عه‌دنان عوسمان

دواین نەبەردی نەوشیروان مستەفا‌


 ئایەتوڵا خومەینی" سەرباری تێڕوانینمان بۆ کەسایەتی و کارنامەی" یەكێک بوو لەو کەسایەتیە مەزهەبیە کەمانەی، سیاسەت و پایەی ئاینی تێکەڵ کرد و زیرەکانە کاری لەسەر کرد. ئەو بە بڕواو متمانەیەکی تەواوەوە هەر لە ١٩٦٣ کە بە هۆی رەفتارە شۆڕشگێڕیەکانی لە ئێران دەرکرا، تا ١٩٧٩ کە سەرکەوتوانە وەک رابەری تەنهای شۆڕش گەڕایەوە تاران و رژێمی شاهەنشاهی تەفروتوناکرد، بە سەبر و هیواو پلانێکی تۆکمەوە کاری ئەکرد و لە دەرفەتێک ئەگەڕا بۆ دژایەتی کردنی شا. ئەو کاتەی خومەینی بە ئاواتی خۆی گەیشت نزیک بەهەمان تەمەنی ئێستای نەوشیروان مستەفا بوو.

لینین زۆرینەی تەمەنی سیاسی لە چاوەڕێکردن و ئامادەکردن و هەوڵی پێگەیاندنی ژینگەی شۆڕشگێڕانەدا بوو. لەو پێناوەدا زۆرینەی تەمەنی لە چاوەڕوانی و تاراوگەو مەنفا بردەسەر. ساڵی ١٩١٧ کاتێک هەستی کرد زەمینەی گۆڕانکاری رادیکاڵانە پێگەشتوەو، ئەم دەرفەتەی ئێستا لەوانەیە دەیان ساڵی تر دوبارە نەبێتەوە، بێ ئەوەی دەرفەت بە دەسەڵاتدارانی نوێ بدات جێپێی خۆیان قایم بکەن، بڕیاری بەرپاکردنی شۆڕش و گرتنە دەستی دەسەڵاتی دا. ئەو کاتەی لینین ئەو بڕیارەیدا و سەرقاڵی ئامادەسازی بوو بۆی، زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکەی دژی وەستانەوەو بە کارێکی سەرەڕۆیانەو موغامەرەیان دەزانی. لینین گوێی بە سەرکردایەتی حزب نەدا و ئازایانە بڕیارە شێلگیرانەکەی بردە سەر و گەورەترین شۆڕشی لە سەدەی بیستەمدا بەرپا کرد.

نەوشیروان مستەفا هەر لە دوای راپەرینی ١٩٩١ و پێکهێنانی دامودەزگاکانی هەرێم و کۆنگرەی یەکەمی یەکێتیەوە لە ١٩٩٢، خاوەنی دیدگایەکی رەخنەگرانەی مۆدێرنانەی جیاواز بوە لە زۆرینەی هاوڕێکانی لە سەرکردایەتی یەکێتی و بە تایبەت تریش لە هاوڕیی تەمەنی، جەلال تاڵەبانی و، زۆرینەی سەرکردە کوردیەکانی ئەو سەردەمە. ئەو، جیاواز لە ئەوان، خۆی لە موحاسەسە و وسوڵییەت و کۆکردنەوەی دەستەو ناوەندی بەرژەوەندیخواز بە دور گرت. دەیویست کۆمەڵگایەکی مۆدێرن لە روی کارنامەی سیاسی و کارگێڕیەوە دروست بکات. هەمیشەش روبەروی باندە بەهێزەکانی گەندەڵی و بەرژەوەندیخوازی دەبوەوەو،  خۆی گوتەنی بۆ ئەوەی ناوچەکە و حزبەکەی توشی شەڕ و دوبەرەکی نەکات وڵاتی بەجێ ئەهێشت. ئەو وڵاتجێهێڵانە جۆرێکی ترە لە مەنفای ئیختیاری ناچارکراو!.

پاش شکستهێنانی دوا هەوڵەکانی بۆ چاکسازی لە یەکیتی، سەرقاڵی پێکهێنانی دەزگایەکی میدیایی بەهێز بوو، هاوکات بەشێک لە کەسایەتیە فکری و رۆشنبیری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی لەدەوری خۆی کۆکردەوەو لە یەکەمین بەشداری کردنی سەربەخۆیدا لە هەڵبژاردنەکاندا لە ساڵی ٢٠٠٩ و بە ئیمکانیاتێکی کەم و بێ ئەوەی رێکخستن و بارەگاو عەسکەرو سوپای بێت، توانی نزیک بە ٢٥% دەنگی خەڵکی کوردستان بۆ لای خۆی رابکێشێت و فراکسیۆنێکی ئۆپۆزسیۆن پێک بهێنێت. لەو کاتەوە نەوشیروان مستەفا کارەکتەری سەرەکی و بەهێزی سەر گۆڕەپانەکەیە.  ئەو کاتانەی نەیارەکانی پێیان وایە ئیتر ژیانی سیاسی کۆتایی هاتووە، ئەو بە ورەو پلان و هێزێکی گەورەوە ئەگەڕێتەوە. نەوشیروان، گەر نایاسایانەو و نائسوڵیانەش لە پەنجەرەوە دەر کرابێت، ئەو هەمیشە لە دەرگاوە، بە رونی و بێ پێچ و پەنا، هاتۆتە ژورەوە.

نەوشیروان مستەفا دەرفەتێکی زۆری بە حزبەکەی ئەوکاتی، واتە یەکێتی و بە سەرکردەکانی دا، ساڵانێک بە هیوای چاکسازی و گۆڕانکاری بوو لە یەکێتیدا، بە پشودرێژیەوە لەهەوڵدا بوو. ئاکام دەرکەوت ئەو هەنگاوانە ئەنجامێکی زۆری لێ چاوەڕێ ناکرێت. ماوەیەکی زۆریشە چەندین دەرفەتی بە لایەنە سیاسی و حکومەتی هەرێم داوە. راستگۆیانە و لە پێناو چەند ساڵێک ئارامیدا، کە بتوانین پایەکانی وڵاتێکی سەربەخۆ و رێزگر لە هاوڵاتیانی بنیات بنرێت، هەوڵ و بەڵێنی دا، ئامادەی قبوڵکردنی هەموو جۆرە رەخنەو لۆمەیەکی لایەنگرانی بوو لەو پێناوەدا. هەرچی تانەو تەشەر هەیە ئاڕاستەی ئەو کرا، بەڵام ئەو بە دڵسۆزیەوە بۆ ئەو مەبەستە چ لەگەڵ پارتی و چ لەگەڵ یەکێتی کاری کرد. کە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ سەرکەوتنی بەدەست هێنا، پێش هەموو لایەک داوای لە یەکێتی کرد بۆ هاوپەیمانی و کاری هاوبەش، پاشان روی لە پارتی کرد و پرۆسەی کابینەی بنکە فراوانی دەست پێکرد، کە دەکرا ببێتە سەرەتایەکی باشی بنیاتنانی نیشتمان و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی.

کە هەموو ئەم هەنگاوانە شکستیان هێنا و گەورەترین کرداری نا قانونی و زەبروزەنگ دژ بە خۆی و پەرلەمانتار و وەزیرەکانی دەستی پێکرد، ئەو، کاردانەوەیەکی دژوارو توندڕەوانەی نیشان نەداو بە سەبرەوە لەسەر هەوڵەکانی بەردەوام بوو. کە گەڕایەوە کوردستان، دوا شانسی بە رابەرایەتی ئێستای یەکێتیدا کە بێنە ژێر باری داواکاری جەماوەر و ئەندامانی خۆیان لە پێناو چاکسازی و گۆڕانکاری و بنیات نانی دامودەزگاکاندا. لەو پێناوەدا و بە کەوتنە ژێر باری لێزمەی رەخنەی هەوادارانی، رێکەوتننامەیەکی مێژویی لەگەڵ ئیمزاکردن.

ئێستا ئەبینین رێکەوتنەکە سارد و سڕانە خەریکە لە لایەن هەندێک له‌ سەرکردەکانی  یەکێتیەوە بە خاک ئەسپێرێت، پارتی لەسەر ملهوڕی و لاموبالاتی خۆی بەردەوامە، ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر لە پەرەسەندن و تەقینەوەدایە. ئێستا ئیتر خەڵکی دروشمی نان و موچەی نیە، بەڵکو ریشەکێشکردنی گەندەڵکاران و موفسیدان وتاڵانچیەکانە. ئیتر ئەو ساتە پێگەیشتوە کە کاری جدی و راستەقینە بکرێت. کاتی دوا هەنگاو و دوا پەیامە. قەدەری پیاوە گەورەکان هەنگاوی گەورەیە بێ ئەوەی گەرەنتی سەرکەوتنیان وەرگرتبێت. بەڵکو بە پیچەوانەوە ئەوان نوێنەرایەتی ویژدانی گەلەکەیان ئەکەن و دوا تەقەلای خۆیان ئەدەن. پیاوە گەورەکانی مێژوو هەمیشە کەسانی دەرفەتزانین و مامەڵەکردن بونە لەگەڵ دەرفەتە مێژویەکاندا.

ئەو، کە تەنها سەرکردەی کوردە سیاسەتی بە ئەکادیمی خوێندبێ و بەعەمەلی پراکتیزەی کردبێ و تا ئێستاش لە هیچ یەکێک لە پرۆژە سیاسیەکانیدا توشی نوشستی نەبوبێت، هێشتا زوە بزانرێت چی لە هەگبەکەیدا ماوەتەوە.

لە ئێستاوە ئیتر دەکرێت بڵێین سەردەمی نەوشیروان مستەفا دەست پێ ئەکات. ئەو دوای خوێندنەوەی واقعەکەو زانینی ئامادەیی هێزەکانی وڵات، دەتوانێت دوابڕیاری خۆی بدات.

خوێندراوەتەوە2506