شەماڵ عەبدولوەفا

(مام سام.. کاک ئەمەریکا) وانابێت، گوێمان لێبگرن‌


 بە سوپاسەوە زۆرتان هاوکاری کردین لە زۆر بواردا، دەبوایە پێمان بزانیایەو بەقسەمان بکردنایە لە مەسەلەی ڕیفراندۆم، نامەکەی بەڕێز تیلەرسۆن پشت و پەنایەکی گەورە بو بۆمان، بەڵام جێی خۆی نەگرت… ئێستاش دەتوانن هاوکارمان بن بەڵام چی بکەین ئێمە ئێستا لە (خەیمەی سه‌فوان) ی دوداین.

ئێوەش دەتانەوێت ئەو خەیمەیە بەردەوام بێت‌و بەوەی ئەو دوانەیە (کاک نێچیروان و کاک قوباد) کە بەشێکی گەورەی شکستەکانمان بون، داوامان لێ دەکەن هەمو پشتگیری‌یان بین.

ئەمریکا لە شوێنێکدا پێمان دەڵێت: گەورەترین شوێنی بە قاچاح بردنی نەوت و سپی کردنەوەی پارە ئەم ناوچەیەی ئێمەیە، ئەمە کێ لێی بەرپرسیارە؟.

هەمو بەرپرسیارێتی شکست و ماڵوێرانی و نابوت بونی بازاڕ و خەڵک تەنها کاک مه‌سعود نییە، بەڵکو بەشی هەرە زۆری شکستەکە دەکەوێتە ئەستۆی هەردو حیزبەکە و لەسەری هەڕەمەکەشدا کاک نێچیروان و قوباد تاڵەبانییە.

لە وتارێکمدا پێش ریفراندۆم بە دو مانگ وتم “نا بۆ ریفراندۆم، بەڵێ بۆ روخاندنی حکومەت”… مەبەستم لەو وتارە خراپی زۆری حکومەت بو.

دەبێت ئەمەریکا وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە ئەوسا داوامان لێ بکات پشتگیری ئەم حکومەتە ناشرینە بکەین، کێ هەرێمی بەم دەردە برد؟ بێگومان سیاسەتی نەوتی هەرێم و چاوچنۆکی بەرپرسەکان.

سیاسەتی نەوت و (سەربەخۆیی پارە)!! نەک ئابوری، ئەمەی دروست کردوە… هەڵە دوای هەڵە… شکست دوای شکست تا هیچ نەما، تەنها هانا بۆ ریفراندۆم و شکستی گەورە .

کێ بازاڕی وا نابوت کرد، کاک مسعود یان حکومەت و وەزیری نەوت؟.

کێ خەڵکی بێ موچە کرد؟ ئەم سیاسەتە گێلانەیە! کێ نەیتوانی هیچ چاکسازیەک بکات… ئەم دو پیاوەی کە هەر هی دەوڵەت داری نین!

نەک خەڵک و حیزبەکانی تر، بەڵکو (80٪)ی هەردو حیزبەکەتان قێز لە ئیداره‌دانتان ده‌کاته‌وه‌.

(حکومەتی هەرێم) لە سایەی خەیمەکەی ئێوەدا هیچ نەما مانای خۆی هەبێت .

من دڵنیام ئەمەریکا هەمو ئەمانە دەزانێت بە وردەکاری و ژمارەوە.. ئەوەش دەزانێت ئەم حکومەتە بەم دو پیاوە شکست خواردو و شکاوە هەڵناسێتەوە.. بەڵام بۆ ئەمە دەکات.؟ من گومانێکم لا دروست بوە بەوەی، ئەمەریکا زۆرترین هاوکاری و پشتگیری عیراق دەکات بەرامبەر بە کورد، بۆیە ئەمانە بەم شکاوی و شکستەوە هەر بە بچوکی دەهێڵێتەوەو واش دەکات بەردەوام لە خەیمەی سه‌فوان‌دا بن‌و عیراقیش براوەی گەورە دەبێت، کوردستانیش فیدرالییەتەکەی بکەوێتە مەترسییەوە.

ئەمەریکا دەبێت بە سیاسیەت و هەڵوێستى خۆیدا بچێتەوە بەرامبەر بەم دو پیاوە چونکە بۆ خۆشی جوان نی‌یە پشتگیری حکومەتێکی گەندەڵ و بێ مروەت و شکاو و شکست خواردو بکات و چەندەها جاریش ئەمەریکا لە چەند وێستگەیەکدا کەوتۆتە هەڵەوە .

هەردو ئەو بەڕێزەش جوانتر وایە خۆیان وەکو کاک مسعود بکەن، ویژدانیان بکەنە دادگا و دادگایی خۆیان بکەن، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئیفلاسی ویژدان تا سەر ئێسک رۆچوە.

خوێندراوەتەوە1037