تاڤگە سابیر
د. ئیسماعیل نامیق
دانا عهبدولكهریم
ئارام جەمال
ئاههنگی پشتیوانی گۆڕانخوازان بۆ لیستی 142ی گۆڕان و 183ی نیشتمان
سلێمانی.. بازاڕی گژوگیا بەهارییەكان
ئەندازیارێكی ئوستڕاڵی بە ئامێرێكی ناوازەی مۆسیقیەوە بە وڵاتاندا دەگەڕێت
وان: پێشبڕكێی ههڵبژاردنی جوانترین پشیله
دهۆک: تیمێکی ئەڵمانیی چەند شوێنەوارێکی دێرین دەدۆزێتەوە
ئەو دەنــگانەی هەرگیز هــاک ناکرێ
دواتر، هەر خۆی وەک تاقە شاهیدێک مایەوە بۆ ئەوەی کارەساتێکی بێ وێنە بگێرێتەوە، خۆی هەم وەک شاهێد و هەم وەک قوربانی، ناچارە هەموو ساتێک و هەموو چرکەیەک یادەوەری زیندو بێت، یادەوەری جینۆسادێک کە بە هەموو پێوەرێکی یاسایی سەرەتایی و بەهای ئەخلاقی و ئینسانی و لە هەر کات و شوێنێکدا بێت جینۆسایدە. نادیە بەسەرهاتی جەستەی هەلاهەلابووی خۆی و کۆمەڵگەیەک دەگێرێتەوە لە نوێترین کتێبیدا بە ناوی "دواترین کچ". ئەم کتێبە لە دوا ساتەکانی ساڵی ٢٠١٧ لە ئەمریکا و بریتانیادا چاپکراوە. ئەو تەنیا ئازارەکانی جەستەی خۆی ناگێرێتەوە، جەستەیەک شاهێدی چەندان تاوانی نامرۆڤانەیە، جەستەیەک لە هەر سووچ و پەنایەکی بچکۆلانەیدا، تارمایی سەدان دەڕندەیی سەدەکانی ناوەراست و بەر لە ناوەراستی پێوە دیارە. خودایە ئەمە چ توانایەکی یەزدانییە؟ ئەمە چ هێزێکی خورافییە کە دەتوانێت شەوان جەستەی خۆی وکۆمەڵگەیەک لە بیر خۆی بباتەوە و بەرگەی تاریکی بگرێت تا سپێدە هەڵدێت بۆ ئەوەی پاشماوە و رووخساری ئاوساوی تاوانبەران لە بیر بکات کە لە قەترانی رەشی شەودا لێی نزیک دەبنەوە وجەستەی سەدان چار زەوت دەکەن و دووپاتی دەکەنەوە کە ئەوان نوێنەری خودان و بە ناوی هەموو پێغەمبەرانەوە ئەم پەیامە دەگەیەنن و هەر چیەک بکەن بۆیان رەهایە. ئەوان رووە قێزەونەکەی مێژوویان زیندوو دەکردەوە، ئەوان زەمەنێک لە وەحشەتگەریان زیندوودەکردەوە، بە ئێمەیان دەوت ئێوە خۆشباوەرن، مرۆڤ لە دڕندەیەکی لاسار، لە حەیوانیکی بەرەڵلا هیچی دیکە نییە. ئەمان و ئەوانەی لەو دیو رووداوەکانەوە بە ریمۆت کۆنترۆل ئەم جینۆسایدەیان کرد بۆڕی کابوسەکانی ناو خەونیان دایەوە، نەوەک هەر ئەوەندە بەڵکو وەحشیەتگەرێکی جەنگلستانەیان لە دونیای مۆدێرن و تەکنەلۆژیا و پێکەوە ژیان و مافەکانی مرۆڤ بەرجەستە کرد. بە ئێمەیان وت ئێوە لە درۆیەکی گەورەدا دەژێن، ئێمە دیوە راستەقینەکەی مێژووی و کەلتووری ئێوەین. ئەم جینۆسایدە دەوڵەتییە، گەمێیەکی بێباکانەی نوێنەرانی کۆمەڵگەی دەوڵەتی بوو کە رێیان خۆشکرد ئیبادەی کۆمەڵگەیەکی بچووکی وەک یەزیدییەکان بکەن، رێ خۆشبکەن کە بە نوێترین ئۆتۆمۆبیل کە بەرهەمی پێشکەوتریین تەکنەلۆژییانە بێنە ناو دێهاتە بێدەنگەکانیانەوە و قەتلوعامییان بکەن و دێکانیان تەخت بکەن و کیژۆڵەکانیان هەنجن هەنجن بکەن. پارێزەرەکەی نادیە لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەگێرێتەوە دەڵیت زۆر جار نادیە و کچە یەزیدییەکان بە پارەیەکی زۆر کەم، ٢٠ دولارێک، چەند جار فرۆشراونەتەوە، تەنانەت لە بازاری فەیس بووکدا. دایکی نادیە لەگەڵ چەندان ئافرەتی دیکەی بەتەمەندا کوژراون، شەش براکەی نادیە لە یەک رۆژدا پێکەوە کوژراون. ئەوەی بەسەر نادیە و یەزیدیەکاندا هاتووە بە زمانێکی زۆر سادە جینۆسایدە، لەبەرئەوەی لە خۆڕا نە قەوماوە بەڵکو بە پلانێکی سیاسی دەوڵەتی و بە پاساوێکی ئایینی پیادەکراوە، لەلایەن داعشەوە یەزیدی وەک کافر مامەڵەی لەگەڵ کراوە ئەمەش بە فەتوای رەسمی خۆیان بووە، واتە هەموو ئەو دەوڵەتانەی یارمەتی داعشیان داوە درەنگ و زوو کەوتووە دەبێت سزای گەورە بدرێن، تەنانەت دەبێت ئەو پاساوانەی ئەوان بە کاریان هێناوە بۆ سڕیینەوە و ئەتکردنی کۆمەڵگەیەک بسڕێننەوە و نەمێنن. کامپەینی یاسایی نادیە بۆ گێرانەوەی بەسەرهاتی خۆی و خێزانەکەی و کۆمەڵگەکەی دووساڵ پاش روودانی کارەساتەکان لە لەندەنەوە دەستێپدەکات، ئەو کات هێشتا هەزاران لە یەزیدییەکان لە لایەن داعشەوە گیرابوون ولە ژێر هەرەشەی کوشتن و نەماندا بوون، نادیە بووە یەکەمین کەیسی یاسایی بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەموو ئەوانەی وەک خۆی بوونە قوربانی گەمەیەکی سیاسی دزێو. لە پاش ئەوە، بۆ ماوەی ساڵێک، چەندان کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایش لە نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی وڵاتیانی دیکە دەکات بۆ دارشتنی کەیسێکی یاسایی زیندوو و دروست تاوەکو تاوانبارانی داعش بدرێنە دادگای نێودەوڵەتی و بە سزای خۆیان بگەن، ئەنجامی ئەم هەوڵانە، ئەوە بوو توانی خۆی و پارێزەرەکەی لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشیدا بە توانا و جەرگێکی توندەوە، کچێک کە لە دێیەکی بچکۆلانەوە هاتبێت و بتوانێت بە هەموو دونیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵیت شەرەف و ئابرووی هەمووتان چوو ئەو رۆژەی چاوتان نووقان لە تاوانەکانی داعش کاتێک هەموو ئەو تەکنەلۆجیایەی کە هەتان بوو نەوەک بەکارتان نەهێنا و لە کارکەوتبوون بەڵکو ئەنقەستانە بۆ مەبەستی شەرانگێزی بەکارتان هێنان، بۆ ئەوەی بە هەوس و ئارەزوویی خۆیان بمانبەرنەوە بۆ چەرخێک لە بێ ئابروویی. نادیە بێدەنگ نەبوو، سەرباری هەموو شوناسە نامۆکانی کە بەسەریدا سەپێنرا؛ ئەوی هەتیوو، پەنابەر، قوربانی، کۆیلە لەلایەن داعشەوە، ئەو دواجار بووە خاوەنی سیفەت و شوناسێکی نوێ: سەرکردەی یەزیدییەکان. پارێزەرەکەی بەمە ناوی دەبات، من دەڵێم نادیە زۆر لەوەندە زیاترە، ئەو بووە ئاوێنەیەکی راستەقینە بۆ ئەوەی بە دونیا بڵێت من شاهێد و قوربانی دۆزەخێکم کە ئێوە هەمیشە ئامادەن دروستی بکەن ئەگەر بەرژەوەندییە سیاسیەکانتان بەریەک بکەون.