عه‌دنان عوسمان

حەوت هەڵەی بەیاننامەکەی بارزانی و سەرنجێک ‌


هەڵەی یەکەم: وەک دەزانین بەشێکی گرنگی هێزە سیاسیەکانی کوردستان مەسعود بارزانی بە سەرۆکی هەرێم نازانن، بۆیە هەڵەیەکی سیاسی و یاسایی گەورەیە تا ئەو مەسەلەیە یەکلا نەبێتەوە، کاک مەسعود بە ناوی سەرۆکی هەرێمەوە موخاتەبەی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات، کەبەشی زۆریان لایەنگری ئەو هێزانەن کە ڕازی نین بە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی. بەڕێزیان دەبوایە وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە هێزێکی گرنگ و کاریگەرە ئەو بەیاننامەیەی بڵاوبکردایەتەوە.

هەڵەی دووەم: هەڵەیەکی یاسایی تری ئەو بەیاننامەیە ئەوەیە کە ئەگەر کاک مەسعود خۆی بەسەرۆکی شەرعی هەرێم دەزانێت، ئەوا دەبوایە ئەو داوایەی روی لە پەرلەمان بوایە نەک تەنها لایەنە سیاسیەکان. کەسێک کە خۆی بە سەرۆکی دامەزراوەیەکی دەوڵەتی بزانێت دەبێت لەهەمان کاتدا رێز لە دامەزراوەیەکی تری گرنگ بگرێت کە پەرلەمانی کوردستانە و نوێنەری سەرجەم خەڵکی کوردستانە. واتە بەرپرسێکی دەوڵەتی دەبێت سەرەتا ئاراستەی قسەی لە دامەزراوەی تەشریعی بێت نەک سازدانی دیوەخانی حزبەکان. فەرامۆشکردنی پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی بڕیاردەر و بناغەیی لەم پرسەدا نیشانەی حسابنەکردنە بۆ دەنگی خەڵک و دامەزراوەکان و یاسا بەرکارەکانی هەرێم.

هەڵەی سێیەم: ئەو پرسەی کە سەرۆکی پارتی باسی ئەکات، واتە ریفراندۆم و سەربەخۆیی، لەبازنەی پرسە چارەنوسسازەکانی گەلەکەماندایە، کە ئەوەش کرۆکی ئیشی پەرلەمانە نەک سەرۆکی هەرێم یا سەرۆکی حزب و لایەنە سیاسیەکان. بە گوێرەی بڕیاری ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی پەرلەمان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ ماددەی ٥٦ بڕگە ٢کە دەڵێت: بڕیاردان لەسەر رێکەوتنەکان و یەکلاکردنەوەی کێشە چارەنوسسازەکانی گەلی کوردستان/عێراق، و دیاریکردن پەیوەندی یاسایی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی، یەکێکە لە ئەرکەکانی پەرلەمان، بۆیە دەبوایە بارزانی لە رێگەی فراکسیۆنی حزبەکەیەوە ئەو داوایەی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکردایە، نەک ئاوا بەم شێوەیە ئینفیراد بەم پرسە بکات کە بە گوێرەی یاسا خراوەتە ژێر سایەی پەرلەمانەوە.

هەڵەی چوارەم: کاتێک کە بارزانی دەڵێت لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێک لە سەربەخۆیی بەرز و پیرۆزتر نییە، مانای ئەوە ئەگەیەنێت کە ئەم ئامانجە لە خودی کورسی سەرۆکایەتی هەرێمیش پیرۆزترە کە هۆکاری سەرەکی و بگرە تەنها هۆکاری تێکچونی نێو ماڵی کوردە. بۆیە دەبوایە بارزانی وەک رێگەخۆشکەر بۆ بەدیهاتنی ئەو ئامانجە هەرە بەرز و هەرە پیرۆزە، دەستپێشخەریەکی ئیجابی بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە بخستایەتەڕوو نەک تەنها ئەو قسە سۆزداری و ئینشایانە ریز بکات. مرۆڤ کە بەشی یەکەمی پەیامەکەی کاک مەسعود دەخوێنێتەوە چاوەڕێی ئەوەدەکات  لە بەشی دووەمدا باس لە میکانیزمەکانی رێکخستنەوەی نێو ماڵی کوردی بکردایە بۆ تێپەڕاندنی سەربەرزانەی ئەم قۆناغە هەستیار و چارەنوسسازە بۆ گەلەکەمان.

هەڵەی پێنجەم:کاک مەسعود پێی وایە وەک هەنگاوی یەکەم دەبێت روو لە بەغدا بکەین. هەرچەندە بە رای من تا پرسە گرنگەکانی هەرێم چارەسەر نەکرێت مەحاڵە بتوانین ئەو هەنگاوە بنێین، بەڵام هێشتا ئەمە هەڵەیەو نیشانەی نەشارەزاییە لە دیوە قانونیەکانی  پرسی سەربەخۆیی. لە راستیدا سەربەخۆیی کوردستان چەندە روی لە بەغدا بێت بەهەمان شێوەو بگرە زیاتریش دەبێت روی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتوەکان بێت. گرنگە بۆ ئێمە بە هێمنی و ئاشتیانە ئەم پرسە لەگەڵ بەغدا یەکلا بکەینەوە، بەڵام گرنگتر بۆ ئێمە ئەوەیە جۆرێک لە رەزامەندی نێونەتەوەیی و وەیا چاودێری نێونەتەوەیی بۆ ریفراندۆم و هەنگاوەکانی سەربەخۆیی بەدەست بهێنین. ریفراندۆم بۆ ناوخۆ نییە، خەڵکی کوردستان پێویستیان بە ریفراندۆم نیە بۆ ئەوەی بڕیار بدەن ئازادانە و وەک میللەتانی تر بژین، بەڵکو ریفراندۆم بۆ شەرعییەتدانە بەو خواستە، واتە دەرخستنی ئیرادەی میللەتە کە مەفروز وایە هەم لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتی بێت و هەمیش جێگای رێز و قبوڵکردنیان بێت.

هەڵەی شەشەم: کەسێک دەتوانێت بە متمانە بە خۆ بونەوە پەیام بۆ لایەنەکان بنێرێت کە توانیبێتی لانی کەمی کۆدەنگی نیشتمانی و سەقامگیری دامەزراوەیی فەراهەم کردبێت. لە سایەی پرسی کورسی بەرێز بارزانیەوە لە کۆی سێ دامەزراوە سەرەکیەکەی هەرێم دوو و نیوی پەکی کەوتووە (من دەسەڵاتی دادوەریش بە بەشێک لە دەسەڵاتی جێبەجێکار دەزانم لەم ساتانەدا). ئەوەتا سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و بەشێک لە ئەنجومەنی وەزیران ئیفلیج بون و پەکیان کەوتوە. هەرێمێک ئەوە حاڵی بێت بە چ مەنتق و روداریەکەوە دەتوانێت بڕوات موخاتەبەی بەغداو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکات؟

هەڵەی حەوتەم: لە پرسێکی ئاوا گرنگ وهەستیاردا، دەبێت حیکمەتی ئەوە چیبێت سەرۆکی پارتی بە ناوی سەرۆکایەتی هەرێمەوەو ئاراستە بە هەموو لایەنە سیاسیەکان،  رۆژی ٢٣ حوزەیران هەڵبژێرێت بۆ بڵاوکردنەوەی بەیانەکەی؟؟ ئایا ئەمە هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی لە ئاست کۆدەنگی نیشتمانیدا؟ رێزگرتنە لە ئیرادەی لایەنە سیاسیەکانی تر کە لە کۆی پێنجیان چواریان لە ٢٣ حوزەیرانی ٢٠١٥ دا بڕیاری یەکلاکەرەوەیان دابوو لەسەر پرسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم؟ ئەگەر ئەمە هەنگاوێکی تری لاموبالاتی وچاوقایمی و گوێنەدانی پارتی نەبێت بە ئیرادەی لایەنەکانی تر، کە نوێنەرایەتی بەشی زۆرینەی خەڵکی کوردستان ئەکەن دەبێ چی تر بێت؟؟ ئەبێ ئەو عەقڵییەتەی تەنها ئەم رۆژەی بە گونجاو زانیبێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم پەیامە چ تێگەیشتنێکی بۆ تەبایی و پێکەوە ژیان هەبێت؟ ئایا هەر ئەو عەقڵیەتە نییە کە لە لایەکەوە کار بۆ دەستگیرکردنی رابەری حزبێک و قەدەغەکردنی چالاکی هێزێکی گرنگ و کاریگەر دەکات و، لەلایەکیشەوە فرمێسک بۆ یەکریزی و تەبایی دەرێژێت؟

تەنها سەرنجەکەشم ئەوەیە: ئایا روکردنە بەغدا بۆ گفتوگۆی برایانە لەسەر ئەم پرسە، هاوکات نییە لەگەڵ بابەتی بەهەرێمکردنی کەرکوک؟ وەک دەزانین حکومەتەکانی عێراق بە رژێمی بەعسیشەوە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ حوکمی زاتی، فیدرالی، سەربەخۆیی ئەم سێ پارێزگایەی هەرێمدا نەبووەو نییە، کێشەی ئەوان بوون و نەبوونی کەرکوک بوە لە نێو سنوری هەرێمدا. بۆیە ئایا دەرپەڕاندنی کەرکوک لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی بۆ نێو هەرێم بەشێک نییە لە تولە رێگاکانی ئەم سیناریۆیە؟؟ هیوادارم وانەبێت و تەنها رێککەوت بێت.

خوێندراوەتەوە2656