عه‌دنان عوسمان

ئەو لوغمانە چین مەسعود بارزانی باسیان ئەکات؟‌


بەرپرسانی پارتی بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێداگری مەسعود بارزانی لەسەر مانەوەی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم تەنها بۆ شەڕی داعشە. بۆیە کاتێک بارزانی ئیعلانی ئەوەی کرد کە کوردستان تەواو رزگارکراوەو سنورەکان پارێزراون، دەبوایە لەگەڵ خۆی و میللەتدا راستگۆ بوایەوە، هەر لەوێ ئەوەی رابگەیاندایە کە ئەو چیتر نایەوێت کورسی سەرۆکایەتی بۆ خۆی داگیر بکات، لە رێگەی فراکسیۆنەکەیەوە داوای لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بکردایە کە رێوشوێنی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ئامادە بکەن بە گوێرەی یاسای ژمارە یەکی ٢٠٠٥ وەیا لە پەرلەمان یاسایەکی تر پەسەند بکرێت.

کاک مەسعود باس لە بونی کۆمەڵێک لوغمی سیاسی دەکات کە ئەو، بە پشتیوانی هێزە حزبیەکەی، دەتوانێت هەڵیگرێتەوە لەسەر رێگای خۆی. رێگای خۆیشی مەعلومە چیە: مانەوەی خۆی بە سەرۆک بۆ خولێک تر و ئامادەسازی بۆ جێگرتنەوەی کوڕە گەورەکەی لە جێگەی خۆی.

ئێمە، کۆمەڵێک لە کادرانی گۆڕان، ماوەیەکی زۆرە هوشداری نیازە خراپەکانی سەرانی پارتی بە گوێی بەرپرسانی گۆڕان و یەکێتیدا دەدەین و لە چەند بۆنەیەکدا ئاماژەمان بەوە کردووە کە پارتی بە نیازە بەهەر شێوازێک بۆی بلوێت، ئاسایشی ئەم دەڤەرە تێکبدات بۆ ئەوەی بیانوی دەستێوەردانی چەکداری هەبێت و هێز رەوانەی ئەم ناوچەیە بکات. ئێستاش لە دوای شەڕی داعش و ئەو جبەخانە زۆرەی دەستی کەوتوەو، جیگیرکردنی کوڕ و برازاو خێزانەکەی بەسەر سەرجەم فەرماندەیی و لیواکانی هێزە چەکدارەکەیدا، کە نیشانەیەکە بۆ بێمتمانەیی تەنانەت لە فەرماندە حزبیەکانی دەرەوەی خێزانەکەی، ئیتر غروری ئەو سەرۆکە لە ئاستێکدایە کە پێ دەچێت لە ئایندەیەکی نزیکدا سەریان بخوات.

لە راستیدا مەسعود بارزانی،بە هاوکاری و پشتیوانی لایەنێک و، بێدەنگی و لاوازی لایەنەکانی تر، تا ئێستا توانیویەتی سێ لوغم لەسەر رێگای پرۆسەی تەوریسەکەی وەلا نێت:

یەکەم: لوغمی سەرۆکایەتی هەرێمە، کە تەنانەت ئەمجار پێویستی بە یاسای ساختەو شکڵیاتیش نەکرد و هەروا بە کەڵەگایی لەسەر کورسیەکە دانیشتەوە.

دووەم: پەرلەمانە، کە لە کودەتایەکی سەربازیدا توانی پەکی بخات.

سێیەم: پرۆسەی چاکسازی حکومەتە بە تایبەتیش لە بوارەکانی پێشمەرگەو داراییدا کە هەر لە سەرەتاوە ئامادەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی نەبوو.

ئێستا، لەم سەردەمی متبون و بێجوڵەییەی حزبەکانی دەرەوەی پارتیدا، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بین بارزانی چ لوغمێکی تر پوچەڵ ئەکاتەوە، وەیا بە نیازە چ لوغمێک لەبەردەم پرۆسەی سیاسیدا بچێنێت؟

خوێندراوەتەوە2972