عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

لەپێشانگای بەرهەمەخۆماڵیەکان لەهەولێر ، چی خۆماڵی هەبوو ؟ ‌


دوێنێ  ۱٥ـ٥ـ۲۰۱۷ ، لەشاری هەولێر پێشانگای بەرهەمەناوخۆییەکانی کوردستان وعێراق کرایەوەو بڕیاریشە چوار ڕۆژ بەردەوام بێت ، کەتێیدا چەندین کۆمپانیاو کارگەی جۆراوجۆر بەرهەمەکانی خۆیان تێدا نمایشکردبوو.

من پێم وایە وچەندین جاریش لەبۆنەوبەرنامەی جیاوازدا ئاماژەم بەوەکردوە کەکوردستان هەرێمێکی بەکاربەرە نەک بەرهەم هێن .لەکاتێکدا هەموو ڕەگەزەکانی بون بەبەرهەمهێنمان بەزیادەوە هەیە لەنێو پێشانگاکەدا سەردانی بەرهەمی چەند کارگەیەکی خۆماڵیم کردو چەند پرسیارێکم ئاڕاستەی خاوەن کاروکارگەکان کرد، لەوانە؛

ــ ئاستی بەرهەمهێتانتان چەندەو تاچەند دەتوانن پێداویستی ناوخۆی هەرێم پڕبکەنەوە ؟
ــ پێداویستی کارگەکانتان واتا (کەرەستەخاوەکان)تاچەند خۆماڵین و پێویستان بە هاوردەی وڵاتان نیە ؟
ــ ئایا حکومەت هاوکاریتان دەکات لەزیادبونی بەرهەمەکانتان ؟
ئەوەی گوێ بیستبووم لەو خاوەن کاروکارگانە بەداخەوەنیگەرانتری کردم زیاتر لەوەی لە پێشترهەمبوو .

بەگشتی ئەوانەی لەگەڵیان دوام وگفتوگۆمانکرد سێ خاوەن کاری گەورەبوون ، یەکەمیان وتی ۱۰۰٪ کەرەستەخاوەکانی ئەم کارگەیە لەدەرەوە هاوردە دەکەین ، دوەمیان وتی ۹٥٪ کەرەستەکانی ئێمەش هاوردەی دەرەوەن ، سێهەمیان باشتربوو وتی ۷٥٪ کەرەستەسەرەتاییەکانم لەدەرەوە هاوردە دەکەین .

ئەم قسانە لەکاتێکدایە کەهەموو ئەو کەرەستە خاوانەی کە ئەو شمەک وخواردن وخواردنەوانەی لێدروست دەکرایان بەرهەم دەهێنرێت بەزیادەوە لەهەرێمی کوردستان بەرهەم دێت ودەکرێت ، بەمەرجێک پلانێکی وردو ویستێکی ڕاستەقینە هەبێت وکەمترین کاری بۆبکرێت .

ئەوان واتا خاوەن کارگەکان دەیانوت ئێمە دەتوانین بەشی زۆری پێداویستی ناوخۆ دابین بکەین لەو کاڵاوشمەکانەی بەرهەمی دێنین ،بەڵام هاوردەکردنی هەمان شمەک لەوڵاتانی دەرەوە زۆرترین زیانی پێگەیاندوین و حکومەتیش هیچ جۆرە هاوکارییەکمان ناکات و زۆرجاریش لەدەروازە سنوریەکانەوە توشی گرفتی زۆرمان دەکەن .

ئەمە لەکاتێکدایە لەهەموو وڵاتانی دنیا چەند ڕێگایەک پەیڕەو دەکرێت لەپێناو پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیدا ،لەوێنەی هاوردەکردنی کاڵاو شمەک بەپێی پێداویستی هاوڵاتیان دوای زانینی بەرهەمی خۆماڵی بۆئەو شمەک وکاڵایانە هەروەها دانانی باج لەسەر شمەک وکاڵای هاوردە لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی لەگەڵ هاوکاریکردنی کارگەکان وجوتیارانی بەرهەمهێن.
هێندەی تێڕامام لەخاوەن کارگەکان نیگەرانیم لەنێوچاویاندا بەدیدەکرد بەڵام هێشتا بەتەواوی نائومێد نەببون وتروسکاییەکیان تێدا مابوو، بۆیە ئەرکی لەپێشینەی حکومەت ولایەنی پەیوەندیدارە کە ئومێدو هیوا بگەڕێننەوە بۆ خاوەن کارگەکان و جوتیارانی کوردستان .

وە ئەرکی سەرشانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنە کە ڕۆڵیان هەبێت لەناساندن وشیرینکردنی بەرهەم وبەروبومی خۆماڵی ،چونکە ئەمڕۆ لەخاوەن کارگەکانەوە گوێ بیستبوم کە لەگەڵ ئەوەی کاڵاو شمەکی خۆماڵی لەڕووی کوالێتیەوە زۆر باشترو بەبەهاترە لە شمەک وکاڵا هاوردەکراوەکان ، بەڵام لەبەر ئەوەی کاڵاو شمەکی دەرەکی وهاوردە هێندە ڕیکلامی بۆکراوە هاوڵاتیان هێشتا ئەوانیان بەلاوە پەسەندترە هەرچەند لەڕووی نرخیشەوە گرانترن لەبەرهەمی ناوخۆ .

ماوەتەوە بڵێم جێی نەنگیە لەهەرێمێکدا کەسەر زەوی وژێر زەوییەکەی سامانی سروشتی وکانزایی بێت و خاوەنی ئاووهەوای لەبارو زەوی زۆرو زەوەند و دەستی کاری دڵسۆزوخەمخۆر بێت بەڵام دانیشوانەکەی بۆ هەموو پێداویستیە ڕۆژانەییەکانی ژیانی چاوی لەکاڵاو شمەکی دەرەوە بێت وخۆی خاوەنی هیچ نەبێت .

باشترین نمونەش بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەی کە دەڵێین کوردستان هەرێمێکی بەکاربەرە نەک بەرهەم هێن ئەوەیە کەتەنها لەساڵی ۲۰۱٦ دا بە بەهای (٥)ترلێۆن و ( ۱٥۱)ملیارد دینار کاڵاو شمەک لەوڵاتانی دەرەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە کەدەکاتە زیاترلە  (۷٥٪)هەموو ئەو موچانەی حکومەت کە لەو ساڵەدا بەفەرمانبەران وموچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیداوە ، ئەمە جگە لەداخستنی  (٦٥٪ )کارگەکانی هەرێم بەهۆی بێ باکی وبێ پلانی حکومەت ولایەنی پەیوەندیدار ، بۆیە دەبوایە ئەم قەیران وتەنگەژانەی کەبەرۆکی خەڵکی گرتوەو حکومەت لەئاستیدا دۆشداماوە  ببوایەتە ڕاچەنینێکی گەورەو ،حکومەت ئاوڕی جدی بدایەتەوە لەسێکتەرەکانی کشتوکاڵ وبازرگانی و پیشەسازی وگەشتیاری ، نەک هەموو هێلکەکانی بخستایەتە سەبەتەی نەوت و ئەوەش حاڵی نەوت وسوتەمەنیە کەلای هەموان ڕوون و ئاشکرایە.

ـــ عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا
ئەندامی لیژنەکانی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو+ بازڕگانی ومافی بەکاربەری پەرلەمانی کوردستان.

خوێندراوەتەوە487
     گشت ووتارەکان