كه‌مال ره‌ئوف

پارتی هێزی یەكەم و دۆراوی یەكەم..!‌


هیوادارم ئەم سەرنجانە وەك تێروانینی نەیارێكی پارتی لێكدانەوەی بۆ نەكرێت، چونكە سروشتی پارەتەكانی باشور بۆ رەخنە ئەوەیە كە لەچاوتروكانێكدا بەبەهانەی نەیاربوونی نووسەر، هەموو رەخنەكان یەكسانی هیچ دەكرێت.

پارتی دیموكرات لەدوای پێكهێنانی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، زیاتر لەهەموو هێزەكانی تر شانسی گەمە و جوڵەی سیاسی هەبوو، لەدوای شەری ناوخۆش بەشێكی گرنگ و ستراتیژی هەرێمی كوردستان كەوتە بن دەستی، لەهەمانكاتدا لە هێزەكانی تر كەمتر كێشەی نێوماڵی هەبووە و توشی لێكدابران نەبوو، بەڵام سەرباری ئەوەش گەر ژمارەی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەكان بكرێتە پێوەر، ئەوە بەئاشكرا دەبینرێت پارتی لە ناوجەماوەردا توشی چ پاشەكشەیەك بووە.

 پارتی لەرابردوودا لای وابوو، بە كرین و بەخشینەوەی پارە، یان بەگوشار و بەكارهێنانی هێز، ئەتوانێت كۆنترۆڵی هەموو شتێك بكات، میدیا و دەنگی ئازاد، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، تەنانەت ئەم سیاسەتەی لەبەرامبەر پارتەكانیشدا بەكارهێنا، ئەوكات پارتی وایدەزانی تارادەیەك دەتوانێ‌ گەمە بەهەموو جوڵەیەك بكات بە جۆڵە سیاسی و حیزبییەكانیشەوە. ئێستا پارتی هەرچەندە وەك بریاربەدەست و هێزی یەكەم حساب دەكرێت و زۆربەی جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بەڵام هیچ كات ئەم هێزە ئەوەندە لەژێر گوشاردا نەبووەو لەهەر شوێنێكەوە سەیری دەكەیت، هەست بەتەنگەنەفەسیەكەی دەكەیت، بۆیە لەهەموو جوڵەیەكی سیاسی دەرەوەی خۆی بەگومانەو بەچاوی پیلانەوە لەدژی خۆی تەماشایی دەكات.
دەركەوت پارتی وەك هێزیكی مۆدێرن بەلۆژیك و بیری كۆن سیاسەت دەكات، هەموو ئەوانەش وایكردوە پارتی لەحزبێكی بنكەفراوانی جەماوەرییەوە ببێتە پارتێكی بێ‌ باك و بێ‌ دەربەست بەرامبەر بەخەڵك، ئێستا لە زهنێتی بەشێكی زۆری خەڵك هەروەك چۆن لە لای رۆمانییە كۆنەكان (زیوس) بەخوای ئاسمان و هەورەتریشقە دەناسرایەوە، لای ئەوانیش ئاوا پارتی ببوەتە خوای ناشەفافیەت و یاساشكێنی و بێ‌ باكی. ئەم هێزە سەباری هەموو ئەزمونەكانی رابردووی نەیتوانی خۆێندنەوەیەكی دروست بكات بۆ قۆناغەكان، نەیتوانی جیاوازی بكات لەقۆناغی شەری ناوخۆ و قۆناغی دوای كەوتن و روخاندنی بەعس، بۆیە وەك هێزێكی لوتبەرزی غەرق بووی بیری پاوانخوازی دەسەڵات، كارتە سیاسییەكانی خۆی گرێدا بە قۆرغكاری ئابوری و بەپشت بەستن بە سیاسەت و هێزی دەرەوە, ئەمە لەكاتێكدا مێژوو شاهیدە ئەم دوو رەهەندە هیچكات نەیانتوانیوە هێزێكی لۆكاڵی لەبەردەم تورەیی خەڵكدا بپارێزن و بیكەنە هێزێكی سەركەوتویی جەماوەری.

 دەبوو سەركردایەتی پارتی دوای شكستی شەنگال گەر بۆ ساتێكیش بووە بەحساباتی خۆیاندا بچونایەتەوە، دەبوو پێشتریش بەرپرسانی پارتی ئەو پرسیارەیان بەرەو رووی خۆیان بكردایەتەوە، كە بۆ هەر هێزێك لەوان نزیك بێتەوە پێگەی جەماوەریان دادەرمێت؟. جاران پارتی ئەیتوانی گەمە بەكارتگەلێكی زۆرەوە بكات و خەیاراتی زۆری لەبەردەمدا بوو، ئێستا رۆژبەرۆژ كارتەكانی دەستی دادەكەون و بواری گەمەی سیاسیشی لەخۆی بەرتەس كردۆتەوە، بۆیە پارتی لەسەر ئاستی ئەقلیمی  تەنها پەیوەندی لەگەڵ توركیا باشەو لە توركیاش پەیوەندی لەگەڵ ئاك-پارتی باشەو لە ئاك- پارتیش تەنها پەیوەندی لەگەڵ ئەردۆگان و بنەماڵەكەی باشە. لەناوخۆی هەرێمیش جگە لەو هێزە كارتۆنیانەی  دروستكراوی خۆیەتی، پەیوەندی لەگەڵ هیچ هێزێك نۆرماڵ نییە و دەرگای قسە بەروو هەر هێزێكدا دەكەیتەوە پارتی بەبەرپرسیاری سەرەكی ئەم دۆغە نەخوازراوە دەزانێت. لەسەر ئاستی هێزە كوردییەكانیش، جگەلە خراپی پەیوەندی لەگەڵ پەكەكەو پەیەدەو یەپەگە، واتە هێزە كاریگەرییەكانی باكورو رۆژئاوا، پەیوەندییەكی ساردو سریشی لەگەڵ هێزە رەسەنەكانی رۆژهەڵات هەیە.

پارتی لەقۆناغی باڵادەستی خۆی بەهەڵەلێكدانەوەی بۆ زۆر پرس كرد، هەر بەهەڵەش كۆمەلێك سیناریۆی دارشتو سەركەوتوو نەبوو تیایاندا،( رۆژنامەنووسێكی نزیك لەپارتی دەڵێت: لەسەر تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان گومانم هەبوو لەهەموو ئەو تۆمەتانەی كە دەدرایە پاڵ پارتی، بەڵام كاتێك سیناریۆكەم بیست گومانم نەما). (لەسەر جوڵاندنی داواكاری گشتی لە دژی نەوشیروان مستەفا پارتی ئەوەندەی دەرگای پرسیاری بەرووی خۆی و سیستەمی دادوەری كردەوە، هێندە نەیتوانی راست و دروستی تۆمەتەكانی خۆی بسەلمێنێت)،  لەوانە، پارتی لێكدانەوەی لەسەر یەكێتی و یەكگرتوو راست دەرنەچوو، هەرلەسەرەتاوە تا ئێستا، بەهەڵە مامەڵەی لەگەڵ گۆران و هێزەكانی تردا كرد، هەروەها حساباتی لەسەر پەیوەندی توركیا و سوننە و دژایەتی پەكەكەو هێزەكانی تری عێراق رۆڵی قیادی پارتی لە سەر پرسی نەتەوایەتی خستە ژێرپرسیارەوە.

  بەكورتی، پارتی لەقۆناغێكدا وایدەزانی گەمە بەهەموو هێزەكانی باشور و باكور و رۆژئاوا دەكات، بەڵام لە ئاكامدا دەركەوت، ئەم بۆچوونەی پارتی دەقیق نییە، بەتایبەتی لەباشور هەموو هێزەكان گەمەیان بەپارتی كرد، چونكە بەكردەوە هەموویان بەشێوەیەك لەشێوەكان هاوبەش و شەریكی دەسەڵات بوون، بەڵام لەچاوی خەڵكدا هیچ لایەنێكیشیان نەبوونە شەریك وبەرپرسیاری ئەو رەوشەخراپە كە ئێستا هەیە.

شارپرێس

خوێندراوەتەوە2791
     گشت ووتارەکان