مەریوان وریا قانع

حوکمی قەرەقۆش‌


تۆمەتبارکردنی مورسی، سەرۆکێکی ھەڵبژێردراو و خاوەن شەرعیەت، بە سیخوڕیکردن بۆ قەتەر و سەپاندنی سزای زیندانی ھەتاھەتایی بەسەریدا، ئەو گەمە ناشیرینەیە کە سەرجەمی دیکتاتۆر و ستەمگەرانی ناوچەکە لەگەڵ نەیارەکانیاندا ئەنجامیئەدەن. یاریکردنە بە سیستمی داوەریی و بە یاسا بەپێی ویست و حەز و خواستی ستەمگەران.

تا ئەم ساتەش شەرعیەتی یاسایی مورسی لە شەرعیەتی یاسایی سیسیی گەورەتر ڕەواتر و ئەخلاقیترە. میسری سەردەمی مورسی لە میسری ئەمڕۆکەی سیسی کراوەتر و پلورالتر و یاساییتربوو، سەرەڕای ھەموو ھەڵە و خراپەکاریی و لەخۆبایبوونی ئیخوانەکان لە میسردا و سەرەڕای مەیل و ئارەزووی کۆکردنەوەی ھەموو دەسەڵاتەکان لەدەستی خۆیاندا.

ئەگەر مورسی سیخوڕیی بۆ قەتەر کردبێت، ئەوا سیسی نەک تەنھا جاسوسی، بەڵکو ھەموو شتێک بۆ سعودیە دەکات. ئەگەر مورسی و ئیخوانەکان تەماح و مەیلی کۆکردنەوەی ھەموو دەسەڵاتەکانیان لەدەستی خۆیاندا ھەبووبێت، ئەمڕۆ ئەو مەسەلانە لای سیسی لە مەیل و تەماحدا نەماوەوە و وڵاتەکە بە کردەوە لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرێکی سەربازییدایە.


له‌ په‌یجی تایبه‌تی نوسه‌ر له‌ فه‌یسبوك وه‌رگیراوه‌

خوێندراوەتەوە2583
     گشت ووتارەکان