د. سه‌ردار عه‌زیز

بودجەی عێراق‌


تێپەڕاندنی بودجە، نیشانەی کۆمەڵێک هەنگاوی گەورەیە، وەک بونی پلان بۆ ساڵی داهاتو، دیاریکردنی بڕی داهات و بڕی خەرجی، لە سەروی هەمویەوە گفتوگۆ و دانوستان و دەنگدان لە سەری. لە هەرێم ئۆپۆزسیون بودجەی داهێنا، بەڵام وا ئێستا بەبیانوی قەیران و شەڕەوە، ئەوەش نەما. چونکە جۆری سیستەمی سیاسی هەرێم بۆ ئەوە نەکراوە کە بودجەی تیادابێت.

لە ڕاستیدا هۆکاری نەمانی بودجە قەیران نیە، چونکە هیچ کاتێک هێندە کاتی قەیران بودجە گرنگ نیە، بەڵکو هۆکاری ترن، کە خۆی لە شاراوەیی داهات، نەبونی شەفافیەت، رێگەنەدان بە خەڵک بۆ زانینی بڕی داهات و چۆنێتی خەرجکردنیاندا دەبینێتەوە.

تێپەڕاندنی بودجە هەروەها نیشانەی زیندویی پەرلەمانە. دیارە بێگومان شتی زۆر هەیە لە سەر عێراق و پەرلەمانی بەغدا بیڵێیت، بەڵام ئەوەی ئێستا خەریکە دەچەسپێت لە ناوەندە دیپلۆماتی و نێودەوڵەتیەکاندا، زیندوبونی پەرلەمان و حکومەتی بەغدایە و مردویەتی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمە. جاران هەرێم هەوڵی دەدا کە سەربوردە، نەرەتیڤی، عێراقێکی تری هەبێت، عێراقێکی تر بە مانای ئەوەی کە گوایە کوردستان جیاوازە لەو عێراقەی کە هەیە. وەک ئەو عێراقە وێرانە نیە. ئێستا نەرەتیڤەکە پێچەوانە بوەتەوە.

ئەمڕۆ ناسنامەی حکومەتی هەرێم لە ژێر پرسیاردایە، ئایا ئەو لایەنانەی کە حکومەتی هەرێم پێکدەهێنن، دژی بڕیاری پەرلەمانی بەغدان، وەک بەیاننامەکانی بە ناوی حکومەتی هەرێمەوە، ئاماژەی پێدەدا، کەواتە ئەم هێزانە، بان و دو هەوان. ئەگەر لە بەغدا هەوڵی بۆ ئەدەن و لە هەرێم دژین ئەوا سوکایەتی بە گەلەکەیان دەکەن. بۆیە دەبێت هەر زو هاوهەڵوێستی خۆیان ڕابگەیەنن.

پرۆسەی نەوت بەرامبەر بژێوی، باشترین هاوکێشەیە. فرۆشتنی نەوتی کوردستان لە لایەن تورکیاوە، بە نرخی کەمترە، ئەم نرخ کەمیە لە پێنج دۆلارەوە دەست پێدەکات هەتا دە دۆلار، کە ساڵێک دەکاتە ملیارێک دۆلار. ئەمەش تەنها لە بەر کێشەی یاسایی.

فرۆشتنی نەوت لە لایەن تورکیاوە مسۆگەر (سکیور) نیە، وەک بینیمان مانگی شوباتی ڕابوردو بۆ ماوەی ٢٢ ڕۆژ ڕاگیر بەبێ هیچ بیانویەک.
بە بەهێزبونی زیاتر حکومەتی عێراق ئەوا کێشەی یاسایی بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم زیاتر دەبێت.

حکومەتی هەرێم بە ڕازیبونی بە پێدانی نەوت بە بەغدا بۆ ماوەی ساڵێک و رزگارکردنی خەڵکی کوردستان لە برسێتی و ئیهانکردن، خزمەت بە کورد و کوردستان دەکات نەک بە پێچەوانەوە. رێگری لەمە بەبێ بونی هیچ بەدیلێکی تر جگە لە بێ حکومەتی و برسێتی و بێ پەرلەمانی و بێ شەرعیەت، هیچی تر بەرهەم ناهێنێت.

ئەم رێککەوتنە لە ئێستادا بۆ پێشمەرگەش باشترین جۆری رێککەوتنە. بەڵام ئەوەی زۆر مەترسیدارە کە بێیت پێشمەرگە دژ بە خەڵک بەکاربهێنێت. هیچ پێشمەرگەیەک پێی خۆش نیە خەڵك برسی بێت، لە رێگای بەکارهێنانی ناو و خەباتی ئەوەوە.

چاوەڕان ناکرێت کە پارتی هەرگیز ڕازی بێت، چونکە لە بەغدا دەسەڵاتی نیە، پرۆژەی ئەو نیە، هەروەها نایەوێت کۆنترۆڵی تاک لایەنانەی بە سەر قوتی خەڵک لە دەست بدات.

بۆیە لە سەر لایەنەکانی تر کەوتەوە کە کاری بۆ بکەن و لۆببی بۆ بکەن. کاتی یەکریزیە لە پێناو کەرامەت و بژێوی، نەک بۆ برسێتی و ئیهانە.

خوێندراوەتەوە1353
     گشت ووتارەکان