عه‌دنان عوسمان

لیجنەکانی بارزانی لەسەر کێیە‌


" بارزانی بەم پلانەی، ئەو نەختە داهات و موڵکەی دەوڵەتیش کە ماوە، دەخاتە سەر خەزینەی حزب"

زۆر ئاساییە بەرپرسێک، دوای چەند مانگێک یا ساڵێک و دوو ساڵ لە کارکردنی، لیجنە پێکبهێنێت بۆ هەندێ پرسی گرنگ. بۆ ئەوەی بزانێت بۆچی بەرنامەو هەنگاوەکانی ناچنە پێشەوە، خەلەل و کێشەکان چین. لیجنە بۆ دەرخستنی راستی و دانانی پلانە بۆ وەلانانی رێگریەکان.

بەڵام بۆ کەسانێک کە زیاد لە ٢٥ ساڵە بە چاوی خۆیان ئەو ژیانە پر لە شاهانەیەی دەوروبەریان ببینن و، بە دەستی خۆی لەمسی بکات، بە پێی خۆی رۆژانە بە لای کۆشکە شاهانەکانیاندا تێپەرێت، بە گوێی خۆی هەزاران چیرۆک لە رۆژنامەو گۆڤار و تەلەفزیۆن و سایتەکاندا بخوێنێتەوە، لەسەر ناعەدالەتی و گەندەڵی و بێپلانی و بەهەدەردان و فەرهودکردنی سامانی گشتی، بەرپرسێکی ئاوا کە هەموو ئەمانە ببینێت و ببیستێت و هیچ هەنگاوێک بۆ رێگری لێکردنیان نەنێت و بگرە رێخۆشکەر و کارئاسانکەر بێت، ئەوا دەبێت لیجنە لەسەر خۆیان پێکبهێنرێت.

 تەنها کەیسێک لە ئێستای کوردستاندا دەبێت لێکۆڵینەوەی لێوە بکرێت، سەرکردەو بەرپرسە باڵاکانی حزبەکانە، سەرجەمیان.

تازە سەرکردەو بەرپرسەکان لیجنە دادیان نادات، کاتی ئەوە گوزەشت.

 تەنها لیجنەیەک کە رەوایەتی دەبێت لیجنەی میللەتە لەسەر سەرجەم ئەو بەرپرسانەی دەیان ساڵە موقەدەرات و قوت و ژیانی ئەم خەڵکەیان بەدەستەوە بوەو بەم دەردەیان گەیاندووە.

ئەو دامەزراوەیەی کە لە هەموی پتەو تر و بە قودرەت تر و،هۆکاری سەرەکی مەینەتیەکانی میللەتە، دامەزراوەی حزبییە. دەبێت هەمو ئاراستەکان بۆ تێکشکاندن و نابوتکردن و هەلاهەلا کردنی ئەو دامەزراوەیە بێت.

 سیستەمی حزبی لە کوردستاندا تەنها سیستەمی باڵا دەستی موتڵەقە، ئەوانی تر: حکومەت، پەرلەمان لاوەکی و قەزەمن، بۆیە دەبێت ئەم سیستەمە بهاڕدرێت.

هەنگاوی سەرەتای میللەت لێپیچینەوەیە لە حزبەکان، لە بەرپرسە باڵاکانیان. لیجنە تەنها دەبێت بۆ ئەوە دروست بکرێت.

لیجنە دەبێت لێیان بپرسێت بۆ وڵاتتان وا وێران کرد؟
 ئێوە کردتتان؟ کەواتە تاوانبارن،
 بێئاگا بوون؟ کەواتە تاوانبارترن.

خوێندراوەتەوە1747
     گشت ووتارەکان