دانا عه‌بدولكه‌ریم

پارتی پێویستە چی بکات؟‌


لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکدا باشوری کوردستان پێی نایە قۆناغێکی نوێ وە پاش ئەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی رژێمی سەدامیان روخاند، دەرگای تێکەڵاوبونی بۆ کورد کردوە لەگەڵ وڵاتانی دنیا و بەتایبەتیش لەگەڵ وڵاتانی بڕیاربەدەستی جیهان، لە دوای روخانی ڕژێمی سەدام کورد بە پێگەیەکی بە‌هێزەوە بەشداریکردوە لە دروست کردنی عێراقی نوێ، هۆکاری ئەوەش کورد لە چاو پێکهاتەکانی تری عێراقدا کەمیک رێکخراوتر بو چونکە شەڕی ناوخۆ پێنج ساڵ بو لەدوای ڕێکەوتنی واشنتۆن کۆتای هاتبو هەروەها بەهۆی بەرنامەی (نەوت بەرامبەری خۆراک) ی نەتەوەیەکگرتوەکان بارودۆخی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کەمێک گەشەی بە خۆوە بینی بو هەروەها بونی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم قورسایەکی زیاتری دابو بەم پێگەیە، بەڵام بارودۆخی پێکهاتەی سونەی عێراق لەوپەڕی خراپی پەرتەوازەییدا بو چونکە بەشێکی زۆریان ئەفسەر و کاربەدەستی ڕژێمەکەی سەدام بون و لەگەڵ روخانی ڕژێمەکە پێگەی بەهێزی خۆیان لەدەستدا ئەو بەشەشیان کە لەگەڵ سەدام نەبون پەرتەوازە بون، شیعەکانیش لەسەرەتادا بون هێشتا بەباشی خۆیان ڕێک نەخستبو، کورد یان وردتر بڵێم پارتی و یەکیتی چەندین جومگەی گرنگی دەسەڵاتەکانی جێ بە جێ کردن و یاسادانانیان لە عێراق دەسکەوت هەر لە سەرۆکی کۆماری عێراق و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سوپا سالاری عێراق و چەندین وەزارەتی گرنگ و دەستەو جومگەی تری دەسەلات لە عێراق، پێویست بو ئەو پۆست و پلانە بەکار بهێبنرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد لەعێراقی نوێ، بەڵام بەداخەوە سەرجەم ئەو پلەو پۆستانە خرانە خزمەتی بەرژەوەندی کەسی و حیزبی ئەمەش وایکرد ساڵ لە دوای ساڵ پێگەی کورد بەرەو لاوازی بروات تا کار گەیشتە ئەوەی لە دروستکردنی دواین کابینەی حکومەتی عێراق چاوەرێی وەڵامی لایەنی کوردی نەکرا بۆ بەشدار بون لە حکومەتەکەدا بە شێوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستکرا بە دەنگدان بە کابینەکە پێش ئەوەی کورد وەڵام و نوێنەری خۆی دیاریکردبێت لە کابینەکەدا.

لە بەرامبەر لاوازبونی پێگەی کورد لە عێراق پێویست بو لانیکەم پێگەی حکومەتی هەریم بەهێز بکرێت ئەویش بە دامەزراوەیی کردنی سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێم، بەڵام ئەوەی ئێستا سەیری بارودۆخی سیاسی و ئابوری و دامەزراوەیی هەرێم بکات زۆر بە ئاسانی درک بەوە دەکات کە هەرێم لە لاوازترین پێگەدایە، دیارە هۆکاری سەرەکی ئەم بارودۆخەش ئەگەرێتەوە بۆ خراپ بەرێوەبردنی هەرێم.

ئەرکی سەرەکی ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لە گەیاندنی دۆخی هەرێم بەم رۆژە بریتیە لە دان پێدانان بە هەڵەکانی رابردو بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەی چارەسەر دابڕێژێت لەسەر بنەمایەکی ڕاست ، دیارە بەرپرسیاری یەکەمیش لەم دۆخە پارتی دیموکراتی کوردستانە کە لە لایەن ماڵباتی بارزانی بەرێوە دەبرێت ، بەم پێیە ناچارن کە هەنگاو بەرەو چارەسەری قەیران بنێن ئەگەر مەبەستیان بێت بەردەوام بن لەبەشداربون لە بەرێوەبردنی هەرێمدا، لەم چوارچێوەیەشدا لە دو رێگە زیاتر لە بەردەم پارتیدا نیە :

رێگەی یەکەم :
بەردەوامیدان بە شێوازی بەڕێوەبردنی ئێستایان کە ئەمەش ناچاریان ئەکات دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان بن و پەنا بەرن بۆ سەرکوتکردنی نارەزایەتیەکان، دیارە ئەم شێوازەش لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کاتی درێژە بە حکومرانیان بدات بەڵام سەرئەنجام کۆتاییەکی نەخوازراو کۆتایی بە حکومرانیان دەهێنیت، ئەوەی کە هاندەری پارتی یە بەردەوام بیت لەسەر ئەم رێگایە پشت بەستنیانە بە ئەردۆگان و حکومەتی تورکیا بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم پشتگیریە تا سەر بەردەوام نابێت هەروەکو چۆن لە رابردودا رژێمی شاهەنشایی ئێران پشتگیری کاتی لە خوالێخۆشبو بەرزانی باوک کرد بەلام دواجار ناچاری کرد  کۆتایی بە شۆرشی ئەیلول بهێنێت بەهەمان شێوە ئەم پشتگیریە کاتیەی ئێستەی تورکیا تەنها ئەوەی لێ چاوەڕوان ئەکرێت کە ئەردۆگانیش هاوشێوەی شای ئێران بارزانی کوڕ ناچار بەهەمان چارەنوسی باوکی بکات.

رێگەی دوەم :
گرتنەبەری شێواز و بنەماکانی دیموکراسی بۆ بەردەوامیدان بە هێزی سیاسی خۆیان لە بەشداری کردن لە حوکمڕانی، گرتنە بەری ئەم ڕێگایەش هەر وا ئاسان نیە بۆ پارتی، بەڵام داهاتویان وەک هێزێکی سیاسی کە پشت بە بنەما دیموکراسیەکان ببەستێت بۆ حوکمرانی گەرەنتی ئەوەیان پێ ئەدا کە چارەنوسی سیاسیان پارێزراو بێت هەتا ئەگەر لەهەڵبژاردنەکانیشدا براوەی یەکەم نەبن و نەتوانن حکومەت پێکبهێنن ئەوا ترسیان لەوە نابێت کە وەک هێزێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەماندا کاری سیاسی خۆیان بکەن، بۆ ئەمەش ئەتوانن چاو لە بنەماڵەی بوش بکەن لەئەمەریکا، بنەماڵەی بۆش بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند و خاوەن پێگەیەکی بەهێزن لە ئەمریکا بۆ نمونە بوشی باوک لە ساڵی ١٩٨٩ تا ساڵی ١٩٩٣ سەرۆکی ئەمریکا بوە ولە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٢ نەیتوانی ببێتەوە بە سەرۆک، بەڵام لەو کاتانەدا جۆرج بوشی کوڕ حاکمی ولایەتی تەکساس بوە و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٠ توانی سەربکەوێت و ببێت بەسەرۆکی ئەمریکا بۆ ماوەی دو خول لە سەرەتای ساڵێ ٢٠٠١ تا سەرەتای ساڵی ٢٠٠٩، ئێستاش جێب بوشی کوڕ لە کێبڕکێدایە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی پارتی کۆماری ئەمەریکا بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی پارتەکە بکات بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە لەکۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام ئەدرێت، واتە بنەماڵەی بارزانی ئەتوانن سود لە دەوڵەمەندی و پێگەی خۆیان وەربگرن بۆ ئەوەی بە شێوازی دیموکراسی درێژە بە کاری سیاسی خۆیان بدەن، بەڵام هەروەکو پێشتریش ئاماژەم پێدا هەڵبژاردنی ئەم رێگەیە بۆ ماڵی بارزانی هەر وا ئاسان نیە و پێویستە سەرلەبەری بیرکردنەوە و شێوازی کارکردنیان بگۆڕن.

رێگەی دوەم راستە رێگەیەکی قورسە بۆ پارتی، بەڵام تێپەڕبونی کات لە بەرژەوەندیان نیە بۆیە پێویستە بە زوترین کات بڕیاری خۆیان بدەن، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پارتی ئەم هەنگاوانە بنێت :
هەنگاوی یەکەم: دەستبەردار بون لە بیرۆکەی تاکڕەوی لە حکومڕانیدا.
هەنگاوی دوەم: رازیبون بە پێشنیارەکانی گۆڕان بۆ ئاسایکردنەوەی بارودۆخی ئابوری و سیاسی هەرێمی کوردستان.
هەنگاوی سێیەم: دەستبەرداربون لە سەرجەم ئەو رێکەوتنە دوقۆڵیانەی بێ رەزامەندی پەرلەمانی کوردستان کە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا کراوە.
هەنگاوی چوارەم:  پشتگیری کردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەموارکردنەوەی سەرجەم ئەو یاسایانەی پەیوەندیان بە دامەزراوەیی کردنی هەرێمی کورستانەوە هەیە.
هەنگاوی پێنجەم: پشتگیری کردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئامادەکردنی دەستورێکی نوێی هاوچەرخ کە سیسیتەمی پەرلەمانی بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات. 

خوێندراوەتەوە932