسی؛ بۆ نموونە دامەزراندنی ئەکادیمیایەکی راهێنانی سەربازی و ئەمنی نێودەوڵەتی، نەوەک لە کاتی هێرشەکانی داعشدا بەپەلە راهێنانت لەسەر چەکی میلان پێ بکەن. لە یاد بێت پاشای کۆرەی رەواندزخاوەنی تۆپخانە بووە. پرسیاری جەوهەری هەمیشە ئەوەیە لە پاش تەواوبوونی جەنگ و لە پاش هاتنەکایەی پشوویەکی مەودا کورت و لە پاش روودانی کوشتارێکی بێ ئەندازە، ئێمە لە دوا وێستگەدا دەکەوینە کوێی نەخشەکەوە؟ لە پاش نەمانی ئەو بەرژەوەندییە ئەمنییەی کە وەک فشار بەکاردەهێنرێت تا رێکەوتنی سیاسی زلهێزەکان و هێزە ئیقلیمییەکان مۆر دەکرێت ئێمە دەکەوینە کوێی هاوکێشەکەوە؟ ئەوە ئێمە نەبووین شکستمان بە پەلامارەکانی داعش هێنا، کەچی لە پاداشتی ئەوەدا سەرلەنوێ لوولەی تۆپەکان و هاژەی راجیمەکان و تارمای دۆزەخی فرۆکەکان دەکەنە دیاری بۆمان و دونیا لە بەردەم روودانی جینۆسایدێکی دیکە بێ شەرمنانە و نامەردانە لە ئەفرین بێدەنگە. من یەکەم جار لۆمەی خۆمان دەکەم، هەمیشە دەبێت هەڵوێستێکی رەخنەگرانەت بۆ خۆت و دەورووبەر و دیاردەکان هەبێت، لە خۆتەوە دەستپێبکە ئەوجا دونیا، لۆمەی خۆت بکە ئەوجا دونیای دەرەوە. دونیای دەرەوە هەر ئەوەندە لە گەڵتە و پشتیوانیت دەکات تا ئەو کاتەی تۆ خۆت لە ناو هاوکێشەکاندا بە زیندوویی دەهێڵیتەوە، کە داعش بیست دەقیقە لە هەولێروە دوور بێت بەڵام نەتوانیت هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ بکەیتە یەک لۆمەی خۆت بکە، کە نەتوانیت خیتابێکی سیاسی و ستراتیژییت هەبێت لۆمەی خۆت بکە، کە دڵت بە چەکێکی ئەڵمانی سەرەتایی خۆش بێت هەر کاتێک فیشەکت لێبرا دەبێت فڕێی بدەیت، لۆمەی خۆت بکە، ئێمە لە ترۆپکی بوونی تیرۆریستاندا یەکتر دەشکێنین و یەکتر لەناو دەبەین. هەر لەبەرئەوە لۆمەی خۆت بکە. بەداخەوە، لە پاش زیاتر لە ٢٥ ساڵ لە حکومرانی خود لەم سەردەمە نوێیەدا، ئاسانترین شت کە بکرێت ئامادەکردنی لیستێکی سادەیە بۆ ریزکردنی مەسەلە ستراتیژییەکان و بەکارهێنانی هێمای راست و چەوت تا بزانین لە کوێدا وەستاووین. بەداخەوە، دەزانم لیستەکە هەر هەمووی بە هێمای چەوت تاریک دەبێت. دەبێت دان بەو راستییە تاڵەدا بنێین کە هیچ لەو کارە ستراتیژییانەی کە کۆڵەکەی مانەوە یان پتەوکردنی بوونمانن لە پاش کوشتار وجەنگ بوونیان نییە و ئێستا تارمایین. ئێمە بە شنەبایەک رەگوریشەمان بە ئاسماندا دەچێت. بەراوردێکی خێرا لەگەڵ سەرەتاکانی ساڵانی نەوەدەکان، کاتی بەرەی کوردستانی، ئەو کاتەی کە ئیجماعێکی سیاسی کورد تا رادەیەک هەبوو، بۆت دەردەکەوێت کە خیتابی کورد، کورد وەک کۆمەڵگە زۆر رۆشنتر بوو. لە ئیستادا نە پێشمەرگە لە سوپایەکدا رێکخراوەتەوە، نە کشتوکاڵ بوژاوەتەوە، نە پیشەسازی رازاوەتەوە، نە خەستەخانەیەک کە پڕ دەرمان بێت کراوەتەوە و نە قوتابخانەیەک کە جێگای هاتنەکایەی پەروەردەیەکی نوێ بێت دامەزراوەتەوە بەڵکو لەوانە زیاتر چەندان عەردمان لەدەستداوە. ئێمە لە کەرکوک دۆراندمان نەوەک لەبەرئەوەی دونیای دەرەوە لەگەڵمان نەبوو، بەڵکو لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی کات هەڵە بوو و خۆئامادەکردن نەبوو، متمانە بەیەک نەبوو، هەر خوێندنەوەی هەموو نەخشە سیاسیەکە هەڵە بوو. لە ئەفرین دۆخێکیترە، ئەوان لانی کەم شورایەکی گەورەیان بە چواردەوری شارەکەدا هەڵچنیوە بۆ پاراستنی شارەکە بەرامبەر سەخترین سوپای ئیقلیمی، تەنانەت پلان و تەکتیکی سەربازیشیان گۆراوە، هەر بەرگری لە شارەکە ناکەن بەڵکو گوندەکان دەگرنەوە بۆ پاراستنی شارەکە. ئەفرین قەڵای دمدمی لەبەرە، خوێندنەوەی ئەوان تا ئەم ساتە شارەزایانەترە، بە شێوازێکی سەرەتاییش بێت، خۆ ئەگەرێکی گەورەیە کە لەم شەرەدا بدۆرێن لە بەرئەوەی جوگرافیا و مێژووی ئەوان لەوەی براکانین لە باشوور لەعنەترە. ئێمە لە مێژوودا هەر خوێنمان هەبووە داومانە، ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتووە خوێن بێ حساب نەدەین یان ئێمە هەر بۆ جەنگ کراوین...