تاڤگە سابیر
د. ئیسماعیل نامیق
دانا عهبدولكهریم
ئارام جەمال
ئاههنگی پشتیوانی گۆڕانخوازان بۆ لیستی 142ی گۆڕان و 183ی نیشتمان
سلێمانی.. بازاڕی گژوگیا بەهارییەكان
ئەندازیارێكی ئوستڕاڵی بە ئامێرێكی ناوازەی مۆسیقیەوە بە وڵاتاندا دەگەڕێت
وان: پێشبڕكێی ههڵبژاردنی جوانترین پشیله
دهۆک: تیمێکی ئەڵمانیی چەند شوێنەوارێکی دێرین دەدۆزێتەوە
ئەو دەنــگانەی هەرگیز هــاک ناکرێ
(وەرە هەڵمچنە، بەگیانی تۆ، وێرانم. مەولانا) یەكێك لەكێشە گەورەكانی دونیای كۆمەڵگەی ئێمە ئەوەیە، هەمیشە چاوەروانی (ئەویتر)ی دەرەوەیە دانیپێدا بنێت. ئەم گرێی خۆ بەكەم زانینە، ئەشێت زۆری لەسەر نووسرابێت و، زۆریش هەوڵدرابێت بۆئەوەی ئەم گرێیە بكرێتەوە و جۆرێكی دیكە لە تێگەیشتن بۆ (خود) و (ئەویتر) بێتە ئاراوە. بەڵام هیچ كام لەو نووسین و هەوڵانە نەیانتوانیوە ئەم تێگەیشتنە بگۆڕن. ئەشێت هۆكەی ئەوەبێت رەگوریشەی ئەم گرێیە مێژوویەكی قوڵی لەناو كلتوور و پەروەردەی ئێمەدا هەبێت. لێرەدا نە لەسەر هونەر، نە رۆشنبیری، نانووسم ، كە هەردوو رووبەرەكە بێبەش نین لەم گرێیەو بەردەوام بۆ ئەوەی تاكێك ببێتە جێگای سەرنجی ناوەوە، دەبێت لەدەرەوە دانیپێدابنرێت. ئیشی ئەم وتارە تەنها لەسەر دیوە سیاسییەكەیە، كە لەهەموو دیوەكانی دیكە لەم گرێیەدا چەقییوە و هەمیشە بۆ مانادان بەخۆی پێویستی بەباوكێكی دەرەكییە قبوڵی بكات، تا بەناوەوە بڵێت: ئەوەنییە هەم! مێژووی سیاسیی و حیزبی ئێمە لەم سەدساڵەی رابردوودا، مێژووێكە دیوە تاریكەكانی زیاترن لە دیوە روناكەكانی. یەكێك لە تاریكترین دیوی ئەم مێژووە بەردەوام بۆ واتادان بەخۆی، پشتی بەدەرەوە بەستووە. لەهەرشوێنێك ویستبێتی خۆی ببینێت، نەهاتووە سەیری ئاوێنەكەی ناوەوە بكات، لەبری ئەوە سەیری ئاوێنەكەی دەرەوەی كردوە. ئەو ئاوێنەیەی دەرەوە كە دەمێك ئاوێنەی فارسی، دەمێك ئاوێنەی توركی، دەمێك ئاوێنەی عەرەبی، دەمێك ئاوێنەی رۆژئاوایی بووە. كۆی ئاوێنەكانیش بۆئەوە نەبووە ئەم خۆی تێدا ببینێت، بۆئەوەبووە بە ناوەوە بڵێت: ئاوێنەگەورەكانی دەرەوە من پیشاندەدەن، كە ئەوان منیان پیشاندا كەوایە ئاوێنەكەی ناوەوەش پێویستە پیشانم بدات. گرێی خۆ بەكەم زانین، لەبەردەم (ئەویتر)ی دەرەوە، گرێكە لەرووی سیاسییەوە لەیەكەم چركەساتی دروستبوونی حیزبی كوردییەوە ئەو گرێیەش دروست دەبێت. گەرچی ئەم گرێیە پێش دروستبوونی حیزبە و لەناو كلتووردا رەگەكانی دیارن، لێ حیزب كە هات لەبری ئەوەی ئەم گرێیە هەڵوەشێنێتەوە، كەچی لەبری هەڵوەشاندنەوەی بەرگێكی ئایدۆلۆژی پێبەخشی. بارگاویكردنی گرێكە بە ئایدۆلۆژیای حیزبی، واتا راستەقینەكەی گرێكە ناشارێتەوە، تەنها دەتوانێت روكەشێكی بداتێ لەچاوی ئایدۆلۆژییەوە ئەو روكەشە ببینرێت. بەڵام لە هەرجوڵەیەكیدا ئەو روكەشە كاڵدەبێتەوە و بەتەواوەتی گرێكە دەردەكەوێتەوە. ئەم ئێستایەی تێدادەنووسم ئێستایەكە حیزب و سەركردەی حیزبی بەخۆی و دەزگامیدیاییەكانییەوە سەرقاڵی برەودانە بەو گرێیە. ئەوكارەكتەرەی لەناوەوە لەناو وێرانەدا دەژیت، ئەو كارەكتەرەی خەریكی وێرانكردنی ناوەوە و شكانی ئاوێنەكەی ناوەوەیە كە خۆی تێدا نابینێت، بۆ شاردنەوەی ئاوێنەكەی ناوەوە، هەمیشە لەرێگەی میدیای ئاراستەكراوی ئایدۆلۆژییەوە دەیەوێت بە ئاوێنەكانی دەرەوە مانا بەخۆی بدات. هەموو ئەو ئاوێنانەی دەرەوە كە ئاوێنەنین بۆ ناوەوە، هەموو ئەو باوكانەی دەرەوە كە باوك نین بۆ ناوەوە، ببنە دانپیانەرێكی گەورە بۆ كارەكتەرێكی حیزبی ناتوانن وابكەن ناوەوە قبوڵی بكات.چونكە (ئەویتر)ی دەرەوە ناتوانن ئەو مانایەی بدەنێ كەئاوێنەكەی ناوەوە دەیداتێ. ئالێرەدا تەفسیری شیعرەكەی (مەولانا) بەدیوێكی جیاوازدا دەلاقەكەمان زیاتر بۆ روندەكاتەوە. لەم دێرەدا كە دەڵێت: "وەرە هەڵمچنە، بەگیانی تۆ، وێرانم." پەنا بۆ باوكێكی ئەزەلی، باڵا دەست دەبات كە خودایە. نووسەر وێرانبوونەكەی خۆی دەبینێت و دەستیشی دەخاتە سەرو باسی دەكات، نایەوێت ئەو ئاوێنەیەی لەناوەوەیە بشاردێتەوە، بەڵكو زۆر راشكاوانە بروای بەئاوێنەكەی ناوە نییە و پەنا بۆ باوكە ئەزەلییەكە دەبات تابێت وێرانییەكەی هەڵچنێت. جیاوازی ئەم دێرە و ئەو گرێ سیاسییەی لەناو حیزبی كوردیدا هەیە ئەوەیە، ئەمان باس لە وێرانەكەی ناوەوە، باس لە پیشاننەدانی خۆیان لەبەردەم ئاوێنەكەی ناوەوە ناكەن، بەڵكو بەپێچەوانەوە دەیانەوێت مانا لەدەرەوە وەربگرن بۆ ناوەوە، لەكاتێكدا ئەوەی مانا بەوان دەدات هەرگیز دەرەوە نییە، ناوەوەیە. (ئەویتر)ی دەرەوە، ئیدی رۆژئاوایی یان فارسی، یان توركی بێت، بۆیە دەهێڵێت لەبەردەم ئاوێنەكەیدا بوەستیت و خۆت ببینیت، تا لەرێگەی تۆوە ئەو وێنانەش ببینێت خۆی مەبەستییەتی. خۆ ئەوان لەوە تێدەگەن ئاوێنەكەی ئەوان ئاوێنەیەكی سەنتراڵ نییە بتوانێت ئاراستەی كۆی وێنەكان بكات. ئەما كێشەكە ئەوەیە حیزب و كارەكتەرەكانی ئێرە بەجۆرێك ئایدۆلۆژیا گۆشیكردوون ئەم دیوە نابینن و تێگەیشتنیشان نییە بۆی. رێك وەك شیعرەكە بەڵام بەبێ دانپیانان، وێرانن لەناوەوە و بەنیازن بانگێهیشتی باوكێكی سەرمایەداری دەرەوە بكەن بێت هەڵیانچنێت، ئەویش نایەت هەڵیانچنێت چونكە وێرانییەكە لەناوەوەیە و بەدەرەوە هەڵناچنرێت، لەبری هەڵچنینیان بۆ چەندساتێكی روكەش لەبەردەم ئاوێنەكەی خۆی پیشانیاندەدات. ئەكرا لەم دۆخەدا پێچەوانەبێت و بەتەواوەتی ئەو گرێی خۆ بەكەم زانینە كاڵبكرایەتەوە، لێ حیزب و سەركردەی حیزبی بەهۆی قبوڵنەكردنی ناوەوە، یان بەهۆی ترسان لەناوەوە، بەشێوەیەكی فراوان كار بۆئەوەدەكەن گرێكە گەورەبكەن و بیخەنە ئاستێكەوە بەبروای خۆیان: لەهەر ئاوێنەیەكی دەرەوە پیشاندران، قەبارەی گەورەیەكەی لەبەرچاوی ناوەوە دەچێتە ئاستێكی دیكە! یاخود هەرباوكێكی دەرەكی ددانی پێدانان ئیدی ئەم لەناوەوە دەبێتە كورێكی دڵسۆز. لەكاتێكدا رێك پێچەوانەكەی دروستە و بۆئەوەی قەبارەی گەورەیەكەی خۆی بزانێت، پێویستی بە ئاوێنە ناوەوە هەیە و بۆئەوەی ببێتە كورێكی باش ئەبێت باوكەكەی ناوەوە قبوڵی بكات. بەڵام لەبەر بروانەبوون بەخۆی، فەزایەكی شەری دروستكراوی سەرمایەداری دەكاتە بیانووێك بۆ دووبارە گەشەدان بە گرێی خۆ بەكەم زانینەكەی و خۆخستە بەردەم ئاوێنەكەی ئەویتری دەرەوە. ئەگەرچی هەرگیز دانپێدانان و قبوڵكردنی ئەویتری دەرەوە، نە وێنە بچوكەكە گەورەدەكات، نە كوڕە رەزا تاڵەكەی ناوە دەكاتە كورێكی دڵسۆز و، نە ئەو ئاوێنانەی دەرەوەش كاریگەری هەیە بۆ گۆرینی ئاوێنەكەی ناوەوە، ئەو جوڵە روكەشانە هیچ نیین جگە لە درێژكردنەوەی مێژووی گرێی خۆ بەكەم زانینی تاكی كورد و حیزبی كوردیی لەبەردەم دەرەوە.