عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

پلان و پیلانی مەترسیدار بەڕێوەن‌


بەداخەوە بۆنی پلان وپیلانێکی مەترسیداری هاوبەش دەکرێت لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە کوردو خاکی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، ئەم پلان وپیلانانە هەرگیز بێ هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی زلهێزەکانی دونیا ئەنجام نادرێت ، بۆیە ئاماژەکان پێمان دەڵێن زلهێزەکانیش لەگەڵ کۆتایهاتنی گروپی تیرۆریستی داعش ڕەنگە گەلی کورد بەو چاوەی پێش شەڕی تیرۆر ئیتر سەیر نەکەن وئەو هەموو شانامانەشی بەباڵاماندا هەڵیاندەدا کاتی بوبێت، وە مافەکانیشمان وەک شاخە سەهۆڵینەکان لەنێو بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتانی هەرێمی ونێودەوڵەتی هێواش هێواش بەرەو توانەوە بچێت .

ئەم مەترسی وهەڕەشانەش زۆر بەڕوونی لە وتارو لێدوانی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی تورکیا ، سوریا ، عێراق ، ئێران ڕەنگی داوەتەوەو بەتەواویش هەستیان پێ دەکرێت .

بۆیە باشترین وەڵام و هەڵوێست لەبەرامبەر ئەو هەموو پلان وپیلانە هەمەچەشنانەی ڕووبەڕووی کوردستانی گەورە بەگشتی و باشورو ڕۆژ ئاوا بەتایبەتی دەبێتەوە یەککڕیزی و یەکگرتویی نێو ڕیزەکانی گەلی کوردە بەهەموو دەنگ وڕەنگە جیاوازەکانەوە لەنێوخۆو تاراوگە.

وەپێویستە زۆر بەڕاشکاوی بیڵێین کە گەر بەزوویی فریانەکەوین و پلان ونەخشە ڕێگایەکی وردو هاوبەش دانەڕێژین بۆ ڕووبە ڕووبونەوەی پیلانی مەترسیداری وڵاتانی هەرێمی ، ئەوا لەدواڕۆژدا پەشیمانی دادی کەس نادات و زەرەرمەندی یەکەم وکۆتایش تەنها وتەنها خاک وخەڵکی کوردستان و ئەو ئەزمونانەیە کەبنیاد نراون ، لەئایندەشدا مێژوو ڕەحم بەهیچ کەس ولایەنێکیش ناکات ،هەرچەند ئەزمونەکان سەرنج وتێبینی زۆر هەڵدەگرن بەتایبەت ئەزمونی خۆبەڕێوەبەری باشووری کوردستان کەچارەکە سەدەیەکەبەردەوامە .

بۆیە ناکرێت سەرکردایەتی سیاسی کورد هێندە بێ باک وکەمتەرخەم بێت لەبەرامبەر ئەو هەموو پلان وپیلانانەی دژمان دەکرێت ، وەبەهێزترین چەکی دەستمان و باشترین هەل ودەرفەت لەئێستادا بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە کە ئاواتێکی لەمێژینەی کوردانە بەگشتی ، و لەوێوە نەخشەڕێگایەکی هاوبەش وتۆکمە دابڕێژرێت بۆ پوچەڵکردنەوەی هەموو ئەو پیلانە مەترسیدارانەی لەدژمان دەکرێن .

لەکۆتاییدا  هێندە بەسە کەبوترێت سەرەڕای جیاوازی تێڕوانین و بیرو بۆچونەکانمان لەسەر یەکدی و بەڕێوەچونی سیستمی سیاسی ،بەڵام بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان و پاراستنی ئەزمونەکان لەپیلانگێڕان ،ئەوە دەخوازێت کەتەباویەکڕیزو یەکگرتوو بین ،وەرن باپێکەوە ئەم چوارینەی پیرەمێردی شاعیری مەزن کەدەیان ساڵ بەرلەئێستا پێی وتوین و فەرامۆشمانکردوە جێ بەجێیکەین ، چونکە ئاسودەیی ڕۆحی  شەهیدەکان و ساڕێژبونی برینەکانمان تەنها بەوە دێتەدی نەک پەرتەوازەیی ولێکترازان ، هەروەک شاعیر دەڵێ :

یەکگرن تاسەرکەون ، یەکگرتن سەرکەوتنە 
خۆنیفاق ودوو دڵی عەیبە عارە مردنە
پیاوەتی وغیرەت بەڕاستی پشتی یەکتر گرتنە 
یەکێتی سەخت وبەتین هۆی نەمانی دوژمنە .


خوێندراوەتەوە1731
     گشت ووتارەکان