هێرش عه‌بدولره‌حمان

بارزانی ستراتیجی نەتەوەیی قوربانی تاکتیکی مەزھەبی‌ کرد ...‌


 ڕاکێشانی کورد بۆ ناو ململانێ و ئەجندای تایفی و مەزھەبی جگە لەوەی کێشەی کورد، وەک کێشەیەکی نەتەوەیی و جوگرافی و شارستانی و مێژوویی، ئەرگۆمێنتی ڕەوایەتی بوونی خۆی لەدەستدەدا، بەڵکو دەکەوێتە سەنگەر و بەرەی دژ بەدیموکراتی و پێکەوە ژیان و ئازادی ڕادەبڕین و ئازادی بیروباوەڕ و مافی مرۆڤ ...

  لەوێوە لەپاڵ ڕاسیزمی نەتەوەیی، فاشیزمی مەزھەبیشی دێتەسەر، لێرەوە لەجیاتی ئەوەی کورد ببێتە فاکتەری ئارامی، دەبێتە ھۆکاری شەڕو شۆڕو ماڵوێرانی و نائارامی و پشێوی و، بێ ھێزکردنی بەرەی دیموکراتی لەکوردستان و ناوچەکە، ھەر ئاوڕدانەوەیەک لەڕاسیستی نەتەوەیی و فاشیزمی مەزھەبی و تایفی، سەرەتای لەدەستدانی ھاوکاری و پشتیوانی دنیای دیموکراتی ئەمریکا و ئەوروپا بەدوای خۆی دێنێ، بانگەشەکانی ڕیفراندۆم، شایەتی سەلماندنی ئەو ڕاستیەن کاتێ کورد بانگەشەی سەربەخۆبوونی لەسەر ئەو دووتەوەرە بنیات نابوو ...

  کورد لەمێژووی کۆن و نوێدا ھەرگیز لەبابەتی مەزھەبی نەگلاوە، کورد کێشەیەکی نییە بەناوی کێشەی مەزھەب، ئەوە وایکردوە دنیای دەرەوە بەردەوام چاوی لەسەر کوردبێت و، ڕۆژئاوا، وەک دۆست مامەڵەی لەگەڵدا بکات و، جیاواز لە سوننە و شیعە سەیری کردوە ...
 
 بەشێکی زۆری ئەو پشتتێکردنەی ئەمریکا و ئەوروپا لەبارزانی، ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی بارزانی ھەوڵیدا ئەم ھەرێمە بۆ بەرەو ئەجێندای سوننە مەزھەب یەکلایی بکاتەوە و، بەئاشکرا لایەنگرانی پارتی و بارزانی بانگەوازی تێکشکاندنی ھیلالی شیعیان دەکرد، بارزانی ستراتجیەتی نەتەوەیی، بەقوربانی تەکتیکی مەزھەب کرد !...

 بۆیە لە دەروازەی خۆێندنەوەمان بۆ سیاسەتی زلھێزەکان و، بۆبەردەوامبوونی سەرچاوەکانی ووزە، ھەروەھا بەخستنەڕووی ئەو فاکتانەوە دەتوانین بڵێین، چارەنووسی ئیدارەدانی شاری کەرکوک، بەندە بەخۆ دوورگرتن و خۆ یەکلایی نەکردنەوەی کورد لەسەر مەزھەبێک و تایفەیەک، چونکە ھەر دوو نەتەوەی عەرەب و تورکمان، لەپاڵ ڕاسیزمی نەتەوەیی، بەفاشیزمی مەزھەبی و تایفی، مافی مرۆڤەکانی کەرکوک پێشێل دەکەن ! بۆیە کورد گەورەترین چانسی ھەیە لە ئایندەدا ئیدارەدانی کەرکوکی تەسلیم بکرێتەوە، بەڵام ھەرگیز ناھێڵدرێت و ڕێگە نادرێت، بەھەمان میتۆدو شێوازی کاری جارانی  پارتی و یەکێتی کورد کاریگەری بەسەر ئەو ھەرێمدا ھەبێت ...

 لە دواجاردا، ھەرھێزێک بەمیتۆدی بارزانی و بەدواکەوتوانی کاربکات، بەھەمان دەردی بارزانی دەچێت و، کێشەی کوردیش ڕەوایەتی خۆی لەناوململانێی تایفی لەدەست دەداو و، دەتوێتەوە ...

خوێندراوەتەوە985
     گشت ووتارەکان