مەریوان وریا قانع

شتێک دەربارەی ئومێد لە سەردەمی نائومێدیدا‌

ھیچ کۆمەڵگایەک بوونی نییە بەبێ کۆمەڵێک خەون و ھیوا و چاوەڕوانیی پۆزەتیڤ، بە زۆر ماناش مێژووی مرۆڤ و مێژووی کۆمەڵگاکان مێژووی خەون و ئومێد و چاوەڕوانییە جیاوازەکانیانە. خەونبینین بە ژیانێکی باشترەوە لەوەی ھەیە و دروستکراوە، ئومێد بە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تر کە بەشێکی زۆر نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆکەی تێدانەبێت، بەشێکە لە مێژووی ھەموو کۆمەڵگاکانی دونیا. لەڕاستیشدا زەحمەتە کولتور و فەرھەنگێک بدۆزینەوە رەگەز و شێوازە جیاوازەکانی ئەم جۆرە خەونانەی تێدانەبێت. فەرھەنگی بێخەون و بێئومێد و بێچاوەڕوانیی بوونی نییە، مادام مرۆڤ ھەیە فەرھەنگ ھەیە و مادام فەرھەنگیش ھەیە ئومێد ھەیە. مرۆڤ دەشێت لە ساتێکدا تێکبشکێت، دەشێت فەرھەنگێک لە ساتێکدا پڕببێت لە نائومێدیی، بەڵام ھەم مرۆڤ و ھەم فەرھەنگ توانای ئەوەیان ھەیە لە زۆر ساتی تردا سەرلەنوێ خۆیان دروستبکەنەوە و ببن بە شتێکی تەواو جیاواز. کۆمەڵگاکانیش لەم توانا تایبەتەی خۆدروستکردنەوە بێبەری نین.
فەیلەسوفی ئەڵمانیی، ئێرنست بلۆخ، پێیوایە خەون و ئومێد و چاوەڕوانی پۆزەتیڤ شتگەلێکن لە ناو زۆر چالاکی ئینسانیدا ھەن، بۆ نموونە لەناو ھونەر و ئەدەبیات و مۆسیقادا، لەناو ئەفسانە و حیکایەت و چیرۆکی منداڵاندا، لەناو دین و فۆلکلۆر و ژیانی کۆچبەر و پاڵەوانەکاندا، لەناو خەونی سادەی مرۆڤەکاندا، بە کورتیی لەناو دەرکەوتە زۆر و ھەمجۆرەکانی فەرھەنگی مرۆڤدا. ھەموو ئەمانە دەکرێت لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی ئێمەدا بە بە ئاسانی بدۆزرێنەوە. ئەدەبیاتی ئێمە پڕیەتی لەخەونی گەورەی پێشکەوتن و گەشەکردن و تازەبوونەوە، لە خەونی ”بردنی ھێڵی شەمەندەفەر“ەوە بۆ شاخی ھەورامان لای ئەحمەد موختار جاف بۆ خەونی ”بەرقەرارکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی“ لای قانع، بە تێپەڕین بەناو خەونی ”بە ئیستاتیکیکردنی پەیوەندیی مرۆڤ بە خۆی و بە کۆمەڵگا و بە سروشت و بە مرۆڤەکانی ترەوە“ لای گۆران. ھەریەکێک لەم خەونانە وزەیەکی گەورەی بۆ ئومێد تێدایە. 
لەمانەش بترازێت لە دونیای ئێمەدا کردەی سیاسیی خۆشی کردەیەکی پڕ ئومێد بووە. بەدرێژایی سەدەی بیستەم سیاسەت لە کوردستاندا چالاکیی دەستبردنبووە بۆ پرۆژەیەکی قورسیی پڕ ریسک و مەترسیی گەورە. میلەتێکی بچووک و لاوازی ناوچەکە داوای مافە سیاسیی و کولتوریی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی کردوە، لە کۆمەڵێک دوژمن و نەیاریش کە گەورەتر و بەھێزتر و بەتوانتر بوون. ھەموو دروشمە سیاسییەکانی ناو دونیای ئێمە، ئیتر لە دروشمی ئۆتۆنۆمییەوە بیگرە بۆ دروشمی فیدرالیەت و کۆنفیدرالیەت، تا بە خواستی دروستکردنی دەوڵەت دەگات، شتێکی گەورە لە ئومێد لە پشتیانەوە بووە. ئومێد بە دەسکاریکردنی ئەو دونیایەی لەئارادایە. لێرەدا قسەم لە نیازی ناپاک و تەماحی ستمەگەرانەی ھەنێک لە نوخبە سیاسییە باڵادەستەکانی ناو کوردستان نییە کە ئەم دروشمانەیان بە مەبەستی بازرگانی سیاسیی بەرزکردۆتەوە، بەڵکو مەبەستم لە خودی دروشمەکانە کە بەبێ بوونی ئومێد و چاوەڕوانی پۆزەتیڤ قابیلی بەرزکردنەوە نەبوون. 
بە مانایەکی دیکە ھەم دەرکەوتە کولتورییە جۆربەجۆرەکانی دونیای ئێمە و ھەم لۆژیکی سیاسەتکردن، کە بە پلەی یەکەم لۆژیکی بەرگریکردن و داواکردن بووە، پڕ بووە لە ئومێد و خەونی ئایندەیی. بەشێک لەو ئومێدانە زۆرجار وەک ئومدێکی یۆتۆپیانە دەرکەوتون، بەڵام کام کولتور ھەیە پڕنەبێت لە ڕەگەزی یۆتۆپیی، یۆتۆپیا وەک خەون و وزەیەک بۆ تێپەڕاندن و کۆتاییھێنان بە ئازار و ئەشکەنجە و زەحمەتیی و ناخۆشییەکانی ناو ژیانی کۆمەڵایەتیی، یان لانیکەم کەمکردنەوەیەکی تەواوی بڕی ئازار و پەژارەی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی لە کۆمەڵگادا.
بێگومان ئایندە، ھیچ ئایندەیەک، قابیلی پێشبینکردن نییە، بەڵام زۆر ئایندە قابیلی دروستکردنە. ئایندە پرۆژەیەکی تەئجیلکراو نییە، بەڵام ستراتیژێکی پیادەکراوە لە ئێستادا. شتێک بوونی نییە ناوی ئایندەیەکی پێشوەخت دروستکراوبێت لە پێشمانەوە و ئێمە بتوانین لە ئێستادا پەی پێببەین، یان بە حەتمی بەرەوڕووی بچین، ئەوەی ھەیە کردەی ئینسانیی بەرھەمھێن و عەقڵانییە بۆ دروستکردنی ئایندە، دروستکردنێک بە ھەموو رێگر و جەبر و زەحمەتییەکانیەوە. مادامەکی مرۆڤ ھەیە و ئامادەیە، مادامەکی کاری پێکەوەیی و ململانێ ھەیە، ئیرادە و زمان ھەیە، نەوەی نوێ و جیاواز ھەیە، ژن و پیاوی پڕ خەون و چاوەڕوانیی ھەن، کەواتە سبەینێیەک ھەیە کە نەزانراوە، بەڵێنێک ھەیە لە پێشمانەوە، ئایندەیەک ھەیە دەشێت لە ئێستادا دەست بە دروستکردنی بکەین. وەک وتم ئایندە شتێک نییە پێشبینی بکەین بەڵکو شتێکە لە ئێستاوە دروستیدەکەین. مادام مرۆڤ ھەیە بڕیار ئەدات، ئەم یان ئەو پرۆژە و ستراتیژ ھەڵدەبژێرێت، بۆیە ناکرێت نائومێد و بێخەون بین، چ بەرامبەر بە ئێستا و چ بەرامبەر بە ئایندە، بەرامبەر بەو شتەی کە لەئێستادا دروستیدەکەین، یان دەبێت دروستیبکەین.

خوێندراوەتەوە738
     گشت ووتارەکان